ناڕەزایەتییەکانی موعەلیمان و پەرستاران لە مانگەکانی ڕابردوودا، جارێکی دیکە ئەوەی نیشان داوە کە پرسی داواکارییە پیشەییەکان لە ئێران تەنیا لە بواری بژێوی و مافەکانی کاردا کورت نابێتەوە، بەڵکوو گرێدراوە بە شێوازی ڕووبەڕووبوونەوەی دەسەڵات لەگەڵ ڕێکخراوبوونی سەربەخۆ، مافی ناڕەزایەتیی ئاشتییانە و ڕۆڵی کۆمەڵگەی مەدەنی لە دیارکردنی سیاسەتی گشتیدا. بڵاوبوونەوەی بەیاننامەی ئەم دواییانەی کانونی پیشەییی موعەلیمانی ئێران و ڕاپۆرتەکانی پەیوەندیدار بە کۆبوونەوەی پەرستارانی نەخۆشخانەکانی تاران، دوو نموونەی بەرچاوی ئەم دۆخە دەخەنە بەر چاو، دۆخێکی کە تێیدا، داواکارییە پیشەییەکان نەک هەر بێ وەڵام ماونەتەوە، بەڵکوو بەردەوام لەگەڵ هەڵسوکەوتی ئەمنییەتی، دادوەری و کارگێڕیشدا بەرەوڕوو بوونەتەوە.
کانونی پیشەیی موعەلیمانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا کە ۲۳ی گەلاوێژ بڵاوی کردەوە، ئاماژەی بە پەرەسەندنی گوشارەکان بۆ سەر چالاکوانانی پیشەیی لە ڕەشەمەی ١٤۰۴ەوە تا ئێستای کردووە. بەپێی داتاکانی ئەم ڕێکخراوەیە، زیاتر لە ۶۰ موعەلیم و چالاکوانی پیشەیی لەم ماوەیەدا لەگەڵ بانگهێشتکردن، دەستبەسەرکردن، دەرکردنی سزای دادوەری، هەڵسوکەوتی کارگێڕی، دوورخستنەوە، دەرکردن و بێبەشکردن لە کار ڕووبەڕوو بوونەتەوە. ئەم ئامارە تەنیا ئەو حاڵەتانە دەگرێتەوە کە ڕاگەیەندراون و بە وتەی ئەو کانونە، ئەگەری هەیە ژمارەی ڕاستەقینەی ئەو موعەلیمانەی کە لەژێر گوشاردان لەوە زیاتر بێت، چونکە زۆربەیان بەهۆی ترس لە دەرئەنجامە ئەمنییەکان، ئیمکانی گەیاندنی زانیارییان سەبارەت بە دۆخی خۆیان نییە.
بەیاننامەی کانونی پیشەییی موعەلیمان، ئەم هەڵسوکەوتانە بە ڕووداوێکی تاک و تەرا و بەڕێکەوت نازانێت، بەڵکوو وەک بەشێک لە “سیاسەتێکی بەربڵاو بەمەبەستی کپکردنی دەنگی ڕێکخراوبوون، عەداڵەتخوازی و داواکاریی پیشەیی” وەسفی دەکات. ئەم ڕێکخراوەیە وێڕای ئاماژە بە دەستپێکردنی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، دەنووسێت کە “هاوڕێ لەگەڵ شەڕی دەرەکی، شەڕێکی دیکە لە ناوخۆی وڵات توندتر بۆتەوە کە بریتییە لە: شەڕی دەسەڵات لەگەڵ کۆمەڵگە و هێزە سەربەخۆ مەدەنییەکان“. لە ڕوانگەی ئەم کانونەوە، پەرەسەندنی لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسی، دەرکردنی سزای قورسی دادوەری، زیاترکردنی گوشارە ئەمنییەکان و پەرەپێدانی کەشوهەوای ترس و تۆقاندن، لە زومرەی نیشانەکانی ئەم “شەڕە یەک لایەنەیەن دژ بە کۆمەڵگەی ئێران“، شەڕێکی کە موعەلیمانیش لێی بێبەش نەبوون.
ئەم ڕێکخراوەیە جەخت دەکاتەوە کە “چالاکیی پیشەیی تاوان نییە” و بەرگریکردن لە بژێوی و شکۆی موعەلیمان، ناڕەزایەتی بەرامبەر هەڵاواردن، داواکاریی پەروەردەی خۆڕایی و خاوەن کواڵێتی، بەرگریکردن لە مافی خوێندکاران و هەوڵدان بۆ پاراستنی ڕێکخراوە سەربەخۆکان، مافێکی بنەڕەتی و ڕەوان و نابێت بە زیندان، دەرکردن، دوورخستنەوە یان بێبەشکردنی پیشەیی وەڵام بدرێنەوە.
کانونیپیشەییموعەلیمانلەکۆتاییدا،خوازیاریڕاگرتنیدەستبەجێیئەوهەڵسوکەوتانە،هەڵوەشاندنەوەیسزادادوەریوکارگێڕییەکانەدژبەچالاکوانانیپیشەیی،ئازادکردنیموعەلیمانیزیندانیوبەڕەسمیناسینیمافیڕێکخراوبوونوناڕەزایەتییئاشتییانەبوون.
هاوکات لەگەڵ گوشار بۆ سەر موعەلیمان، پەرستارانیش لە مانگەکانی ڕابردوودا لەگەڵ کۆمەڵێک داواکاریی بێ وەڵام بەرەوڕوو بوونەتەوە. ناڕەزایەتی پەرستارانی نەخۆشخانەکانی تاران، بەتایبەت کۆبوونەوەی ۸ی گەلاوێژ لە نەخۆشخانەی فەییاز، نیشانی دا کە کێشەی ئەوان ئەولاترە لە چەند داواکارییەکی دارایی و پەیوەندی هەیە بە پێکهاتەی گشتیی بەڕێوەبردنی سەرچاوە مرۆیی و مافە پیشەیییەکان لە سیستەمی تەندروستیدا.
زیاتر لە ۱۰ ڕۆژ دوای ئەم کۆبوونەوەیە، ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتی هەواڵی ڕاگرتنی هەڵوەشاندنەوەی گریبەستەکان و گەڕانەوەی هێزە دوورخراوەکانی بۆ سەر کارەکانیان ڕاگەیاند، بەڵام بەشە سەرەکییەکەی ویست و داواکاریی پەرستاران هەروا بێ وەڵام ماوەتەوە. لەوانە:
• ۱۳ مانگ تێچووی هاتوچۆ کە دەبێت بدرێت بەوانەی کە سەرویس بەکارناهێنن و کۆی گشتیی بڕەکەی بۆ هر کەسێک گەیشتووەتە نزیکەی ۱۵ ملیۆن تمەن.
• مافی شەڕی پەیوەندیدار بە سەردەمی شەڕی. ۴۰ ڕۆژە کە بە وتەی پەرستاران، نەڕژاوەتە سەر حیسابەکانیان و بەڕێوەبەرانی نەخۆشخانە ڕایانگەیاندووە کە ئەم بڕە پارەیە تەرخان کراوە بۆ کڕینی گوشت و مریشکی نەخۆشخانە، ڕوونکردنەوەیەکی کە لەگەڵ یاساکانی بودجەی ناوەندە دەرمانییەکاندا ناگونجێت.
• جێبەجێکردنی تەواوی یاسای نرخدارکردنی خزمەتگوزارییەکانی پەرستاران کە ساڵانێکە یەکێکە لە داواکارییە سەرەکییەکانی کۆمەڵگەی پەرستاریی و هێشتا بەتەواوی جێبەجێ نەکراوە.
• کەمیی هێزی مرۆیی، کاری زۆر و دۆخی دژواری بژێوی کە لە ڕاپۆرتەکانی پەرستاراندا چەندین جار دووبارە بووەتەوە.
ئەو پەرستارانەی لەگەڵ ڕاگەیاندنەکاندا قسەیان کردووە، وتوویانە کە کۆبوونەوەکەیان بەبێ دروشم، بێ پلاکارد و بەبێ دروستکردنی ئاستەنگ لە پرۆسەی دەرمانی نەخۆشەکاندا بەڕێوەچووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، بۆ ماوەی هەشت کاتژمێر بەوپەڕی ئەزیەت و ئازار و توندوتیژیی هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا کردوون.
ناڕەزایەتییەکانی موعەلیمان و پەرستاران، ئەگەرچی لە دوو بواری جیاوازدا ڕوویان داوە، بەڵام لە خاڵێکی سەرەکیدا یەکتر دەگرنەوە کە بریتییە لە: مافی ڕێکخراوبوونی سەربەخۆ و بەرگریی بەکۆمەڵ لە مافە پیشەیییەکان. لە هەردوو ئەزموونەکەدا، داواکارییە بژێوی و پیشەییەکان کەوتوونەتە ژێر سێبەری سنووردارکردنە پێکهاتەییەکان سەبارەت بە ڕێکخراوبوون و ناڕەزایەتی. موعەلیمان باس لە هەڵسوکەوتی ئەمنییەتی و دادوەری دەکەن و پەرستاران لە هەڵسوکەوتی فیزیکی و کارگێڕی، بەڵام لە هەردوو حاڵەتەکەدا، کێشە سەرەکییەکە ئەوەیە کە سازوکارە فەرمییەکان بۆ خستنەڕووی ویست و داواکارییەکان، یان زۆر ناکارامەن یاخود لەگەڵ بەربەستی جددی بەرەوڕوون.
بەیاننامەی کانونی پیشەیی موعەلیمانیش جەخت لەسەر هەمان خاڵ دەکاتەوە: بەرگریکردن لە بژێوی و شکۆی موعەلیمان، ناڕەزایەتی بەرامبەر هەڵاواردن، پەروەردەی بێبەرامبەر و خاوەن کواڵێتی، مافی خوێندکاران و پاراستنی ڕێکخراوە سەربەخۆکان، چالاکیی گەلێکی ڕەوان و نابێت بە زیندان، دەرکردن، دوورخستنەوە یان بێبەشکردنی پیشەیی وەڵام بدرێنەوە. ئەم جەختکردنەوەیە، لە ڕاستیدا ڕەنگدانەوەی هەمان ئەو نیگەرانییەیە کە پەرستارانیش لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەدا خستوویانەتە ڕوو: ئەوەی کە ویست و داواکارییە پیشەییەکان دەبێت لە چوارچێوەی دیالۆگ، شەفافییەت و ڕێزگرتن لە مافەکانی هاووڵاتیبووندا وەڵام بدرێنەوە، نەک بە هەڵسوکەوتی ئەمنییەتی یا کارگێڕی.
ناڕەزایەتییەکانی موعەلیمان و پەرستاران لە مانگەکانی ڕابردوودا، وێنەیەکی ڕوون لە دۆخی داواکارییە پیشەییەکان لە ئێران دەخاتەڕوو، دۆخێکی کە تێیدا بابەتە بژێوییەکان، مافە پیشەییەکان، کەمیی سەرچاوەکان، گوشاری کاری و داواکارییە یاساییەکان، لە پاڵ سنووردارکردنی ڕێکخراوبوون و هەڵسوکەوتە ئەمنییەکاندا قەراریان گرتووە. ئەم دوو ئەزموونە نیشان دەدەن کە چارەسەرنەبوونی داواکارییە پیشەییەکان، تەنیا کێشەیەکی ئابووری یا کارگێڕی نییە، بەڵکوو پەیوەندی بە شێوازی ڕووبەڕووبوونەوەی دەسەڵاتەوە هەیە لەگەڵ کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕۆڵی ڕێکخراوە سەربەخۆکان لە دیاریکردنی سیاسەتی گشتیدا. لە کۆتاییدا، ئەوەی کە موعەلیمان و پەرستاران داوای دەکەن، بریتییە لە جێبەجێکردنی مافە یاساییەکان و دەرفەتی ڕێکخراوبوونی سەربەخۆ.
