لە ڕۆژانی ڕابردوودا، شلێر مام قادری ژنە بەندکراوی کوردی تووشبوو بە شێرپەنجە پاش سێ مانگ دەستبەسەرکران بە دانانی بارمتەیەکی قورس لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.
ڕۆژی سێشەممە ١٦ی پووشپەڕ ئەم ژنە تەمەن ٣٤ ساڵەیە کە خەڵکی شاری مەهابادە، پاش ٩١ ڕۆژ دەستبەسەرکرانی بە شێوەی کاتی و تا کاتی بەڕێوەچوونی دادگا ئازاد کرا. ناوبراو کە دایکی سەرپەرشتیاری بنەماڵەکەیە و بەدەست نەخۆشی شێرپەنجەوە دەناڵێنێت، لە ماوەی دەستبەسەرکران و لێپرسینەوەکانیدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کەوتبووە بەر ئەشکەنجەی توندی جەستەیی و دەروونی. بە وتەی سەرچاوەکانی هەواڵ، دەزگای قەزایی ڕژیم بۆ ئازادکردنی کاتیی ئەم هاووڵاتییە کوردە بڕی ١٥ ملیار تمەن بارمتەی دیاری کردبوو، کە ئەمەش نیشاندەری بەردەوامیی گوشارە قورسەکانە بۆ سەر بەندکراوان و خێزانەکانیان لە کوردستانە.
