ڕۆژی شەممە 20ی پووشپەڕ، لە ئەنجامی تەقەی بێسەروبەرە و بێ پاساوی هێزە نیزامییەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ناوچە سنوورییەکانی هەورامانی کوردستان، مێرمنداڵێکی تەمەن ١٣ ساڵ گیانی لەدەست دا.
ئەم ڕووداوە کاتێک ڕوویداوە کە ئەم مێرمنداڵە لەگەڵ ئەندامانی بنەماڵەکەی، پاش کۆتایی هاتنی کاری ڕۆژانەیان لە باخەکەی خۆیاندا، بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا لە کاتی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە بوون لە گوندی دەرەکێی سەر بە شاری سەوڵاوا، کە هێزەکانی پاسەوانی سنوور لە ناوچەی تەتەی هەورامان، بە بیانووی ئەوەی ئۆتۆمبێلەکە سەر بە قاچاخچییانە، دەستڕێژی گوللەیان لەو خێزانە کردووە. لە ئاکامی ئەم دەستدرێژییەدا، گوللە بەر ئەم مێرمنداڵە کەوتووە کە لە بەشی دواوەی ئۆتۆمبێلەکەدا بووە و بە هۆی سەختیی برینەکەیەوە دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە. شایانی باسە کە پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئەم کارەساتە، پارێزگاری ڕژیم لە سنە ناچار بە کاردانەوە بووە و ڕایگەیاندووە کە لە ڕێگەی دەزگای قەزایی هێزە چەکدارەکانەوە بەدواداچوون بۆ ئەم ڕووداوە دەکەن.
