کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

دانوستان لە بنبەستدا و خەڵکی ئێران لە گەمارۆی گرانی و هەڵاوساندا

IMG 5305

خولێکی نوێی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە دەوحە دەستی پێکردووە. بەڵام کەشی سیاسی و ڕاگەیاندنەکان هێشتا زیاتر لە مەیدانی شەڕ دەچێت تا لە مێزی دیپلۆماسی. لە کاتێکدا هەردوولا هاوکات هەم دانوستان دەکەن و هەم هەڕەشە و گوڕەشە لە یەکتر دەکەن، هەواڵەکانی وەکئازادکردنی شەش ملیارد دۆلاروگەڕانەوەی دیپلۆماسیلە پاڵ هەڕەشەیجەنگی سێیەمو ئامادەباشی سەربازیی ئیسرائیلدا دەبیسترێن. لەم نێوەندەدا، ئەوەی کە لە چاوی سیاسییەکان و شرۆڤەکاران ون دەبێت، ئەو ڕاستییەیە کە دەیان ملیۆن هاووڵاتیی ئێران هەموو ڕۆژێک ئەوە بە گرانییەکی هەوسارپچڕاو و دابەزینی بەردەوامی ئاستی بژێوییان ئەزموون دەکەن.

ئەزموونەکان سەلماندوویانە کە هەر جارێک باسیدانوستانولێکگەیشتنلە نێوان کۆماری ئیسلامی و ئەمریکادا گەرم دەبێت، باسیبووژانەوەی ئابوورییشی بەدوادا دێت. ئەمجارەش سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاندووە کە بەشێک لە داراییە سڕکراوەکانی ئێران لە قەتەر ئازاد کراون. بەڵام لە سەر شەقام و ناو جەرگەی کۆمەڵگادا، هەڵاوسانی بەردەوام، گرانبوونی لەڕادەبەدەری نرخی خۆراک و تەنانەت گرانبوونی نرخی نان، کە بۆ زۆر کەس دوایین پەناگەی دابینکردنی کالۆریی ڕۆژانەیە، ئاماژە بە ڕاستییەکی جیاواز دەکەن. بیرەوەریی ڕێککەوتنی ئەتۆمی (بەرجام) و سەردەمی دوای بەرجامیش لە یادەوەریی گشتیدا ماوەتەوە، ئەو قۆناغە کورتانەی هەناسەدانی دراو کە چاوەڕوان دەکرا ببنە هۆی گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە ئابووریدا، بەڵام هیچکات ئەوە ڕووی نەدا. هەر بۆیە زۆربەی خەڵک، هەواڵی ئازادبوونی سەرچاوە داراییەکان زیاتر وەک ئامرازێک لە کایەی دەسەڵاتی سەرەوەدا دەبینن، نەک وەک مژدەیەک بۆ باشتربوونی ڕاستەقینە لە ژیانی ڕۆژانەیاندا.

هاوکات، سێبەری شەڕ هەرگیز لە ئاسمانی ناوچەکە نەڕەواوەتەوە. لێدوانەکانی ئەم دواییەی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل سەبارەت بە ئەگەریجەنگی سێیەمو ئامادەکاری بۆ ئۆپراسیۆنێکی سەربەخۆ لەدژی ئێران، ئەوە نیشان دەدەن کە ئەگەری تێپەڕبوون لەو گرژییە کۆنترۆڵکراوەوە و ڕووبەڕووبوونەوەیەکی بەربڵاو لە هەر ئان و ساتێکدا لە ئارادایە. کاتێک بەرپرسانی لەو شێوەیە بە ئاشکرا باس لەوە دەکەن کە بەرپرسە باڵاکانی ئێران لەلیستی ئامانجەکاندان، پەیامەکە ڕوونە: شەڕ چیتر تەنیا سیناریۆیەکی دوورەدەست نییە، بەڵکوو بووەتە ئامرازێکی بەردەوام بۆ گوشار و باجگیریی سیاسی. لە بارودۆخێکی ئاوادا، خاوبوونەوەی دانوستانەکان تەنیا بە واتای دواکەوتنی لاچوونی گەمارۆکان نییە، بەڵکوو بۆ جەماوەری خەڵک بە واتای بەردەوامبوونی ژیانە لەژێر سێبەری شەڕدا، تێچوویەکی کە هەم لە بودجەی نیزامی و هەم لە نائارامیی دەروونی و هەروەها شەپۆلی کۆچبەری و ناسەقامگیریی کۆمەڵایەتی دەدرێت.

لە ئاستی کردەییدا، گفتوگۆ تەکنیکییەکانی دەوحە زیاتر پرسی پاراستنی ئاگربەستی لەرزۆکی ١٧ی ژوئەن لەخۆ دەگرێت، ئاگربەستێکی کە بەهۆی پێكانی کەشتییەک لە گەرووی هورمز بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران و دواتریش هێرشی مووشەکی و درۆنیی ئێران بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە کوێت و بەحرەین، لە لێواری هەرەسێهێناندا بوو. ئەمریکا ئەم دانوستانانە وەک بەشێک لە بەرەوپێشبردنی ڕێککەوتننامەیەکی بەربڵاوتری ١٤ خاڵی دەبینێت، لە کاتێکدا کۆماری ئیسلامی بە فەرمی ڕایگەیاندووە کە گفتوگۆکان تەنیا سنووردارن بەبەڕێوەبردنی گرژییەکان لە گەرووی هورمز“.

لە چەقی ئەم ناکۆکییەدا، پرسی کۆنترۆڵ و ئاسایشی گەرووی هورمز بوونی. ئەمریکا لەسەر تێپەڕبوونی کەشتییەکان لە ڕێڕەوی باشووری نزیک عومان جەخت دەکاتەوە، لە کاتێکدا ڕژێمی ئێران لەسەر مافی خۆی سەبارەت بە کۆنترۆڵکردنی ڕێڕەوی باکوور پێداگری دەکات. هەر ئەم جیاوازییە لە ئامانجەکاندا وایکردووە تەنانەت لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی ڕواڵەتیی دیپلۆماسیشدا، داهاتووی هەر ڕێککەوتنێک بە لێڵی بمێنێتەوە، کاردانەوەی تاڕادەیەک ئەرێنیی بازاڕی نەوت و جێگیربوونی نرخی برێنت لە دەوروبەری ٧٢ دۆلاردا، زیاتر ڕەنگدانەوەی ئومێدە بە بەڕێوەبردنی قەیرانەکە، نەک نیشانەیەک بۆ چارەسەری بنەڕەتیی گرژییەکان.

هەردوولای دانوستانەکە لەژێر باری گوشارە ناوخۆییەکاندا چەماونەتەوە. لە ئەمریکا، ڕای گشتی دوای شەڕی ماندووکەری ئەم دواییە، بەرامبەر بە هەر سەرکێشییەکی سەربازیی نوێ هەستیار بووەتەوە و دەرئەنجامە ئابوورییەکانی گرژییەکان، لە زیادبوونی تێچووەکانەوە بگرە تا پەککەوتنی زنجیرەی دابینکردنی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، دەوڵەتی خستووەتە ژێر گوشارەوە. بەڵام لە ئێران دۆخەکە زۆر لەوە قەیراناویترە: ئابوورییەکی زیانلێکەوتوو، هەڵاوسانێکی سەرسوڕهێنەر، دابەزینی بەردەوامی بەهای دراوی نیشتمانی و ناڕەزایەتییەکی بەربڵاو سەبارەت بە بژێوی ژیان، لە هەر بوارێکەوە تەنگی بە خەڵک هەڵچنیوە.

له کەشێکی ئاوادا، هەم کۆماری ئیسلامی و هەم ئەمریکا دەخوازن هەر سازشێکی ئەگەری لە چوارچێوەی گوتاری خۆیاندا پاساو بکەن، ئەمریکا بە زمانی ،ئاسایشی نیشتمانی، و تاران بە تێکەڵەیەک لە ناڕوونی، دووفاییەتیمەیدان و دیپلۆماسی، و هاندانی میدیا حکومییەکان ڕووبەڕووی هەر چەشنە نەرمی نواندنێک دەبێتەوە. بەیاننامەی ئەم دواییەی ڕۆژنامەیکەیهانکە داوای ڕاگرتنی دانوستانەکانی کردووە تا جێبەجێکردنی تەواوی بەڵێنەکانی لایەنی بەرامبەر، نموونەیەکی ڕوونی ئەم گوشارە ناوخۆییەیە، گوشارێکی کە بە کردەوە دەستی تیمی دانوستانکار بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی کۆنکرێتی دەبەستێت.

لە کاتێکدا بەرپرسانی ئەمریکایی باس لە دیداری ئاستباڵا لە قەتەر دەکەن، لایەنی ئێرانی هەر چەشنە دانوستانێکی لەپێشدا پلان بۆداڕێژراو ڕەت دەکاتەوە و سەردانی شاندە تەکنیکییەکەی تەنیا لە چوارچێوەی بەڕێوەبردنی گرژییەکان لە گەرووی هورمزدا وەسف دەکات. ئەم دژوازییە لە گێڕانەوەکان، بێمتمانەیی هەردوولا قووڵتر دەکاتەوە و ئاسۆیەکی ڕوون لەبەردەم ڕای گشتیدا ناهێڵێتەوە.

ئەوەی لە کۆتاییدا دەیان ملیۆن هاووڵاتی بە ڕوونی هەستی پێدەکەن، نەک هەواڵە دیپلۆماسییەکان، بەڵکوو بریتییە لە کەمبوونی توانای کڕین، نەبوونی ئەمنییەتی پیشەیی، دابەزینی ئاستی خۆشگوزەرانی و ئەو ئازارە دەروونییەی کە لە بێ ئاسۆییەوە سەرچاوە دەگرێت. کاتێک ڕەوتی دانوستانەکان خاو دەبێتەوە یان ئاراستەیەکی نادیار بەخۆوە دەگرێت، دەرئەنجامە ڕاستەوخۆکەی دەبێتە بەردەوامبوونی ئەو دۆخە ماندووکەرەی کە نە شەڕێکی هەمەلایەنە ڕوودەدات و نە ئاشتییەکی بەردەوام دێتە ئاراوە، و تێچووی ئەم بێ ئاسۆییەش بەر لە هەر کەسێک، دەکەوێتە سەرشانی خەڵکی ئاسایی.

بەردەوامبوونی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا، هاوکات لەگەڵ هەڕەشە و گوڕەشەی سەربازی، ناكۆكی لەسەر گەرووی هورمز، گوشاری باڵە توندڕەوەکان و ڕەتکردنەوەی یەکتر، وێنەیەکی ڕوون لەو بنبەستەی ئێستا نیشان دەدات:

لە سەرەوە، پێکهاتەکانی دەسەڵات لە هەردوولا لە قبوڵکردنی هەر چەشنە سازشێک کە بتوانرێت وەکپاشەکشەی ستراتیژیلێک بدرێتەوە، دەترسن.

لە خوارەوە، بەهۆی هەڵاوسان، نەبوونی ئەمنییەتی پیشەیی و بەردەوامیی سێبەری شەڕ، ژیانی خەڵکی ئێران ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر دەکەوێتە ژێر گوشارەوە.

تا ئەو کاتەی لۆژیکی زاڵ بەسەر سیاسەتی دەرەوەدا، برتیتی بێت لە بەدەستهێنانی ئیمتیاز لە ململانێی هێزدا نەک دابینکردنی ئاسایش و بژێویی هاووڵاتیان، تەنانەت جێگیرترین ئاگربەستەکانیش هیچ شتێک بە سفرەی خەڵک زیاد ناکەن. کێشە سەرەکییەکە ئەوەیە کە دانوستانەکان پێویستە نەک لە ژوورە داخراوەکاندا، بەڵکوو لە پێوەندیدا لەگەڵ شەفافییەت، وەڵامدەرەوەبوون و پێناسەکردنەوەی ڕاستەقینەی ئەولەویەتە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی وڵاتدا بچنە پێشەوە، ئەگەر نا، دەوحە و ئیسلام ئاباد و ژنێف تەنیا وەک ناوێک لە بیرەوەریی کۆمەڵگەیەکی ماندوودا کە ساڵانێکە بە نان، گیان و داهاتووی خۆی باجی گەمەی دەسەڵاتی کەسانی تر دەدات.