کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

پارلەمانتاریزم، دەستکەوتەکان و بەربەستەکان بەبۆنەی ڕۆژی جیھانیی سیستمی پارلەمانییەوە

IMG 5291

سیستمی پارلەمانی لە ماوەی دوو سەدەی ڕابردوودا یەکێک بووە لە گرنگترین دامەزراوە دیموکراسییەکانی بۆرژوازی، دامەزراوەیەکی کە بڕیار بووئیرادەی گشتیلە قاڵبی نوێنەرانی ھەڵبژێردراوی جەماوەر، تیایدا ڕەنگ بداتەوە و ناوبژیوانێکی وەڵامدەرەوە لە نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگادا دروست بکات. ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی نێوان پارلەمانەکان (ئای پی یو) ساڵانە ٣٠ی ژوئەن وەکڕۆژی جیھانیی پارلەمانتاریزمبەرز ڕادەگرن و لەسەر ڕۆڵی پارلەمانەکان لە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسی جەخت دەکەنەوە.

بەڵام ئەم ناوەندانە لە ھەمان کاتدا ھۆشداری دەدەن کە متمانەی گشتی بە دامەزراوە سیاسییەکان کەمی کردووە و دیموکراسیی پارلەمانی ڕووبەڕووی ھەڕەشەی وەک پۆپۆلیزم، ناسیۆنالیزمی توندڕەو و لاوازبوونی دامەزراوە دیموکراتییەکان بووەتەوە. ئەم دۆخە زۆر کەسی گەیاندووەتە ئەو پرسە کە: ئایا پارلەمان ھێشتا دەتوانێت کۆڵەکەی سەرەکیی دیموکراسی بێت؟ واقعییەت ئەوەیە کە سیستمە پارلەمانییەکان، سەرەڕای ھەموو بەربەستەکانیان، دەستکەوتی گرنگیان بۆ مرۆڤایەتی بەدەستھێناوە:

پارلەمانەکانلەسەرەتاداوەکئامرازێکبۆسنووردارکردنیدەسەڵاتیپاشاکانودەوڵەتەسەرەڕۆکان (موتڵەقەکان) سەریان ھەڵدا. پابەندکردنی دەوڵەت بە وەڵامدانەوە لە بەردەم پەرلەمانی ھەڵبژێردراو، خۆی ھەنگاوێکی بنەڕەتی بوو لە تێپەڕبوون لە سەرەڕۆیی تاکەکەسییەوە بۆ سەروەریی یاسا. ئەگەرچی ئەم نوێنەرایەتیکردنە ھەمیشە ناتەواو و چینایەتی بووە، بەڵام ڕەخساندنی ڕێڕەوەکانی ھەڵبژاردن، دەرفەتی گۆڕینی ئاشتییانەی دەوڵەتەکان و خستنەڕووی داواکارییە کۆمەڵایەتییەکانی لە کایەیەکی گشتیدا فەراھەم کرد، ئەمەش بە بەراورد لەگەڵ شێوازە ئاشکراکانی دیکتاتۆریدا، پێشکەوتنێکی حاشاھەڵنەگرە.

زۆرێک لە مافە مەدەنی، سیاسی و تەنانەت بەشێکی گرنگ لە مافە کۆمەڵایەتی و کرێکارییەکان (لانیکەمی حەقدەست، بیمەی کۆمەڵایەتی، مافەکانی ژنان و…) لە چوارچێوەی پڕۆسە پارلەمانییەکاندا جێگیر کراون، بەتایبەت لە سەردەمی زێڕینی دەوڵەتی خۆشگوزەرانیی لە ئورووپای دوای شەڕی جیھانیی دووەم.

پارلەمان وەک بوارێک بەستێنێک بۆ گفتوگۆ و سازان، یارمەتیدەر بووە لەوەی کە بەشێک لە ناكۆكییە چینایەتی و سیاسییەکان لە جیاتی تەقینەوەی توندوتیژانە، لە قاڵبی میکانیزمە یاسایی و گشتییەکاندا بەڕێوەببرێن.

ئەمانە ئەو لایەنانەن کە تەنانەت ڕەخنەگرە ڕادیکاڵەکانیش بە گشتی وەک دەستکەوتی مێژوویی دیموکراسیی پارلەمانی دانیان پێدا دەنێن، ئەگەرچی بە تەواو و کۆتاییشی نازانن.

بەڵام لە‌ ده‌یاكانی ڕابردوودا نیشانەکانی قەیرانێکی قووڵ لە سیستمە پارلەمانییەکاندا دەرکەوتوون، قەیرانێکی کە ھەم لە داتا سیاسییەکاندا (کەمبوونەوەی بەشداری، زیادبوونی بێ‌متمانەیی، گەشەی پارتە فاشیستەکان) و ھەم لە باسە تیۆرییەکاندا ڕەنگی داوەتەوە.

یوورگن هابەرماس لەسەر ئەو خاڵە جەخت دەکاتەوە کە پارلەمانەکان وردە وردە توانای خۆیان لە شکڵ پێدان بەئیرادەی گشتیلەدەست داوە، چونکە بڕیارە سەرەکییەکان زیاتر لە ئاستێکی دەرەوەی پارلەمان، لەوانە لە بازاڕە داراییەکان، کۆمپانیا فرەنەتەوەییەکان و دامەزراوە سەروونەتەوەییەکانی وەک یەکێتیی ئورووپا، ڕێکخراوی بازرگانیی جیھانی و هتد، دەدرێن. بە بڕوای ئەو،دەسەڵاتدارێتی جەماوەری پەراوێز خراوە“.

کۆلین کرۆچ لە کتێبیپاش‌دیموکراسیدا داڕشتنێکی ڕوون دەخاتە ڕوو: ھەڵبژاردنەکان ھەروا بەڕێوە دەچن، بەڵام کایەی سیاسەت بووەتە مەیدانێک بۆ کێبڕکێی براندە حزبییەکان و بڕیاردانی ڕاستەقینە دەکەوێتە دەست نوخبە ئابووریی و لۆبییە بەھێزەکان. پارلەمان تادێت زیاتر کارکردێکی تەشریفاتی وەردەگرێت.

شانتال مۆف لە گۆشەنیگایەکی دیکەوە دەڵێت دوورکەوتنەوەی پارتە نەریتییە لیبرال و سۆسیال‌دیموکراتەکان لە داواکارییە ڕاستەقینەکانی خەڵک، بۆشایییەکی دروست کردووە کە لەلایەن بزووتنەوە و ڕێبەرانی پۆپۆلیستەوە پڕ دەکرێتەوە، ئەو بزووتنەوانەی کە ھەندێک جار خودی پارلەمان وەک بەربەستێک لە بەردەمئیرادەی ڕاستەقینەی جەماوەردا دەناسێنن و مەشروعییەتەکەی ڕەت دەکەنەوە.

یاشا مۆنک و یانوێرنەر مۆلەر بەتایبەت پەنجە دەخەنە سەر مەترسییدیموکراسییە نالیبرالەکانو پۆپۆلیزمی دەسەڵاتخواز: ئەو حکوومەتانەی کە بە ھەڵبژاردنی ئازاد دێنە سەر دەسەڵات، بەڵام ھەنگاو بە ھەنگاو سەربەخۆیی پارلەمان، میدیاکان و دەسەڵاتی دادوەری تێکدەدەن و ھەر جۆرە دژایەتییەک بەدژی نەتەوەناو دەبەن. لەم دۆخەدا، پارلەمان بە ڕواڵەت بەردەوامە، بەڵام لە کردەوەدا هیچ دەسەڵات و سەربەخۆییەکی نامێنێت.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، ڕه‌خنه‌گرانی کۆمۆنیستی وەک ڤۆڵفگانگ شتریک، سەرچاوەی قەیرانەکە دەگەڕێنێتەوە بۆ جیھانگیربوونی سەرمایەداریی. بە بڕوای ئەو، دەوڵەت و پارلەمانە نیشتمانییەکان لەژێر فشاری بازاڕە داراییەکان، دامەزراوەکانی ھەڵسەنگاندنی قەرز و وەبەرھێنەرە نێودەوڵەتییەکاندا، مافی ھەڵبژاردنی ڕاستەقینەیان لە نێوان بژاردە جیاوازەکانی ئابووریدا لەدەست داوە،دیموکراسیلە بەرامبەر لۆژیکی کەڵەکەکردنی سەرمایەدا پاشەکشە دەکات و ھەڵبژاردن کورت دەبێتەوە بۆ ھەڵبژاردن لە نێوان چەند جۆری جیاوازی یەک سیاسەتی ئابووریی دیاریکراودا.

لە ڕوانگەی کۆمۆنیستەکانەوە، ھەڵسەنگاندنی پارلەمانتاریزم ھەمیشە دووڕەهەندی بووە:

لە لایەکەوە، کۆمۆنیستەکان بنەڕەتەن بەشداریکردن لە پارلەمانەکانی جیھانی سەرمایەداریدا ڕەت ناکەنەوە. بەشداریی لە پارلەماندا، بەپێی ھاوکێشەی ھێز و بارودۆخی دیاریکراوی هەر وڵاتێک، دەتوانێت ببێتە تریبۆنێک بۆ لەقاودان، خستنەڕووی داواکاریی کرێکاران و زەحمەتکێشان و بەرگریکردن لە ئازادیی و مافە دیموکراتییەکان. بڕیاردان لەسەر بەشداریکردن یان بەشدارینەکردن، پرسێکی تاکتیکییە نەک پرەنسیپێکی ئایدۆلۆژیی نەگۆڕ.

لە لایەکی دیکەوە، کۆمۆنیستەکان پارلەمانی بۆرژوازی بە ئەوپەڕی دیموکراسی نازانن و پێیان وایە کە گرێدراوی پێکھاتەی خاوەندارێتی و دەسەڵات لە سەرمایەداریدا. لەمڕووەوە، ئاڵترناتیڤی ستراتیژیی ئەوان، بریتییە لە سیستمی شۆڕایی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا، سیستمێکی کە پشتبەستووە بە شۆڕاکانی ھەڵبژێردراو لە ناوەندەکانی کار و ژیان لەوانە (کارگە، گەڕەک، زانکۆ و…) بە نوێنەرانێکەوە کە لە هەر ساتێکدا شیاوی لادان و عەزلکردنن، ماف و ئیمتیازاتەکانیان لە ئاستی مامناوەندی کۆمەڵگا زیاتر نییە و ڕاستەوخۆ وەڵامدەرەوەی دەنگدەرانی خۆیانن.

لەو ڕوانگەیەوە، دیموکراسیی ڕاستەقینە تەنیا بە واتای مافی دەنگدان لە هەر چوار ساڵ جارێکدا نییە، بەڵکوو واتە دەخالەتی بەردەوام و ڕێکخراوی زۆرینە لە بڕیارە بنەڕەتییە سیاسی و ئابوورییەکاندا، شتێکی کە پارلەمانی بۆرژوازی، تەنانەت لە باشترین شکڵیشیدا، تەنیا بەشێکی سنوورداری لێ دابین دەکات.

پارلەمان، لەگەڵ ھەموو لاوازی و دژوازییەکانیدا، ھێشتا یەکێکە لە مەیدانە گرنگەکانی خەبات لە پێناو ئازادیی و مافە دیموکراتییەکاندا، بەڵام ئەگەر ئەم مەیدانە بە شێوازی قووڵتری دیموکراسیی کۆمەڵایەتی و شۆڕایی جێگەی نەگیرێتەوە، لە بەرامبەر فشاری سەرمایە، پۆپۆلیزم و دەسەڵاتخوازیدا، زیاتر لە جاران ناوەڕۆکی خۆی لەدەست دەدات.