شەش مانگ بەسەر ڕۆژەکانی ۱۸ و ۱۹ی بەفرانباری ۱۴۰۴ی هەتاویدا تێدەپەڕێت، ئەو ڕۆژانەی کە ملیۆنان ژن و پیاوی ناڕازی، بە بوێری و ئازایەتییەکی کەموێنە بەڵام بەبێ ئامادەکاریی ڕێکخراوەیی پێویست، ڕژانە سەر شەقامەکان. ئەم ڕاپەڕینە مەزنە، ئەڵقەیەک بوو لە زنجیرە ڕاپەڕینە یەک لەدوای یەکەکانی خەڵکی ئێران، درێژەی بەفرانباری ۹۶، خەزەڵوەری ۹۸ و ڕاپەڕینی ۱۴۰۱، بە هەمان دروشمی مێژوویی «ژن، ژیان، ئازادی» کە ئەمجارە لەگەڵ هاواری «نان، کار، ئازادی» ئاوێتە بوو. دەیان ملیۆن کرێکار، ژنانی خەباتکار، گەنجان و ئەو چین و توێژانەی کە ساڵانێک بوو ئاواتی ڕووخانی دێوەزمەی کۆماری ئیسلامییان لە دڵدا بوو، سەرەنجام دەرفەتێکیان دەستکەوت تا لە زیاتر لە چوارسەد شاری ئێران لە پاڵ یەکتردا بوەستن.
تەمسیل و هەمەچەشنیی بەربڵاوی کۆمەڵایەتی، گرنگترین تایبەتمەندیی ڕاپەڕینی بەفرانباری ۱۴۰۴ بوو. یەکەم چەخماخەی ئەو ئاخێزە بەهۆی گرانی، هەڵاوسانی هەوسارپچڕاو و دابەزینی بەردەوامی بەهای دراوی نیشتمانییەوە لێدرا، هەژارییەکی کە چیتر شیاوی تەحەمولکردن نەبوو. بەڵام ناڕەزایەتییەکان بە خێرایی لە داواکارییە بژێوییەکان تێپەڕین. دروشمەکانی پێوەست بە ئازادی و دادپەروەری دەنگیان دایەوە و لە درێژەدا، دروشمی “مەرگ بۆ دیکتاتۆر” بوو بە دروشمی سەرەکیی شەقامەکان. ئەم ڕاپەڕینە، بەپێچەوانەی ئەو وێنەیەی کە هەندێک میدیای دەرەوەی وڵات نیشانیان دەدا، ڕەگ و ڕیشەیەکی تەواو ماددی و چینایەتی هەبوو، هاواری برسییەکان و پەراوێزخراوانی دەستی سیستمێک بوو کە جگە لە هەژاری، سەرکوت و هەڵاواردن، هیچ شتێکی تری بۆ زۆرینەی کۆمەڵگە بەدیاری نەهێنابوو.
سەرەڕای هەموو ئەمانە، ئەم ڕاپەڕینە مەزنە بەدەست چەندین کەموکوڕیی جیدی و چارەنووسسازەوە دەیناڵاند. خەڵکی ناڕازی، بەپێچەوانەی پێویستیی بەردەوامی بزووتنەوە شۆڕشگێڕەکان، بێبەش بوون لە کۆمیتەیەکی ڕێبەریی سەرتاسەری و ناوەندێکی هاوئاهەنگی، هیچ حیزبێکی سەرتاسەری و خاوەن جێگە و پێگەیەکی جەماوەری لە مەیدانەکەدا نەبوو کە بتوانێت ئەرکی ئاڕاستەکردن و یەکگرتوویی پێویست بەڕێوە ببات. تۆڕە ڕێکخراوەکانی گەڕەکەکان لە شارە جیاجیاکاندا پێکنەهاتبوون و خۆپیشاندەران بەرنامەیەکی ڕوونیان بۆ مانگرتنی سەرتاسەری و بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکان لەبەر دەستدا نەبوو. کەلێنێکی جیددی لە ڕیزەکانی هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی ڕژێمدا دروست نەببوو و هیچ میکانیزمێکی پەیوەندیی بەدیل بۆ ئەو بارودۆخانەی کە ڕژێم ئینتەرنێت دەبڕێت و دەست دەداتە سەرکوتی خوێناوی، لە پێشدا بیری لێنەکرابووەوە.
لە پاڵ ئەم کەموکوڕییە پێکهاتەییانەدا، باوەڕێکی مەترسیداریش لە بەشێک لە مەیدانی ناڕەزایەتییەکاندا پەرەی سەند: ئەو تێڕوانینەی کە خەڵکی ڕاپەڕیو بۆ سەرکەوتن پێویستیان بە یارمەتیی هێزە دەرەکییەکانی وەک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە. لەسەر بنەمای ئەم وەهمە بوو کە دۆناڵد ترامپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی خۆیدا نووسی:
“درێژە بە ناڕەزایەتییەکان بدەن و دامەزراوەکانی خۆتان کۆنترۆڵ بکەن… یارمەتی لە بەڕێوەیە.”
ئەم پەیامە، کە دواتر لە بەڵگەنامە فەرمییەکانی کۆنگرێسی ئەمریکاشدا ڕەنگی دایەوە، لەگەڵ ڕستەیەکی دیکەی ناوبراو دووبارە بووەوە:
“ئێرانییە نیشتمانپەروەرەکان، بەردەوام بن لە ناڕەزایەتی… یارمەتی بەڕێوەیە. من تەواوی دیدارەکانم لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی هەڵوەشاندووەتەوە تا ئەو کاتەی کوشتاری بێمانای خۆپیشاندەران ڕادەگیرێت.”
میدیا فارسیزمانەکانی دەرەوەی وڵات کە نزیک بوون لە گوتاری ئیمپریالیستی، ئەم ڕستانەیان بەردەوام بڵاودەکردەوە. ڕەزا پەهلەویش بەشێوەیەکی هەلپەرستانە، لەسەر بنەمای ئەم بەڵێنانەی ترامپ، بانگەوازی ئەوەی کرد تا خەڵک لە شەوانی ۱۸ و ۱۹ی بەفرانباری ۱۴۰۴دا لە ئاستێکی بەربڵاوتر دا بڕژێنە سەر شەقامەکان و بە خەیاڵی خۆی “کاری حکوومەت کۆتایی پێ بهێنن“. ئەم ڕاستییە ئاشکرایە کە، ئومێد بەستن بە “یارمەتیی دەرەکی” ڕۆڵێکی تێکدەرانەی گێڕا لە چەواشەکردنی بەشێک لە بزووتنەوەکە و خستنە تەڵەی لەبەردەم ئامێری سەرکوتی ڕژێمدا.
ڕاپەڕینی بەفرانباری ۱۴۰۴ ڕووداوێکە کە جێگەیەکی تایبەتی لە ڕۆژژمێری خەباتگێڕانەی خەڵکی ئێراندا گرتووە و وانەی زۆری تێدایە، وانگەلێکی کە لەم وتارەدا تەنیا ئاماژە بە گۆشەیەکیان کرا، چونکە بە مەودایەکی کورت شەڕی چل ڕۆژە دەستی پێکرد و پرۆسەی شیکردنەوە و کۆبەندی ئەم ڕاپەڕینەی خستە ژێر کاریگەرییەوە. بەڵام هەرلە ئێستاوە بەڕوونی دەرک بە خاڵە دەکرێت کە: ئازایەتیی خەڵک بۆ ڕووخاندنی ڕژێمێکی وەک دێوەزمەی کۆماری ئیسلامی، مەرجێکی پێویستە، بەڵام هەرگیز مەرجێکی بەس نییە. حزووری ملیۆنی لەسەر شەقام، هەرچەندەش شکۆدار بێت، بەبێ ڕێکخستن، بەبێ ڕێبەریی سەرتاسەری، بەبێ بەرنامەی سیاسی ڕوون و بەبێ ئامادەکاری بۆ قۆناغەکانی دوای ڕووخان، بە تەنیا سەرکوتنی بزووتنەوەیەک گەرەنتی ناکات. پشت بەستن بە هێزە ئیمپریالیستییەکان، لەجیاتی پشت بەستن بە ڕێکخستنی سەربەخۆی چینی کرێکار و زەحمەتکێشان، نەک هەر ڕێگاچارە نییە، بەڵکو بزووتنەوەکە دەخاتە بەر مەترسیی یارییە ژیۆپۆلەتیکییەکانی زلهێزەکان، ئەو یارییانەی کە هیچکات بەرژەوەندیی ڕاستەقینەی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران لەبەرچاو ناگرن.
لێرەدایە کە وەبیرهێنانەوەی ڕاستییەکی تاڵ و لە هەمان کاتدا هیوابەخش وەک پێویستییەک دەردەکەوێت: فەرماندە و بڕیاردەری کۆمەڵکوژیی ڕۆژەکانی ۱۸ و ۱۹ی بەفرانباری ۱۴۰۴، سەرەنجام ڕۆژی ۱۹ی پووشپەڕی ۱۴۰۵دا لەگۆڕنرا. ئەم کۆتاییەی یەکێک لە هۆکارانی سەرکوت، ئەگەرچی بە تەنیا بە واتای کۆتاییهاتنی سیستمی سەرکوتگەر نییە، بەڵام وەبیرهێنەرەوەی ئەم ڕاستییە مێژووییەیە کە سەرەنجام ڕژێمی ئیسلامیش، وەک هەر سیستمێکی دیکەی دیکتاتۆری، بە دەستی بەتوانای جەماوەری ڕێکخراو دەڕووخێت. خوێنی قوربانیانی ئازیزی ئەو دوو ڕۆژە ڕەشە، لە بیرەوەریی مێژوویی بزووتنەوەی کرێکاری و ئازادیخوازیی ئێراندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە و دەبێتە پاڵنەر و وزەبەخشی خەباتەکانی داهاتوو بۆ ڕووخاندنی ئەم ڕژێمە و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەک لەسەر بنەمای دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، یەکسانی و ئازادی. حەماسەی بەفرانبار، ئەگەرچی نوقمی خوێن کرا، بەڵام تۆوێک بوو کە لە ناخی خۆیدا، ئەزموونێکی بەنرخی بۆ خەباتەکانی داهاتوو لەپێناو ڕووخاندنی ڕژێم لەلایەن خەڵکی ئێرانەوە بەجێهێشت.
