کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کۆمەڵکوژیی زیندانیانی سیاسی لە ساڵی ۱۳۶۷، جینایەتێک لەژێر سێبەری شەڕدا

IMG 5734

هاوین و خەرمانانی ساڵی ۱۳۶۷ لە زومرەی تاریکترین وەرزەکانی مێژووی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن، وەرزێکی کە تێیدا هەزاران زیندانیی سیاسی، لە کاتێکدا کە زۆربەیان لەقۆناغی تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەیاندا بوون یان تەنانەت هێشتا بە شێوەیەکی فەرمی تۆمەتەکەیان پێڕانەگەیەندراوبوو، بە نهێنی لەسێدارە دران. ئەم جینایەتە دوای قبووڵکردنی ئاگربەست لە شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراقدا ڕووی دا، شەڕێکی کە زیانێکی مادی و مرۆیی قورسی بەسەر هەردوو وڵاتدا سەپاند و سەرەنجام کۆماری ئیسلامی، دوای چەندین ساڵ لە دروشمی سەرکەوتن، بە قەولی خومەینی بەخواردنەوەی جامە ژەهر، کۆتایی پێ هێنا.

کۆتاییهاتنی شەڕ بۆ کۆمەڵگەیەکی کە ماوەی چەندین ساڵ لەژێر بۆردومان، هەژاریی، مەرگ و سەرکوتدا ژیابوو، دەکرا ببێتە دەستپێکی قۆناغێکی نوێ. خەڵک چاوەڕوانی ئەوە بوون کە ژیانی ئاسایی دەست پێ بکەنەوە و داواکارییە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانیان چیتر بە بیانووی بارودۆخی شەڕەوە سەرکوت نەکرێن. بەڵام خۆشی و هیوای گشتی لە کۆتاییهاتنی شەڕ، بۆ دەسەڵاتێکی کە لە پەرەسەندنی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکان دەترسا، وەک هەڕەشەیەکی جددی سەیر کرا. دەسەڵات لەبری وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی خەڵک، ڕێگەی چاوترسێن کردن و سڕینەوەی نەیارانی گرتە بەر.

لەسەر فەرمانی خومەینی، هەیئەتێکی پێکهاتوو لە حوسێنعەلی نەیری، مورتەزا ئیشراقی، ئیبراهیم ڕەئیسی و موستەفا پورمحەممەدی، کە دواتر بەهەیئەتی مەرگناسران، ڕاسپێردران بۆ پێداچوونەوە بە چارەنووسی زیندانیانی سیاسی. پەیوەندیی زیندانە سەرەکییەکان لەگەڵ دەرەوە پچڕێنرا و زیندانیان لە دانیشتنێکی کورت و ناڕووندا، نە لەسەر بنەمای دادگاییەکی دادپەروەرانە، بەڵکوو لەسەر بنەمای بیروباوەڕ و هەڵوێستە سیاسی و ئایینییەکانیان لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کرا. لە مانگی گەلاوێژدا، کۆمەڵکوژیی ئەندامان و لایەنگرانی ڕێکخراوی موجاهیدینی خەڵق دەستی پێکرد و مانگی خەرمانان، شەپۆلی لەسێدارەدانەکان گەیشتە زیندانیانی کۆمۆنیست و نەیارە سیاسییەکانی تر. سەبارەت بە بیروباوەڕی ئایینی، نوێژکردن، باوەڕبوون بە خودا و هەڵوێستیان بەرامبەر کۆماری ئیسلامی پرسیار لە زیندانیان دەکرا. ئەو وەڵامانەی لەگەڵ پێوەرەکانی هەیئەتی مەرگدا نەدەگونجان، دەکرا ببنە هۆی لەسێدارەدان. زۆربەی قوربانییان، تەنانەت لەسەر بنەمای یاساکانی خودی کۆماری ئیسلامیش، لەقۆناغی تێپەڕاندنی سزاکەیاندا بوون و هەندێکیان لە سەروبەندی ئازادبووندا بوون. بەم هۆیەوە، ئەم ڕووداوە تەنیا لەسێدارەدانی کۆمەڵێک کەس نەبوو، بەڵکوو کۆمەڵکوژییەکی ڕێکخراو و تاوانێک بوو دژ بە سادەترین بنەماکانی دادپەروەری و مافەکانی مرۆڤ.

ئاماری وردی قوربانییان هەرگیز لەلایەن دەسەڵاتەوە ڕانەگەیەندرا. ڕاپۆرتە جۆراوجۆرەکان ژمارەی گیانبەختکردووانیان بە چەند هەزار کەس، و لە هەندێک خەمڵاندندا لە نێوان شەش بۆ دە هەزار کەس دەستنیشان کردووە. تەرمەکانیان بە شەو و بە نهێنی لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان یان گۆڕستانەکانی تاران، شیراز، ئیسفەهان، کوردستان و شارەکانی تردا بەخاکسپێردران. خاوەران و گۆڕە بەکۆمەڵەکانی تری قوربانییان، سەرباری گوشار و هەڕەشەی ئەمنییەتی، بوونە شوێنی یادەوەری و دادخوازی. بنەماڵەکان ساڵانێک لە مافی پرسە و ماتەمین، بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسم و تەنانەت وەرگرتنی ناونیشانێکی ڕوون لە شوێنی بەخاکسپاردنی ئازیزانیان بێبەش کران.

یەکێک لە گرنگترین لایەنەکانی ئەم تاوانە، بریتی بوو لە هەوڵی دەسەڵات بۆ شاردنەوە و سڕینەوەی شوێنەوارەکانی. بەڵام، بیرەوەریی زیندانیانی ڕزگاربوو، شایەتحاڵیی بنەماڵەکان، بەڵگەنامە بڵاوکراوە و توێژینەوە سەربەخۆکان، بەشێک لە ڕاستییەکانیان ئاشکرا کردووە. هەروەها، دادگای حەمید نووری لە سوئێد نیشانی دا کە بەدواداچوونی دادوەری بۆ تاوانەکانی دەیەی شەست، تەنانەت دوای تێپەڕبوونی چەندین دەیەش، ڕێگەپێدراوە. ئەم پڕۆسەیە گرنگیی تۆمارکردنی شایەتحاڵەکان، پاراستنی بەڵگەنامەکان و پشتیوانیکردن لە بزووتنەوەی دادخوازیی نیشان دەدات.

بەردەوامیی ئەم جینایەتە دەبێت لەو پێکهاتە سیاسییەدا ببێنرێت کە تێیدا لێخۆشبوون و پارێزبەندی بکەرانی سەرکوت، بەشێک بووە لە میتۆدی مانەوەی دەسەڵات. هەندێک لەو کەسانەی کە لە دەیەی شەستدا لەناو دام و دەزگای دادوەری و ئەمنییەتیدا بەرپرسیارێتییان هەبوو، دواتر لە بەرزترین پلە و پۆستەکانی دەسەڵاتدا دانران. ئەم بەردەوامییە نیشان دەدات کە کۆمەڵکوژیی ۱۳۶۷ ڕووداوێکی دابڕاو و جیاواز لە سیاستە گشتییەکانی کۆماری ئیسلامی نەبوو، بەڵکوو ئەڵقەیەک بوو لە زنجیرەیەکی دوور و درێژی لەسێدارەدان، ئەشکەنجە، سەرکوت و ئینکارکردنی ڕاستییەکان.

ئەمڕۆ، بیرهێنانەوەی ئەم جینایەتە لە بارودۆخێکدا گرنگیی زیاتری هەیە کە کۆماری ئیسلامی هێشتا لەگەڵ ناڕەزایەتییە بەربڵاوە کۆمەڵایەتییەکان و قەیرانە قووڵە ئابووری و سیاسییەکان بەرەوڕووە. هەڵاوسان، دابەزینی بەهای دراوی نیشتمانی، بێکاری، هەژاری، گەندەڵی، کەمیی ئاو و کارەبا و لەناوچوونی ژینگە، ژیانی ملیۆنان کەسی تووشی ئاستەنگ کردووە. لە ئاوا بارودۆخێکدا، ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لەبری گوێ لێگرتن، بە دەستبەسەرکردن، توندوتیژی و کوشتار وەڵام دەدرێنەوە. لە ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ساڵی ڕابردووشدا ڕاپۆرتەکانی پەیوەندیدار بە هەڵسوکەوتی خوێناوی لەگەڵ خۆپێشاندهەران نیشانی دا کە لۆژیکی سەرکوت، دوای نزیکەی چوار دەیە، هێشتا بەردەوامە. کوشتنی خۆپێشاندەرانێکی کە خوازیاری ژیانێکی باشتر، ئازادی و دادپەروەرین، بیرهێنەرەوەی هەمان ئەو سیاستەیە کە ساڵی ۱۳۶۷ لە زیندانەکاندا جێبەجێ کرا.

لە پاڵ سەرکوتی ناوخۆییدا، سەرکێشییە سەربازییەکان و سیاستە پڕتێچووە هەرێمییەکانیش گوشارێکی قورسیان خستووەتە سەر کۆمەڵگەی ئێران. دەسەڵات بە خەرجکردنی سەرمایە گشتییەکان لەپێناو بەرنامە سەربازیی و دەستوەردانە دەرەکییەکاندا، وڵاتی ڕووبەڕووی سزاکان، گۆشەگیری و شەڕێکی نوێ کردووەتەوە. ئەو شەڕانەی بەرهەمی ئەم سیاستانەن، پێش هەموو کەس خەڵکی ئاسایی دەکەنە قوربانی و ئەو سەرچاوانەی کە دەبێت بۆ خۆشگوزەرانی، پەروەردە، تەندروستی و ئاوەدانکردنەوەی وڵات تەرخان بکرێن، بۆ وێرانکاری و توندوتیژی تەرخان دەکرێن. ئەزموونی شەڕی ئێران و عێراق و دەرئەنجامەکانی، لەوانە کۆمەڵکوژیی ۱۳۶۷، هۆشدارییەکی ڕوونە کە چۆن سەرکێشیی سەربازی و سەرکوتی ناوخۆیی یەکتر بەهێز دەکەن.

دادخوازی بۆ قوربانییانی ساڵی ۱۳۶۷، داواکارییەکی تەنیا سۆزداری یان پەیوەندیدار بە ڕابردوو نییە. ئەم دادخوازییە بە خەباتی ئەمڕۆ بۆ ئازادی، دادپەروەری، هەڵوەشاندنەوەی لەسێدارەدان و مافی ڕێکخراوبوونەوە بەستراوەتەوە. کۆمەڵگەیەکی کە ڕاستیی تاوانەکانی ڕابردوو تۆمار و بەدواداچوونی بۆ نەکات، لە بەرامبەر دووبارە بوونەوەیاندا بێ بەرگری و لاواز دەمێنێتەوە. گیانبەختکردووانی کۆمەڵکوژیی ۱۳۶۷ و سەرجەم قوربانییانی سەرکوت، لە بیرەوەرییەکانی خەڵکدا زیندوون. ڕاستی، ئەگەرچی درەنگیش بێت، ڕێگەی خۆی دەدۆزێتەوە، و ڕۆژێک دەبێت بکەران و بڕیاردەرانی ئەم جینایەتانە لە دادگایەکی ئاشکرا و دادپەروەرانەدا وەڵامدەرەوەی کردەوەکانیان بن.