شازدەی گەلاوێژی ۱۳۸۴ یەکێک لە ڕۆژە هەرە دیار و لەبیر نەکراوەکانی مێژووی خەباتی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە، ڕۆژێکی کە شارەکان و ناوچەیەکی بەرینی کوردستان لە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە جینایەت و سەرکوتی کۆماری ئیسلامی سەرجەم جووڵە و چالاکییەکانی ڕۆژانەی خۆیان ڕاگرت و بە مانگرتنێکی سیاسی و گشتی، هێزی یەکگرتوو و هاوپشتیی خۆیان پێشان دا. لەو ڕۆژەدا شەقامە چۆڵەکان، دوکان و بازاڕ و ناوەندە کارییە داخراوەکان، زۆر ڕاشکاوانەتر لە هەر هاوارێک دەنگیان هەڵبڕی. پەیامی خەڵک ڕوون بوو: کوردستان لە بەرامبەر سەرکوتدا تەسلیم نابێت و بزووتنەوە ئازادیخواز و یەکسانیخوازییەکەی زیندووە.
شازدەی گەلاوێژ ڕۆژی ئەزموونێکی زیندوو و وانەبەخشە بۆ خەباتی ئهمڕۆ، ئەزموونێکی کە نیشانی دا چۆن دەکرێت ڕق و تووڕەییی پرشوبڵاو بکرێت بە ئیرادەیەکی بەکۆمەڵ، ڕێژەی قوربانییەکانی خەڵک کەم بکرێتەوە، دەزگای سەرکوت لە ئیمکانی کۆنتڕۆڵی ئاسایی کۆمەڵگە بێبەش بکرێت و هاوسەنگیی هێز بە قازانجی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی بگۆڕدرێت.
لە کوشتنی شوانە سەیدقادرییەوە تا مانگرتنی گشتی
زەمینەی شکڵگرتنی مانگرتنی شازدەی گەلاوێژ دەگەڕێتەوە بۆ جینایەتی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە مەهاباد. ئێوارەی ۱۸ی پوشپەڕی ۱۳۸۴، مەئموورانی حکومەت کەوتنە شوێن شوانە سەیدقادری، یەکێک لە گەنجە خەباتکارەکانی شاری مەهاباد. دوای ئەوەی نەیانتوانی دەستگیری بکەن، دەستڕێژی گوللەیان لێ کرد و برینداریان کرد. مەئموورەکان دواتر ئەم گەنجە بریندارەیان ئەشکەنجە دا، کوشتیان و تەرمە شێوێندراوەکەیان بە شێوازێکی سووکایەتی ئامێرەوە ڕادەستی بنەماڵەکەی کردەوە.
حکومەت دەیوست بەم تاوانە ترس بخاتە دڵی خەڵکەوە، بەڵام ئاکامەکەی پێچەوانە بووەوە. خەڵکی مەهاباد، هەر کە ڕووداوەکەیان بیست، لە بەردەم ماڵی شوانە کۆبوونەوە، هاودەردیی خۆیان لەگەڵ بنەماڵەکەی دەربڕی و نەفرەت و بێزاریی خۆیان لە حکومەت نیشان دا. لە ڕۆژەکانی ۱۹ و ۲۰ی پوشپەڕدا، ژنان و پیاوانی گەنج هاتنە سەر شەقامەکان و دروشمی ناڕەزایەتییان بەرز کردەوە. ڕۆژی ۲۱ی پوشپەڕ بازنەی ناڕەزایەتییەکان بەربڵاوتر بووەوە و پەلاماری هێزە سەرکوتکەرەکان لەگەڵ خۆڕاگریی خەڵک بەرەوڕوو بووەوە.
ناڕەزایەتییەکان تەنیا لە شاری مەهاباد قەتیس نەمایەوە و شارەکانی تری کوردستانیشی گرتەوە. حکومەت، لەبری وەڵامدانەوە بە داواکارییەکانی خەڵک، هێزی زیاتری ڕەوانەی ناوچەکە کرد. لە سەقز، هێزە چەکدارەکان تەقەیان لە خۆپیشاندەران کرد، ژمارەیەک گیانیان لەدەستدا و زۆر کەسیش بریندار بوون. ناڕەزایەتییەکانی سەر شەقام، سەرەڕای بوێری و چاونەترسی خەڵکیشەوە، پرشوبڵاو بوون و بەرەوڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی حکومەت، قوربانییەکی قورسی لێ دەکەوتەوە.
لە بارودۆخێکی ئاوادا، پێویستیی بە جووڵە و تاکتیکێکی وشیارانە، گشتگیر و ڕێکخراو زیاتر لە هەموو کاتێک هەستی پێ دەکرا، تاکتیکێکی کە هێزی خەڵک پێشان بدات، بەڵام نەیانخاتە ئەو مەیدانەی کە هێزە سەرکوتکەرەکان دەیانویست. کۆمەڵە، ڕێکخراوی کوردستانی حزبی کمۆنیستی ئێران، ڕۆژی شازدەی گەلاوێژی وەک ڕۆژی مانگرتنی گشتی لە سەرانسەری کوردستان ڕاگەیاند و بانگەوازەکەی ڕۆژی ۱۱ی گەلاوێژ بڵاو کرایەوە.
هەڵسووڕاوانی کرێکاری، ژنان و گەنجانی پێشڕەو بۆ ئامادەکاریی مانگرتنەکە دەستبەکار بوون. خەڵکی مەهاباد، سەقز، بۆکان، سنە، شنۆ، پیرانشار، بانه، سەردەشت، ڕەبەط، مەریوان، کامیاران، دیواندەرە و ژمارەیەکی تر لە شار و ناوچە گوندنشینەکان بە مانگرتنەکەوە پەیوەست بوون. لە نەغەدە و ورمێش بەشێک لە خەڵک بەشدارییان کرد. ئەم هاوبەشی هاوڕێیەتییە بەربڵاوە، شازدەی گەلاوێژی کردە ڕۆژێکی مێژوویی.
سەرکەوتنی مانگرتنەکە، تەنیا بەرهەمی دەرکردنی بانگەوازێک نەبوو، بەڵکوو دەیان ساڵ خەبات و فیداکاریی خەڵکی کوردستان، مانگێک خۆڕاگریی بەردەوامی مەهاباد و شارەکانی تر، و هەروەها چالاکیی تۆڕێک لە هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی کۆمەڵایەتیی لە پشت بوو. دژایەتی و ئاستەنگ دروستکردنی بەرچاوتەنگانەی هەندێک ڕێکخراوی سیاسیی کوردستانیش نەیتوانی کاریگەریی بکاتەسەر ئیرادەی هاوبەشی جەماوەر.
مانگرتن، نەریتێکی ڕیشەدار لە کوردستان
شازدەی گەلاوێژ ئەڵقەیەکە لە زنجیرەی دوور و درێژی مانگرتنە سیاسییەکان لە کوردستان. مانگرتنی ۱۵ی جۆزەردانی ۱۳۶۱، مانگرتنی ۲۳ی گوڵانی ۱۳۸۹، مانگرتنی ۲۱ی خەرمانانی ۱۳۹۷ و مانگرتنە سەرانسەرییەکان لە کاتی ڕاپەڕینی “ژن، ژیان، ئازادی“دا، نموونەیەکن لەم نەریتە خەباتکارانەیە.
کاتێک قەتڵی حکومەتیی ژینا ئەمینی، ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنەکەی لە سەقز کردە دەستپێکی ڕاپەڕینێکی مێژوویی، مانگرتنە یەک لەدوای یەکەکانی شارەکانی کوردستان هاوکاربوون بۆ بەردەوامبوونی بزووتنەوەکە. مانگرتنەکان نیشانیان دا کە ناڕەزایەتی تەنیا لە کۆبوونەوەی سەرشەقامەکاندا کورت نابێتەوە. کۆمەڵگە دەتوانێت بە ڕاگرتنی چالاکییە ئاساییەکانی خۆی، ناڕەزایەتیی خۆی بە شێوازێکی گشتگیر و ئاشکرا دەربڕێت.
مانگرتنی سیاسیی گشتی پێش هەموو شتێک، دەرچوونی بەکۆمەڵی خەڵکە لەو نەزمەی کە حکومەت بەسەریدا سەپاندوون. حکومەتەکان تەنیا بە پاڵپشتی هێزی سەربازی خۆیان ڕاناگرن، کاری ڕۆژانەی ملیۆنان مرۆڤ، تۆڕەکانی گواستنەوە، پەروەردە، خزمەتگوزاری، بازاڕ و ناوەندە ئابوورییەکان ڕەوڕەوەی کۆمەڵگە بەرەوپێش دەبەن. کاتێک خەڵک بە شێوەیەکی وشیارانە لە درێژەدان بە چالاکیی ئاسایی خۆیان دەبوێرن، هێزێک ئاشکرا دەکەن کە لە ڕۆژانی ئاساییدا کەمتر دەبینرێت.
بۆچی مانگرتن لە بارودۆخی ئێستادا گرنگە؟
ئەمڕۆ کۆماری ئیسلامی، لە بەرامبەر داواکاریی نان، ئازادی، یەکسانی و کەرامەتی ئینسانیدا، زیاتر لە هەر کاتێکی تر پەنای بردووەتە بەر زیندان، سێدارە، گوللە و کەشوهەوای ئەمنییەتی. هەژاری، بێکاری، هەڵاوسان، هەڵاواردن، سەرکوتی ژنان، ستەمی نەتەوایەتی و نەبوونی ئاسۆیەکی ڕوون، ژیانی ملیۆنان کەسی خستووەتە ژێر گوشارەوە. لە کوردستان، ئەم گوشارە گشتییە هاوکاتە لەگەڵ هەڵاواردنی دامەزراوەیی، میلیتاریزەکردنی ناوچەکە، بێکاریی بەربڵاو و سەرکوتی چەندبەرامبەر.
خەڵک هیچ چارەیەکیان نییە جگە لە خۆڕاگریی، بەڵام خۆڕاگری بە مانای دووبارەکردنەوەی بەردەوامی یەک شێوازی خەبات نییە. حکومەتێکی کە بۆ بڵاوەپێکردنی کۆڕ و کۆبوونەوەکان چەکی گەرم بەکار دەهێنێت، هەوڵ دەدات خەڵک پەلکێش بکاتە ناو ڕووبەڕووبوونەوەیەکی کە تێیدا باڵادەستیی چەکوچۆڵی هەیە. وەڵامی بەرپرسیارانە، بریتییە لە فرەچەشنکردنی شێوازەکانی خەبات و هەڵبژاردنی تاکتیکگەلێک کە ڕێگە بۆ بەشداریی هەرچی زیاتری خەڵک خۆش بکات و ئیمکانی کوشتار کەمتر بکاتەوە.
مانگرتنی سیاسیی گشتی دەتوانێت لە پاڵ چالاکیی پیشەیی، کەمپەینی دادخوازی، خەباتی ژنان، ناڕەزایەتیی خوێندکاران و هتد دابنرێت. مانگرتن جێگرەوەی هەموو ئەم شێوازانە نییە، بەڵکوو ئامرازێکە بۆ بەیەکەوە گرێدان و بەهێزکردنیان.
لە ڕۆژی مانگرتندا، هێزە سەرکوتکەرەکان ڕەنگە هێشتا لە شەقامدا حزووریان هەبێت، بەڵام لەگەڵ مەیدانێکی چۆڵ و کۆمەڵگەیەکی سەرپێچیکار بەرەوڕوو دەبنەوە. ئەوان ناتوانن بەئاسانی جەماوەری بەرینی خەڵک لە شوێنە بەرتەسک و سنووردارەکاندا گەمارۆ بدەن و سەرکوتیان بکەن. داخستنی وشیارانەی ناوەندەکانی کار و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان، توانای حکومەت بۆ ئاسایی نیشاندانی دۆخەکەش لەناو دەبات. بەم مانایە، مانگرتن دەتوانێت ئامێری سەرکوت لە ڕووی سیاسییەوە پەک بخات.
ئیمکانی بەشداریی بەربڵاوتری خەڵک
یەکێک لە گرنگترین قازانجەکانی مانگرتنی گشتی ئەوەیە کە ڕێگەی بەشداری بۆ ئەو کەسانە دەکاتەوە کە ئیمکانی بەشداریکردنیان لە ناڕەزایەتییەکانی سەرشەقامدا نییە. بەساڵاچووان، کەسانی نەخۆش یاخود خاوەن پێداویستیی تایبەت، ئەو دایک و باوکانەی کە بەرپرسیارێتیی بەخێوکردنی منداڵیان لەسەرە، ئەو کارمەندانەی لە ژێر گوشاری خاوەنکاردان و هەروەها ئەو کەسانەی لە دەستگیرکردن یان توندوتیژیی سەرشەقام نێگەرانن، دەتوانن لە ڕێگەی مانگرتنەوە هاوپشتیی خۆیان نیشان بدەن.
خۆپیشاندانێکی گەورە ڕەنگە هەزاران کەس کۆ بکاتەوە، بەڵام مانگرتنێکی سەرکەوتوو دەتوانێت ئیمکانی بەشداریی سەدان هەزار یان ملیۆنان کەس فەراھەم بکات. داخرانی بەربڵاوی بازاڕەکان، ڕاوەستانی کار و تەعتیل بوونی زانکۆکان و ناوەندەکانی پەروەردە، دیمەنێک لە ڕێژەی ڕاستەقینەی ناڕەزایەتیی کۆمەڵگە دەدات بە دەستەوە کە حکومەت ناتوانێت بیبەستێتەوە بە “گرووپێکی کەمی تێکدەر“.
مانگرتن، خەڵک نانێرێتەوە بۆ ماڵەوە تا خەبات کۆتایی پێ بێت، بەڵکوو ماڵ، شوێنی کار، قوتابخانە، زانکۆ و بازاڕ دەکاتە مەیدانی سەرپێچی مەدەنی. مانگرتنی سەرکەوتوو نیشانی دەدات کە سنووری خەبات تەنیا شەقام نییە و هێزی خەڵک دەتوانێت لە سەرانسەری کۆمەڵگەدا خۆی نیشان بدات.
مانگرتن دەبێت بە بەرپرسیارێتییەوە ڕێک بخرێت
مانگرتنی گشتی چارەسەرێکی سێحرئامێز نییە و نابێت بەبێ ڕەچاوکردنی بارودۆخی ڕاستەقینەی خەڵک بانگەوازی بۆ بکرێت. گوشاری ئابووری لەسەر بنەماڵە کرێکارییەکان، مووچەخۆرانی ڕۆژکار و کاسبکارانی کەمدەرامەت ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە. کوردستان ناوچەیەکە کە زۆرتر خزمەتگوزاری و بازرگانییە و ناوەندی پیشەسازیی گەورەی کەمتر تێدایە، بەم پێیە مانگرتنی درێژخایەن و بەردەوام ڕەنگە قورسایی سەرەکی بخاتە سەر شانی هەمان ئەو خەڵکەی کە بەدەست هەژاری و بێکارییەوە دەناڵێنن.
لهم ڕووەوە، بانگەوازی مانگرتن دەبێت لەکاتی خۆیدا بێت، ماوەکەی سنووردار بێ و لە پشتیوانی کۆمەڵایەتی بەهرەمەند بێت. مەودای زەمەنی نێوان مانگرتنەکان، ئامانجی سیاسیی ڕوون، توانای ڕاستەقینەی کۆمەڵگە و دۆخی توێژە زیانلێکەوتووەکان دەبێت لە بەرچاو بگیرێت. خزمەتگوزارییە پێویستەکانی وەک فریاکەوتن، دەرمان و پێداویستییە سەرەکییەکانی خەڵکیش دەبێت بپارێزرێن. هاوپشتی لەگەڵ بنەماڵە کەمدەرامەتەکان و کرێکارانی مانگرتوو، بەشێکی دانەبڕاوە لە بەرپرسیارێتیی بەکۆمەڵی بزووتنەوەکە.
مانگرتن کاتێک سەرکەوتووە کە خەڵک بە هی خۆیانی بزانن، نەک فەرمانێکی کە لە سەرەوە دەربچێت. گفتوگۆ لە ناوەندەکانی کار و ژیان، بەشداریی ڕێکخراوە سەربەخۆکان، متمانەی دوولایەنە و بڕیاردانی بەکۆمەڵ، لە زومرەی بنەما سەرەکییەکانی حەرەکەتێکی لەو شێوەیەن. بانگەوازە پەلەپە و بێپشتیوانەکان دەتوانن متمانەی گشتی لاواز بکەن، لە بەرامبەردا، ئامادەکاری کۆمەڵایەتی و هاوکاریی بەربڵاو، مانگرتن دەکاتە هێزێکی ڕاستەقینە.
قوتابخانەی یەکێتی و ڕێکخستن
گرنگیی مانگرتن تەنیا لە ڕۆژی بەڕێوەچوونیدا کورت نابێتەوە. پرۆسەی ئامادەکاری، بەڕێوەبردن و هەڵسەنگاندنی مانگرتنێک، تۆڕەکانی هاوپشتی بەرفراوانتر دەکات، ڕێبەرانی کۆمەڵایەتیی نوێ پەروەردە دەکات و ئەزموونی کاری بەکۆمەڵ زیاتر دەکات. هر مانگرتنێکی سەرکەوتوو بە خەڵک نیشان دەدات کە تەنیا نین و دەتوانن بەسەر ترسدا زاڵ بن.
کاتێک کرێکاران، موعەلیمان، پەرستاران، خانەنشینان، خوێندکاران، ژنان، گەنجان و کاسبکاران حەرەکەتێکی هاوبەشدا بەشداری دەکەن، لەوە تێدەگەن کە کێشەکانیان جیاواز لەیەکتر نییە. حەقدەستی کەم، بێکاری، هەڵاواردنی ڕەگەزی، سەرکوتی سیاسی، ستەمی نەتەوایەتی و نەبوونی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، دەرکەوتەی جۆراوجۆری یەک پێکهاتەن. مانگرتن دەتوانێت ئەم وشیارییە لە ئاستی تاکەکەسییەوە بەرز بکاتەوە بۆ ناسینێکی بەکۆمەڵ و سیاسی.
حکومەتیش بەمەبەستی تێکدانی یەکگرتووییەکی لەو شێوەیە بێکار دانانیشێت. هەڕەشە، بڵاوکردنەوەی دەنگۆ و باوەشێنکردنی ئاگری ناکۆکییە نەتەوەیی، ئایینی، نەوەیی و چینایەتییەکان لە زومرەی ئامرازە هەمیشەیییەکانی ئەون. وەڵامی بزووتنەوەکە دەبێت بریتی بێت لە بەهێزکردنی متمانە و هاوپشتی، ڕێزگرتن لە فرەچەشنیی کۆمەڵگە و بەستنەوەی داواکارییەکانی کوردستان بە خەباتی خەڵک لە سەرانسەری ئێران. ئازادیی کوردستان لە ئازادیی کرێکاران، ژنان و خەڵکی ناوچەکانی تری ئێران جیا نییە، هەروەک چۆن ئازادبوونی ئێرانیش بەبێ کۆتاییهێنان بە چەوسانەوە و هەڵاواردن لە کوردستان مومکین نابێت.
شازدەی گەلاوێژ هێشتا زیندووە
وەبیرهێنانەوەی شازدەی گەلاوێژ، نوێکردنەوەی پەیمانە لەگەڵ ئەو هێزەی کە لەو ڕۆژەدا شارەکانی کوردستانی بەیەکەوە بەستەوە. ئەو مانگرتنە سەلماندی کە حکومەت، بە هەموو چەکوچۆڵ و هێزە ئەمنییەکانیشیەوە، لە بەرامبەر جەماوەرێکی وشیار و یەکگرتوودا و لاواز و بێدەسەڵاتە.
ئەمڕۆش مانگرتنی سیاسیی گشتی دەتوانێت یەکێک بێت لە کاریگەرترین ئامرازەکانی خەباتی ئاشتییانەی خەڵکی کوردستان و ئێران، ئامرازێک بۆ کەمکردنەوەی ئیمکانی کوشتار، پەرەپێدانی ئاستی بەشداریکردن، زەمینگیرکردنی سیاسیی ئامێری سەرکوت و نیشاندانی هێزی کۆمەڵگە. بەم حاڵەشەوە، سەرکەوتنەکەی بەستراوەتەوە بە ڕێکخستن لە خوارەوە، ڕێبەریی بەرپەرسیارانە، یەکێتیی گشتگیر و لەبەرچاوگرتنی ژیان و ئەمنییەتی خەڵک.
یادی شازدەی گەلاوێژ بەرز و بەڕێز بێت، ڕۆژێکی کە کوردستان ڕاوەستا، یەکیگرت و نیشانی دا کە هێزی ڕاستەقینە نەک لە پەتی سێدارە و تفەنگ، بەڵکوو لە ئیرادەی ڕێکخراوی جەماوەردایە.
