سێوتە، شارۆچکەی خۆبەڕێوەبەری ئیسپانیا لە کەناراوەکانی باکووری ئەفریقا، یەکێکە لە هەستیارترین خاڵەکانی بەریەککەوتنی نێوان ئورووپا و ئەفریقا، شارێکی بەربەستکراوی بچووک کە تاکە سنووری وشکانیی یەکێتیی ئورووپای لەگەڵ کیشوەری ئافریقادا لە خۆ گرتووە. ئەم هەڵکەوتە جوگرافییە، سێوتەی کردووە بە هێمایەک لە کەلێنی قووڵی نێوان دوو کیشوەر: لە لایەکی سنوورەکەوە، ئورووپا بە بەڵێنی ئاسایش و خۆشگوزەرانییەوە وەستاوە و لە لایەکی دیکەشەوە، هەزاران مرۆڤ بۆ خۆدەربازکردن لە هەژاری، نائەمنی، شەڕ و بێ ئاسۆیی، ڕوو لەم سنوورە دەکەن.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا، سێوتە شاهیدی شەپۆلێکی بێوێنەی هاتنەژوورەوەی کۆچبەران و پەناخوازان بووە. بەپێی ڕاپۆرتەکان، لە ماوەیەکی کورتدا نزیکەی ۶۰ هەزار کەس لە ژنان، منداڵان و تازەلاوان لە خاکی مەغریبەوە خۆیان گەیاندووەتە ئەو شارە، زۆربەیان بۆ پەڕینەوە لەم ڕێگە کورتە کەناراوییە، خۆیان هاویشتووەتە ناو ئاوەکەوە و بە مەلەکردن ڕوویان لە ئورووپا کردووە.
لە ڕەوتی ئەم هەوڵە مەترسیدارانەدا، تا ئێستا ۴۰ کەس لەو خەڵکە گیانیان لەدەست داوە، ژمارەیەکی کە تەنیا بەشە تۆمارکراوەکەی زیانەکان نیشان دەدات. هەر مرۆڤێکی کە لە ئاوەکانی دەوروبەری سێوتەدا دەخنکێت، ئەنجامی ڕاستەوخۆی جیهانێکە کە تێیدا ڕێگە ئارام و یاساییەکانی کۆچبەری بەستراون و سنوورەکان لەبری پشتیوان، بوونەتە مەیدانی مەترسی.
سیاسەتی کۆچبەریی ئورووپا لە ساڵانی ڕابردوودا زیاتر لەوەی لەسەر بنەمای پشتیوانی لە مرۆڤەکان بێت، لەسەر بەرهەڵستکاری، دیوارهەڵچنین، کۆنترۆڵی سەربازی و سپاردنی بەرپرسیارێتی بە وڵاتانی دراوسێ بنیات نراوە. یەکێتیی ئورووپا بە بەخشینی پاره بە دەوڵەتانی وەک مەغریب، لیبی و تونس، هەوڵی داوە بەر لە گەیشتنیان بە خاکی ئورووپا پێش بە کۆچبەران بگرێت. بەڵام
بەپێچەوانەوە، ئەم سیاسەتانە نەک هەر کۆچبەرییان ڕانەگرتووە، بەڵکوو تاکە ئەنجامیان ئەوە بووە کە ڕێگەکانیان مەترسیدارتر کردووە. کاتێک دەرفەتی داواکاریی پەنابەری لە باڵیۆزخانەکان، پەڕینەوەی یاسایی، ئیمکانی بەیەک گەیشتنەوە لەگەڵ بنەماڵە یان وەرگرتنی ویزای مرۆڤدۆستانە بوونی نەبێت، مرۆڤەکان ناچار دەبن لە دەریا، بیابان، پەرژینە ئاسنینەکان و ڕێگەکانی قاچاخەوە تێپەڕن. لە بارودۆخێکی وەهادا، هەر دیوارێکی بەرزتر، مرۆڤی زیاتر بە ئاراستەی ڕێگە مەترسیدارترەکاندا دەبات.
لە قەیرانی سێوتەدا، چەندین هۆکار بەشێوەی هاوكات ڕۆڵیان هەبووە: گۆڕانکارییە یاسایی و دادوەرییەکان سەبارەت بە شێوازی ڕەفتارکردن لەگەڵ منداڵان و تازەلاوانی کۆچبەر، گرژییە سیاسییەکانی نێوان ئیسپانیا و مەغریب و توندوتۆڵ نەبوونی سنوورەکانی ئەم شارە، لە زومرەی هۆکارەکانی وەڕێكەوتنی ئەم شەپۆلە نوێیەن.
بەکارهێنانی سیاسییانەی کۆچبەرانیش دیاردەیەکی نوێ نییە. دەوڵەتە ئورووپاییەکان بەردەوام هاوکاریی سنوورییان لەگەڵ وڵاتانی باکووری ئەفریقا وەک ئامرازێکی گوشاری سیاسی بەکار هێناوە. لە بەرامبەردا، دەوڵەتی ئەم وڵاتانەش جارجار کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانیان کردووەتە ئامرازێک بۆ وەرگرتنی ئیمتیازی ئابووری یان سیاسی لە ئورووپا. لەم نێوەدا، ئەوانەی گەورەترین باج دەدەن دەوڵەتەکان نین، بەڵکوو ئەو پەناخوازانەن کە دەبنە ئامرازی سات و سەودای دەسەڵاتەکان.
بۆ تێگەیشتن لە شەپۆلەکانی کۆچبەری لە ئەفریقاوە، ناکرێت تەنیا ئاماژە بە بڕیاری دادگایەک یان لاوازیی کۆنترۆڵی سنوورەکان بکەین. ئوورووپا خۆی لە پێكهێنانی زۆربەی ئەو بارودۆخانەدا ڕۆڵی هەبووە کە خەڵک ناچار دەكەن ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵن.
مێژووی ئیستیعماری ئورووپایی لە ئەفریقا، سنووری دەستکرد، پێکهاتەی ئابووریی نایەکسان و سیستەمگەلێکی جێهێشتووە کە ئاسەوارەکانیان تا ئێستاش ماونەتەوە. لە سەردەمی پاش ئیستیعماردا، بەشێکی گەورە لە سەرچاوە سروشتییەکانی ئەفریقا لە چوارچێوەی پەیماننامە نایەکسانەکاندا بەتاڵان براون. قازانجی ئەم سەرچاوانە زیاتر چووەتە گیرفانی کۆمپانیا و ئابوورییە زەبەلاحەکانەوە، لە کاتێکدا کۆمەڵگە جێییەکان لەگەڵ بێکاری، تێکچوونی ژینگە و نایەکسانی بەرەوڕوو بوونەتەوە.
دەستێوەردانە سەربازی و سیاسییەکانی وڵاتانی ئەورووپاش بێکاریگەر نەبوون. شەڕەکان و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، لەوانەش هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتە سیاسییەکان لە لیبی، لێکەوتەی زۆر لەوە زیاتریان هەبووە کە تەنیا لە چوارچێوەی سنووری ئەو وڵاتانەدا بمێنێتەوە. لەناوچوونی ژێرخانەکان، پەرەسەندنی گرووپە چەکدارەکان، گەشەی تۆڕەکانی قاچاخچی و ناسەقامگیریی ئابووری، ملیۆنان کەسی ئاوارە کردووە. ئورووپا ناکرێت خۆی ڕۆڵی لە دروستکردن یان توندترکردنەوەی بەشێک لەم قەیرانانەدا هەبێت بەڵام قوربانییەکانی تەنیا بە “مەترسیی ئەمنییەتی” ناو ببات.
قەیرانی کەشوهەواش ئەم بارودۆخەی سەختتر کردووە. وشکەساڵی، کەمئاوی، دابەزینی بەرهەمی کشتوکاڵی و بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک، ژیانی ملیۆنان کەسی لە ئەفریقا زۆر قورس کردووە. پشکی وڵاتانی ئەفریقایی لە بەرهەمهێنانی مێژوویی گازە گوڵخانەییەکان زۆر کەمترە لە ئورووپا و وڵاتە پیشەسازییەکانی دیکە، بەڵام ئەم کۆمەڵگەیانە زۆرجار بەرگەی دژوارترین لێکەوتەکانی گۆڕانی کەشوهەوا دەگرن. دادپەروەریی کەشوهەوا ئەوە دەخوازێت کە وڵاتە دەوڵەمەندەکان بەرپەرسیارێتی مێژوویی خۆیان قبووڵ بکەن، نەەک سنوورەکانی خۆیان دابخەن و تێچووی قەیرانەکە بخەنە سەر شانی قوربانییەکان.
دوای قەیرانی سێوتە، هەندێک لە سیاسییەکانی ئورووپا داوای بەهێزکردنی دیوارەکان، زیادکردنی ئامادەیی سەربازی و تەنانەت سەپاندنی سزای سیاسییان لە دژی ئیسپانیا کرد. وەڵامدانەوەی لەم جۆرە نیشانی دەدات کە ئورووپا هێشتا لەبری چارەسەرکردنی سەرچاوەی قەیرانەکە، هەوڵی بەڕێوەبردنی ڕووکەشانەی ئەوە قەرانە دەدات.
بەڵام منداڵێکی کە لە ئاو پەڕیوەتەوە، مەترسیی ئەمنییەتی نییە. ژنێکی کە لە ترسی شەڕ یان هەژاری هەڵاتووە، ئامرازی گوشاری سیاسی نییە. پەناخوازێکی کە بۆ بەدەستهێنانی ئەمنییەت گەیشتووەتە سنووری ئورووپا، پێش هەموو شتێک خاوەنی مافی مرۆیی و یاساییە. بنەمای گەڕاننەدانەوەی کەسەکان بۆ سەرزمینێکی کە تێیدا لەگەڵ مەترسیی ئەشکەنجە، ئازار یان هەڕەشەی جدیی بەرەوڕوو دەبنەوە، یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی مافی پەنابەران و ناکرێت بە بڕیاری کاتیی یان گوشاری سیاسی وەلا بنرێت.
ئورووپا بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی قەیرانەکانی هاوشێوەی سێوتە، دەبێت ڕێگەی ئەمن و یاسایی بۆ کۆچبەری و پەنابەری دروست بکات، دەرفەتی بەیەک گەیشتنەوەی بنەماڵەکان زیاتر بکات و پشتگیری و پشتیوانیی تایبەت لە منداڵان و تازەلاوان بكات، ئۆپەرسیۆنەکانی ڕزگارکردنی دەریایی بەهێزتر بکات و کۆتایی بە دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و گەڕاندنەوەی بەکۆمەڵ بهێنێت. هەروەها پێویستە وڵاتانی ئورووپایی پشکی ڕاستەقینەی خۆیان لە وەرگرتنی پەنابەران و دابینکردنی بودجەی بەرنامەکانی پشتیوانی لەو وڵاتانەی کە سەرچاوەی کۆچبەرین قبووڵ بکەن.
سێوتە وەبیرهێنەرەوەی ئەو ڕاستییەیە کە کۆچبەریی بە دیوار ڕانەگیراوە و ڕاناگرێت. تا ئەو کاتەی شەڕ، هەژاری، نایەکسانی، گۆڕانی کەشوهەوا و دەستێوەردانی دەرەکی بەردەوام بێت، خەڵک بەدوای ڕێگەیەکدا دەگەڕێن بۆ ڕزگاربوون و زیندومانەوە. ئورووپا ناکرێت بە دەیان ساڵ لە سەرچاوەکان، بازاڕەکان و کاریگەریی سیاسیی خۆی لە ئەفریقا بەهرەمەند بووبێت و ئەمڕۆش خۆی لە بەرپرسیارێتییەکان بشارێتەوە.
بەرگری لە پەناخوازان بەو مانایەیە کە ئەمنییەت و کەرامەتی مرۆڤەکان نەکرێتە قوربانیی سیاستە بژاردەیی و یارییە ژیۆپۆلیتیکییەکان. سێوتە دەبێت لەبری ئەوەی ببێتە هێمای داخرانی هەرچی زیاتری ئورووپا، ببێتە خاڵی دەستپێکی تێپەڕبوون و پێداچوونەوە بە سیاسەتگەلێکدا کە مرۆڤەکان بەرەو دەریا و مەرگ ڕاپێچ دەکەن.
