لە درێژەی تاوانەکانی هێزە چەکدارەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ناوچە سنوورییەکان، شوانێکی کورد لە چیاکانی سیدەکان، بە تەقەی پاسەوانانی سنوور گیانی لەدەستدا و دەست بەسەر تەرمەکەی و سەدان سەر مەڕوماڵاتەکەیدا گیرا.
بەیانی ڕۆژی هەینی ١٩ی پووشپەڕ، هێزەکانی پاسەوانی سنووری ڕژیم لە چیاکانی خنێرە لە سنووری سیدەکان، تەقەیان لە شوانێکی تەمەن ٢٧ ساڵ بە ناوی “ڕێباز سلێمان” کردووە. ئەو هاووڵاتییە کە خەڵکی گوندی کۆڕێی سەر بە پارێزگای هەولێرە، لەگەڵ براکەی سەرقاڵی لەوەڕاندنی ئاژەڵەکانیان بوون، کە کەوتوونەتە بەر پەلاماری ئەو هێزانە. پاش کوشتنی ئەم گەنجە کوردە، هێزەکانی ڕژیم تەرمەکەیان ڕفاندووە و هاوکات دەستیان بە سەر ٨٥٠ سەر مەڕوماڵاتی خێزانەکەیاندا گرتووە. جێگای ئاماژەیە کە پاش بەدواداچوونی بنەماڵەکەی و سەردانی بنکەیەکی پاسەوانی سنوور، هێزەکانی ڕژیم سەرەڕای هەڕەشەکردن لێیان، سەرەتا ڕەتیان کردووەتەوە کە تەرمەکەیان لایە، بەڵام دواتر پشتڕاست بووەتەوە کە ناوبراو بە تەقەی ڕاستەوخۆی ئەوان کوژراوە و تەرمەکەشی هەر لای ئەوانە.
