کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

٢٦ی ژوئەن، ڕۆژی جیهانیی پشتگیری لە قوربانیانی ئەشکەنجە

IMG 5262

٢٦ی ژوئەن، ڕۆژی جیهانیی پشتگیری لە قوربانیانی ئەشکەنجەیە. ئەم ڕۆژە ساڵی ١٩٩٧ لە لایەن کۆمەڵەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە فەرمی ناسێندرا و لە ڕۆژژمێری ئەم ڕێکخراوەدا تۆمار کرا. لە کۆی ١٩٢ وڵاتی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان، ٥٠ وڵات، لەوانە کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش، کۆنڤانسیۆنی قەدەغەکردنی ئەشکەنجەیان ئیمزا نەکردووە.

دیاریکردنی ئەم ڕۆژانە لە لایەن کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، کە هیچ گەرەنتییەکی جێبەجێکردنی نییە، نزبێتە ڕێگر لەبەردەم دەسەڵاتە ئەشکەنجەدەرەکان. سەرەڕای ئەوەش، ڕاگەیاندنی ئەم ڕۆژە دەرفەتێکە بۆ ئیدانەکردنی ئەو حکومەتانەی کە کردەوە دژەمرۆییەکانی ئەشکەنجە بەڕێوە دەبەن.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، ئەشکەنجە لە ١١١ وڵاتی جیهاندا ئەنجام دەدرێت. ئەم ئامارە لەسەر بنەمای هەمان پێناسەی سنووردارە کە ڕەوتە لیبراڵەکان لە ئەشکەنجەی بەکاردێنن، پێناسەیەکی کە تێیدا هەژاریی سیستماتیک، کۆمەڵکوژی و زیانەکانی شەڕ، لەسێدارەدان، پێشێلکردنی مافی منداڵان و توندوتیژی دژی ژنان لەبەرچاو ناگیرێت. لە ڕوانگەیەکەوە کە بەرژەوەندیی چینایەتی کرێکاران و زەحمەتکێشان دەکاتە تەوەر، ئەو جیهانەی کە سیستمی سەرمایەداری بۆ مرۆڤەکانی دروست کردووە، پڕە لە جۆرەها ئەشکەنجە.

ئەشکەنجە لەسەر ئاستی جیهان بەتایبەت دوای ڕووداوەکانی ١١ی سێپتامبری ٢٠٠١ زیاتر پەرەی سەندووە. دەسەڵاتە سەرمایەدارەکان، بە سەرکردایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، نەک هەر ئەو ڕووداوە جینایەتاکارانەیان کردە بیانوو بۆ هێرشکردنە سەر ئەفغانستان و عێراق، بەڵکوو ئەشکەنجەدانیشیان بە شێوەیەکی فەرمی خستە ناو بەرنامەی کاری خۆیانەوە. حکومەتی جۆرج بۆش لە ڕێگەی زیندانی ئەبووغرێب لە عێراق، زیندانی گوانتانامۆ لە خاکی داگیرکراوی کوبادا و چەند زیندانێکی نهێنی دیکە، و بە بەکارهێنانی ئەو حکومەتە ئەشکەنجەدەرانەی کە ساڵانێک بوو لە لایەن ئەمریکاوە پشتگیری دەکران، دەستی دایە ئەشکەنجەدانی زیندانیانی سیاسی. حکومەتی بریتانیاش لەم ڕێگەیەدا شەریک بوو و گەلێک ڕاپۆرتی بەڵگەمەندی پەیوەندیدار بەم ئەشکەنجانە بە شێوەیەکی بەرفراوان بڵاو کراونەتەوە.

لە پەنای ئەم حکومەتە بەناو دیموکراتانەدا، ڕژێمە دیکتاتۆرەکان لە سەرووی هەمووشیانەوە کۆماری ئیسلامیی ئێران بوونیان هەیە کە ئەشکەنجە بە شێوەیەکی ئاشکرا و ڕێکخراو بەکاردێنن.

سەبارەت بە ئەشکەنجەی بەرنامەبۆداڕێژراو و ڕێکخراو لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیەدا، بەڵگەنامەی زۆر بڵاوکراونەتەوە. بەڵام ئەوەی ڕژێمی ئیسلامی لە زۆرێک لە دیکتاتۆرییەکانی دیکە جیا دەکاتەوە، ئەوەیە کە ئەشکەنجە لە ئێران نەک هەر لە کردەوەدا بەڵکوو لە یاساشدا بە فەرمی ناسراوە.

کۆماری ئیسلامی لەسەر بنەمای یاساکانی خۆی، سزاکانی وەکتەعزیری شەرعی، کە بریتین له لێدانی قامچی، قەساس و بڕینەوەی ئەندامەکانی جەستە، بە ئەشکەنجە نازانێت و بە سزای یاسایی و شەرعییان ناو دەبات. ئەم پاساوە ئاینییە، پەردەیەکە بۆ بەدامەزراوەیییکردنی ئەشکەنجە لە دام و دەزگای دادوەریدا. لە ڕاستیدا لە ئێران، جەلاد جلی دادوەری پۆشیوە و حوکمی قامچی لە لایەن هەمان دادگاوە دەردەچێت کە بانگەشەی جێبەجێکردنی دادپەروەریی ئیسلامی دەکات.

ئەشکەنجەدانی حکومەتی ئیسلامی تەنیا زیندانەکان لەخۆ ناگرێت. کردەوەکانی پۆلیسیگەشتی ئیرشادبەرامبەر بە ژنان و کچان لە شەقامەکان بێجگە لە ئەشکەنجە چ ناوێکی دیکەی لێ دەنرێت؟ ئایا لەسێدارەدان و بەتایبەت لەسێدارەدان لەپێش چاوی خەڵک، بێجگە لە ئامرازێک بۆ بڵاوکردنەوەی توندوتیژی و ئەشکەنجەی گشتی چی دیکەیە؟ ئایا بەهێزکردنی دامەزراوە پیاوسالارییەکان و ڕێگەپێدانی یاسایی بە کوشتنی ژنان بەناوینامووسەوە هاندانی ئەشکەنجە نییە؟

سەپاندنی هەژاریی موتڵەق بەسەر زیاتر لە ٢٠ ملیۆن مرۆڤ و هەژاریی ڕێژەیی بەسەر نزیکەی ٥٠ ملیۆن کەسدا، بێبەشکردنی منداڵان لە خوێندن و ڕەوانەکردنیان بۆ ناو کانی کانزاکان، کورەکانی خشتپێژان و کارگەکانی فەرشچنین، و فرۆشتنی کچان لە بازاڕە جنسییەکاندا، هەموو ئەمانە شێوازگەلێکن لە ئەشکەنجە کە ڕژێمی ئیسلامی ڕاستەوخۆ لێیان بەرپرسیارە.

پەرەسەندنی ئەشکەنجە لە جیهاندا و هەوڵدان بۆ سەندنەوەی ئەو دەستکەوتە دیموکراتیکانەی کە لە ماوەی دەیان ساڵ خەباتدا بەدەست هاتوون، سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ قەیرانی ڕوو لە قووڵبوونەوەی سیستمی سەرمایەداری. سەرەڕای ئەوەش، خەباتکارانی ڕێگای ئازادی و مافەکانی مرۆڤ، لە هەموو بوارێکدا بە مەبەستی سنووردارکردنی توانای حکومەتە سەرمایەدارەکان، لەوانە کۆماری ئیسلامی، لە ئەنجامدانی ئەشکەنجە، خەباتیان کردووە.

٢٦ی ژوئەن ڕۆژێکە کە تێیدا ئەم ئیرادە و بڕیارە نوێ دەکەینەوە: نەک تەنیا بەمەبەستی ئیدانەکردنی ئەشکەنجەدەران، بەڵکوو بەمەبەستی ڕێکخراوترکردنی ئەو خەباتەی کە ئامانجەکەی بریتییە لە کۆتاییهێنان بە هەر شێوازێک لە ئەشکەنجە، چ لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا و یان لە هەر گۆشەیەکی ئەم جیهانەدا بێت.