لە ڕۆژژمێری خەباتە کۆمەڵایەتییەکانی ئێراندا، “یەکشەممەکانی ناڕەزایەتی” خانەنشینان ئێستا بووەتە یەکێک لە بەردەوامترین و ڕێکخراوترین شێوازەکانی خۆڕاگریی مەدەنی. کۆبوونەوەی سەرتاسەریی ٢١ی پووشپەڕی ١٤۰٥ لە شارەکانی وەک تاران، ئەهواز، شووش، کرماشان و پارێزگای گیلان، جارێکی دیکە ئەوەی نیشان دایەوە کە خانەنشینان و مووچەخۆرانی ئێران، واوەتر لە گرووپێکی پیشەیی، بوونەتە ناوەندێکی هۆشیاریی سیاسی و هاوپشتی چینایەتی. ئەوەی لەم قۆناغە نوێیەی خەبات و ناڕەزایەتییەکاندا گرنگییەکی زۆری هەیە، بریتییە لە پێوەندی لە پسان نەهاتووی نێوان «نان» و «ئازادی» و ناڕەزایەتیی ڕاستەوخۆ بەرامبەر بە سیاستە گشتییە “شەڕخوازانەکانی” دەسەڵات، کە دووکەڵەکەی ڕاستەوخۆ دەچێتە چاوی کرێکاران و زەحمەتکێشان.
ڕاپۆرتەکانی کۆبوونەوەکەی ٢١ی پووشپەڕ نیشاندەری وەرچەرخانێکی گوتاریی گرنگن لە بزووتنەوەی خانەنشیناندا. دروشمی “شەڕخوازی بەسە، سفرەی ئێمە خاڵییە” کە لە کرماشان و شووش دەنگی دایەوە، نیشانەی تێگەیشتنی قووڵی ئەم توێژەیە لە سەرچاوەکانی هەژاریی. خانەنشینان بە دروستی دەرکیان بەوە کردووە کە ئەو تێچووە ملیاردییانەی لە ئاڵۆزییە ناوچەییەکان و سەرکێشییە سەربازییەکان لە گەرووی هورمز و شوێنەکانی تر خەرج دەکرێن، لە سندووقەکانی خانەنشینی و سفرەی خەڵکی هەژار دابین دەکرێن. لە کاتێکدا هەڵاوسانی هەوساوپچڕاو و بەکاڵاکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، تدنگی بە ژیانی بەساڵاچووان هەڵچنیوە، ئەولەویەتەکانی دەسەڵات هێشتاش بریتییە لە مانەوەی سیاسی لە ڕێگەی نیزامیگەرییەوە.
لە شووش، ناڕازییان سەرەڕای گەرمای سەرووی ٥۰ پلە، هاواریان کرد: “هەڵاوسان، گرانی، نا بۆ شەڕ و وێرانی». ئەم دروشمە لێدانی فیشەکی کۆتاییە لەو بانگەشەیەی دەسەڵات کە ئاسایشی نیشتمانی لە گرەوی هێزی سەربازیدا دەبینێت، بۆ خانەنشینێکی کە توانای کڕینی دەرمانی نییە، ئاسایش لە “چارەسەری خۆڕایی” و “مووچەی شایستە“دا واتا پەیدا دەکات، نەک لە درۆن و مووشەکەکاندا.
بەشێکی زۆری تووڕەیی خانەنشینان سەبارەت بە پێشێلکردنی ئاشکرای یاساکانە لەلایەن حکومەت و ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتییەوە. ماددەی ٩٦ی یاسای دابینکردنی کۆمەڵایەتی بە ڕوونی جەخت دەکاتەوە کە دەبێ مووچەکان “لانی کەم ساڵی جارێک و هاوتەریب لەگەڵ بەرزبوونەوەی تێچووەکانی ژیان” زیاد بکرێن. بەڵام ئەوەی لە واقیعدا ڕوودەدات، ئەوەیە کە ڕێژەی زیادکردنەکان زۆر کەمترە لە هەڵاوسانی ڕاستەقینەو. خانەنشینانی کرماشان وێڕای ئاماژە بەم ماددە یاساییە، جەختیان لەسەر ئەو ڕاستییە کردەوە کە حکومەت نەک هەر یاساکە جێبەجێ ناکات، بەڵکوو بە دواخستنی پێدانی پاشکەوتەکان و بڕینی ئیمتیازاتی پاشماوەکان (وارسەکان)، بە کردەوە خەریکی تاڵانکردنی سیستماتیکی دەستکەوتی دەیان ساڵ کاری ئەوانە.
یەکێک لە گەشەسەندووترین ڕەهەندی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییە، بریتییە لە تێپەڕبوون لە بازنەی داواکارییە تاکەکەسییەکان و چوونە ناو کایەی هاوپشتی لەگەڵ بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە. لە کۆبوونەوەکانی گیلاندا، دروشمەکانی “مامۆستای زیندانی دەبێ ئازاد بکرێت” و “نا بۆ لەسێدارەدان“، نیشانی دا کە خانەنشینان خۆیان بە بەشێک لە جەستەیەکی یەکگرتووی ناڕازی دەبینن. ئەوان دەزانن کە سەرکوتکردنی موعەلیمان و کرێکارانی پێشڕەو، لە ڕاستیدا سەرکوتکردنی دەنگی عەداڵەتخوازانەی تەواوی کۆمەڵگایە. ئەم ئاستە لە هۆشیاریی سیاسی نیشانی دەدات کە خانەنشینان چیتر فریوی بەڵێنە پووچ و بێبنەماکان ناخۆن و بە دروستی دەرکیان بەوە کردووە کە تا ئەو کاتەی کەشوهەوای ئەمنییەتی و ستەم و سەرەڕۆ زاڵ بێت، هیچ ڕێکخراوێکی سەربەخۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافە بژێوییەکانی ئەوان ئەمنییەتی نابێت.
قوڵایی کارەساتەکە ئەو کاتە دەردەکەوێت کە سەیری ئامارە دەستکاریکراوەکان بکەین. لە کاتێکدا لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا ڕێژەی خانەنشینان بە بەراورد بە دانیشتووان زۆر بەرزترە، لە ئێران ملیۆنان کەس لە بەساڵاچووان، بەتایبەت ژنانی ناوماڵ و ئەو کەسانەی کە لە کەرتە نافەرمییەکاندا کاریان کردووە، لە هەبوونی هەر چەشنە مافێکی خانەنشینی بێبەشن. ئەم “لەشکرە شاردراوەیەی برسییەکان” کە ئامارەکەیان بە زیاتر لە ١٠ ملیۆن کەس دەخەمڵێندرێت، قوربانیانی پێکهاتەیەکن کە کاری بێبەرامبەری ناوماڵ و بێکاریی سەپێندراو، بە فەرمی ناناسێت. خانەنشینانی ناڕازی، لە ڕاستیدا زمانحاڵی ئەم حەشیمەتە ملیۆنییەن کە دەنگیان بە هیچ جێگایەک ناگات.
دروشمی “شەقامەکان، سەنگەری زەحمەتکێشان” کە لە کرماشان وترایەوە، مانیفێستی قۆناغی نوێی خەبات و ناڕەزایەتییەکانە. خانەنشینان لە دانوستانەکانیاندا لەگەڵ پارلمان و حکومەتدا گەیشتوونەتە بنبەستی تەواو و لەوە تێگەیشتوون کە “ماف دەسەندرێت“. ئەوان بە جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی دروستکردنی یەکێتییە سەربەخۆ و سەرتاسەرییەکان، قۆناغی ناڕەزایەتییە پرشوبڵاوەکانیان تێپەڕاندووە و بەرەو قۆناغی ڕێکخستنی هێزی کۆمەڵایەتی هەنگاو دەنێن.
بەردەوامیی ئەم بزووتنەوەیە لە جەرگەی قەیرانەکانی “نە شەڕ، نە ئاشتی” و گوشارە ئابوورییەکانی سەرچاوەگرتوو لە گەمارۆ و نیزامیگەری، ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت کە کرێکاران و زەحمەتکێشانی ئێران چیتر ئامادە نین تێچووی مانەوەی سیستمێکی چەوسێنەر، زاڵم، ستەمکار و ناکارامە بدەن. خانەنشینانی ئەمڕۆ پێشڕەوانی بزووتنەوەیەکن کە خوازیاری گۆڕانکاریی بنەڕەتییە لە ئەولەویەتە ئابووری و سیاسییەکانی ئەم کۆمەڵگایەدا، بزووتنەوەیەکی خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتی، ئەولەویەتی زیاترە لە هەر جۆرە سەرکێشییەکی سەربازی و هەژموونخوازیی سیاسی. ئەم ڕاوەستان و خۆڕاگرییەی سەر شەقام، ئیلهامبەخشی ئەو نەوە گەنجانەیە کە دەبینن باوک و دایکەکانیان سەرەڕای پیری و بەساڵاچوون، ئاڵای عەداڵەتخوازییان هەروا بەرز ڕاگرتووە.
