کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

باری قورسی سەرکێشیی نیزامیی کۆماری ئیسلامی لەسەر شانی کرێکاران و زەحمەتکێشانی ئێران

IMG 5411

گرژیی نێوان کۆماری ئیسلامی و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەروا بەردەوامە. لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا ناوەندی قەیرانەکە لە مەیدانی ڕووبەڕوبوونەوەی ڕاستەوخۆوە گواستراوەتەوە بۆ لای نێوەندگیرەکان لە تاران، دەوحە و مەسقەت. لەگەڵ ئەوەشدا، دۆناڵد ترامپ ئاگربەستی مانگی ژوئەنی نێوان هەردوولای بەکۆتاییپێهاتووڕاگەیاندووە. قەتەر، عومان، پاکستان، تورکیا، میسر و عەرەبستانی سعوودی هەوڵ دەدەن بۆ ڕێگریکردن لە هەرەسهێنانی تەواوەتیی لێکتێگەیشتنی کاتیی و گەڕاندنەوەی هەردوولا بۆ سەر ڕێڕەوی دانوستاندن.

ناوەندی سەرەکیی ناکۆکییەکە، گەرووی هورمزە، ئەو ڕێڕەوە ئاوییەی کە تا پێش لە دەستپێکردنی تێکهەڵچوونەکان، شوێنی تێپەڕبوونی نزیکەی یەک لەسەر پێنجی نەوت و گازی شلی جیهان بوو. ئەمریکا خوازیاری بەڵێنی ئاشکرای کۆماری ئیسلامییە بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان، کردنەوەی تەواوەتیی ڕێڕەوەکە و هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری سەرانە و باجی زۆرەملێی دەریایی، و لە ئەگەری قبووڵنەکردنی ئەم داواکارییانەشدا، باس لەدەرئەنجامی سەختدەکات. لە بەرامبەردا کۆماری ئیسلامی جەخت دەکاتەوە کە دەبێت بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز لە دەستی ئێران و وڵاتانی کەناراوەکانی ناوچەکەدا بێت و نابێت هێزە دەرەکییەکان ڕۆڵیان تێدا هەبێت.

بەڵگەکان ئەوە نیشان دەدەن تا ئەو جێگایەی کە پەیوەندیی بە کۆماری ئیسلامییەوە هەیە، ئەم قەیرانە دەرەکییە ڕەنگدانەوەی قەیرانێکی قووڵترە لە ناوخۆی وڵاتدا. کوژرانی عەلی خامنەیی لە یەکەم ڕۆژی شەڕەکەدا، پەرەی بە ناسەقامگیری و ململانێی ناوخۆیی ڕژێمەکە داوە. ڕاپۆرتەکان باس لە کەلێن و ناکۆکی نێوان ئەو بەشەی دەسەڵات دەکەن کە خوازیاری جێبەجێکردنی لێکتێگەیشتنەکە و دوورکەوتنەوە لە گرژیی زیاترە، لەگەڵ ئەو هێزانەی ناو سپای پاسداران کە پێداگری لەسەر کۆنترۆڵکردنی توندی هورمز دەکەن. چ ئەوەی هێرشەکەی ئەم دواییەی سەر کەشتییەکان کاری باڵێکی خۆسەری ناو سپا بووبێت بەمەبەستی تێکدانی ڕێککەوتنەکە یان نا، ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر هەیە، ئەویش ئەوەیە کە ئەو سەروەت و سامانە بێشومارەی لە دەستی سپای پاسداراندا کۆبووەتەوە، خاوەنانێکی ڕاستەقینەی لەناو لایەنەکانی دەسەڵاتدا هەیە کە هەرگیز نایەکەنە قوربانیی خەیاڵ و وەهمە ئاخرزەمانەیییەکانی فەرماندە نیزامییە توندڕەوەکان. گرژییە ناوخۆییەکانی دەسەڵات کە بەشێکی لە کاتی بەخاکسپاردنی خامنەییدا دەرکەوت، ئەوە نیشان دەدات کە شەڕی دەسەڵات لە لوتکەی هەرەمەکەدا، زیاتر لە هەر کاتێکی تر لە ئارادایە.

بەڵام واقیعییەت ئەوەیە کە ئەم ڕووبەڕوبوونەوەیە ناتوانرێت تەنیا لە چوارچێوەی ناکۆکیی ئەتۆمی یان ململانێی سەر گەرووی هورمزدا لێک بدرێتەوە. ئەو قەیرانەی ئێستا بەرهەمی بەریەککەوتنی دوو سیاسەتی دەسەڵاتخوازانەیە لە ناوچەکەدا: سیاسەتی گوشار و هەڕەشەی سەربازیی ئەمریکا لە لایەک و سیاسەتی سەرکێشیی ناوچەیی کۆماری ئیسلامی لە لایەکی ترەوە. هەردوو دەوڵەت ئەمنییەت و ژیانی ملیۆنان مرۆڤیان کردووە بە ئامرازی سات و سەودای سیاسی و سەربازی.

کۆماری ئیسلامی لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردوودا سەرچاوەیەکی دارایی و مرۆیی یەکجار زەبەلاحی بۆ پەرەپێدانی چەک، موشەک، درۆن، هێزە بەوەکالەتەکان و پڕۆژە سەربازییە ناوچەیییەکان خەرج کردووە. ئەم سیاسەتانە نە ئاسایشی ڕاستەقینەیان بۆ خەڵکی ئێران دابین کردووە و نە بوونەتە هۆی باشترکردنی پێگەی ئەم ڕژێمە لە جیهاندا.

لە لایەکی ترەوە، هەڕەشەکانی ئەمریکا و گەمارۆ ئابوورییەکانیش ڕاستەوخۆ خەڵکی ئاسایی دەکەنە ئامانج. خەڵک باجی گەمارۆکان لە ڕێگەی هەڵاوسان، گرانبوونی کاڵا بنەڕەتییەکان و پەرەسەندنی بێکارییەوە دەدەن.

تەنانەت ئەگەر هێرشە ڕاستەوخۆکانیش بە شێوەیەکی کاتیی ڕابوەستن، ئەمە بۆ کۆمەڵگە بە مانای کۆتاییهاتنی شەڕ نییە. دۆخینە شەڕ و نە ئاشتیدەبێتە هۆی نائارامیی بەردەوام، سستی و ڕاوەستانی ئابووری و کەمیی دەرمان کە بە شێوەیەکی بنەڕەتی وابەستەیە بە هاوردەکردنەوە. کۆمپانیاکان لە وەبەرهێنان خۆیان دەپارێزن، بەرهەمهێنەران بە شێوەیەکی دڵنیا دەستیان بە کەرەستەی خاو ڕاناگات و کرێکارانیش ڕووبەڕووی مەترسیی داخرانی کارگەکان و لەدەستدانی بژێوی و سەرچاوەی داهات دەبنەوە.

بەردەوامیی گوشار لەسەر گەرووی هورمز دەتوانێت تێچووی گواستنەوە و بیمە زیاد بکات و هاوردەکردنی کاڵا بنەڕەتییەکان، دەرمان و کەرەستەی خاو دژوارتر بکات. یەکەمین دەرئەنجامی دۆخێکی لەو شێوەیە، بریتییە لە بەرزبوونەوەی نرخەکان. بنەماڵە کرێکارییەکان کە پێشتریش لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژیان، ناچار دەبن بەشێکی زیاتری داهاتەکەیان بۆ نان، شوێنی نیشتەجێبوون، دەوا و دەرمان و هاتووچۆ تەرخان بکەن.

بەردەوامبوونی گەمارۆی کرداریی بەندەرەکانی ئێران و درێژەکێشانی سزاکانی سەر ئابووری، بە مانای قووڵبوونەوەی هەرچی زیاتری قەیرانەکەیە لەناو چین و توێژەکانی خوارەوەی کۆمەڵگەدا: کەمیی کاڵا بنەڕەتییەکان، دەرمان و کەرەستەی خاوی بەرهەمهێنان. ئەم دۆخە، زیاتر لە هەر توێژێکی تر، کرێکارانی پیشەسازی، کارمەندانی کەرتی خزمەتگوزاری و بنەماڵە کەمداهاتەکانی شار و گوندەکان دەکاتە ئامانج. لە دۆخێکی وادا، کاتێک بەرپرسانی ئەمریکا باس لەدەرئەنجامی سەختدەکەن یان کاتێک کۆماری ئیسلامی لە هورمز پێداگری لەسەر بەردەوامبوونی سیاسەتە شەڕەنگێزیەکانی خۆی دەکات، هەردوولا بە کردەوە لەسەر بەستێنێک لە گوشاری ئابووری هەنگاو دەنێن کە لە کۆتاییدا تێچووەکەی خەڵکی بێبەش و لێقەوماوی ئێران دەیدەن.

ڕژێمێکی کە ملیاران دۆلار لەپێناو بەرنامە سەربازییەکانیدا خەرج دەکات، لە گرانکردنی نانی سەر سفرەی خەڵکیش خۆش نابێت. کەمکردنەوە یان لابردنی سوبسیدی ئارد و زیادکردنی نرخی نان، نموونەیەکی ئاشکرای گواستنەوەی تێچووی ئەو قەیرانەیە بۆ سەر شانی خەڵک. حکومەت داوا لە خەڵک دەکات کە تێچوویئاسایشی نیشتمانیو سەرکێشییە سەربازییەکان بدەن، بەڵام لە بەرامبەر هەژاری، بێکاری و داڕمانی هێزی کڕینی ئەواندا هیچ بەرپرسیارێتییەک هەڵناگرێت.

هاوکات، کۆماری ئیسلامی کەشوهەوای شەڕ بۆ توندکردنەوەی سەرکوتی ناوخۆیی بەکار دەهێنێت. لە بارودۆخی شەڕدا، ناڕەزایەتییە بژێوییەکان لەژێر ناویهەڕەشەی ئەمنییدا سەرکوت دەکرێن و هەر چەشنە دژایەتییەک لەگەڵ سیاسەتە فەرمییەکان، بە هاوکارییکردن لەگەڵ دوژمن لەقەڵەم دەدرێت. بەم شێوەیە، شەڕی دەرەکی دەبێتە ئامرازێک بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵایەتی، لە کاتێکدا کێشە سەرەکییەکان، واتە هەژاری، گەندەڵی، هەڵاواردن و بێمافی، وەک خۆیان بەردەوام دەمێننەوە.

بەڵام بێگومان گوشاری ئابووری نابێتە هۆی بێدەنگبوونی هەمیشەیی.  ڕەنگە داواکارییەکانی کرێکاران و ناڕەزایەتییە بژێوییەکان بۆ کورتماوە لەژێر سێبەری شەڕدا بشاردرێنەوە، بەڵام لەناو ناچن. دابەزینی حەقدەستی ڕاستەقینە، نەدانی حەقدەست، بێکاریی و گرانیی دەتوانن لە مەودایەکی نزیکدا زەمینەی شەپۆلێکی نوێی ناڕەزایەتییەکان بڕەخسێنێت.

خەڵکی ئێران نە لە شەڕی کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا قازانج دەکەن و نە لە دۆخی تاقەتپڕوکێنینە شەڕ نە ئاشتی“. سەرکێشیی سەربازیی کۆماری ئیسلامی بووەتە هۆی نەهامەتیی ئابووری، گەمارۆ و گۆشەگیریی هەرچی زیاتر، و هەڕەشە و سزاکانی ئەمریکاش باری ئەم قەیرانەی خستووەتە سەر شانی ئەو خەڵکەی کە هیچ ڕۆڵێکیان لە بڕیارە سەربازی و ئەتۆمییەکاندا نییە.

ئەوەی لە گەرووی هورمز و لە پشت دەرگا داخراوەکانی دیپلۆماسیدا ڕوودەدات، لە کۆتاییدا بەسەر سفرەی خاڵیتری بنەماڵە کرێکارییەکان و خەڵکی هەژاردا دەڕووخێت. سەرکێشیی نیزامیی و هەژموونخوازییە ناوچەیییەکانی کۆماری ئیسلامی، سیاسەتێکە کە دووکەڵەکەی ڕاستەوخۆ دەچێتە چاوی زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی ئێرانەوە. تاکە ڕێگەی ڕزگاربوون لەم گێژاوی نەهامەتییە، نە دڵبەستنە بە یەکێک لە لایەنەکانی ئەم شەڕە کۆنەپەرستانەیە و نە گرتنەئەستۆی تێچووەکانی لەلایەن چینی کرێکارەوە، بەڵکوو بریتییە لە کۆتاییهێنان بەو سیاسەتە سەرکێشیانەی کە ئەمنییەت و بژێویی خەڵک دەکاتە قوربانیی مانەوەی ڕژێمێکی سەرکوتگەر و دژەکرێکار.