لە یەکی پووشپەڕەوە، نانەواخانەکانی تاران نرخنامەیەکی نوێیان بە دیوارەوە هەڵواسی. لەواش کە تا دوێنێ هەزار و چوارسەد تمەن بوو، بوو بە دوو هەزار و حەوتسەد تمەن. بەڕبەڕی لە پێنج هەزار و سێسەد تمەنەوە گەیشتە دە هەزار تمەن. سەنگەک لە حەوت هەزار و چوارسەد تمەنەوە بوو بە پازدە هەزار و پێنجسەد تمەن. لە وەرامینیش ئەم ژمارانە دووبارە بوونەوە، سەرۆکی یەکێتیی نانەواکان باسی لە زیادبوونی نەوەد تا سەد لەسەد کرد. بەرلەوەش، مازەندەران، مەشهەد و هەمەدانیش یەکە یەکە و هەرکامیان بە نۆرەی خۆی ئەم ڕێگەیەیان پێوابوو.
محەممەد جەواد کەرەمی، سەرۆکی کارگرووپی ئارد و نانی ژووری ئەسنافی ئێران، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم زیادبوونە، وتی کە بەرزبوونەوەی تێچووەکانی بەرهەمهێنان، لە حەقدەستی کرێکاران و مایەی هەویرەوە بگرە تا کرێی خانوو و گواستنەوە، نانەواکانی گەیاندووەتە ئەم خاڵە.
لە مانگەکانی ڕابردوودا، بەرپرسانی حکوومەت چەندین جار گرانبوونی نانیان ڕەت دەکردەوە. بەڵام لە هەمان کاتدا، لە زۆرێک لە پارێزگاکان نان بە شێوەیەکی ناڕەسمی گرانتر ببوو. ئەوەی ئێستا ڕوویداوە، نەک بەرزبوونەوەیەکی لەناکاو، بەڵکوو ڕەسمی کردنەوەی ئەو ڕاستییە بوو کە پێشتر لە کوچە و بازاڕدا بوونی هەبوو.
ئەمە یەکەم جار نییە کە حکوومەت سەرەتا حاشای لێ دەکات و دواتر بڕیارەکە ڕادەگەیەنێت. بەڵام ڕەنگە بۆ یەکەم جار بێت کە حاشالێکردن و ڕاگەیاندنی بڕیارەکە هێندە لە یەکدی نزیک بووبێت، کە ئەمەش خۆی نیشانەی ئەو خێراییەیە کە لە داڕمانی سیاسەتی یارانەی ناندا هاتۆتەوە ئاراوە.
حکوومەتی پزیشکیان هەر لە یەکەم لایحەی بودجەوە، دەستی خستە سەر سوبسیدی گەنم و ئارد. وەزارەتی جیهادی کشتوکاڵ گەڵاڵەیەکی ئامادە کردووە کە تێیدا سوبسیدی نان بە تەواوی لادەبرێت و بارتەقاکەی دەگوازرێتەوە بۆ سەر کارتە ئەلیکترۆنییەکانی خۆراک واتە (کالابەرگ). ئامانجی ڕاگەیەندراو، بریتییە لە قەرەبووکردنەوەی کورتهێنانی بودجە بە شێوازێکی “نا–هەڵاوسانی“. ڕۆژنامەی ئیتلاعات ڕۆژی یەکی پووشپەڕ نووسی کە حکوومەت دەیەوێت لە ڕێگەی لابردنی سوبسیدی نانەوە، بڕی پارەی کارتەکانی خۆراک بەرز بکاتەوە تا کورتهێنانی بودجە قەرەبوو بکاتەوە.
بۆ تێگەیشتن لەوەی کە خەریکە ڕوو دەدات، پێویستە سەیری واقیعی ژیانی ملیۆنان بنەماڵە بکرێت. گۆشت لەسەر سفرەکان نەماوە. بەرهەمە شیرییەکان کەم بوونەتەوە. میوە بۆ زۆر کەس بووەتە کاڵایەکی لۆکس. ئەوەی کە ماوەتەوە، تەنها نانە. لە دۆخێکی ئاوادا، نان تەنها ماددەیەکی خۆراکی نییە، بەڵکوو دواین پەناگەی ئەمنییەتی خۆراکیی بنەماڵە کەمداهاتەکانە. گرانبوونی نان، گرانبوونی دواین شتە کە خەڵک هەیانبوو.
ئێران ساڵانە شازدە ملیۆن و پێنجسەد هەزار تۆن گەنم بەکار دەهێنێت. دە ملیۆن تۆن لەم ژمارەیە دەدرێتە نانەواخانە نەریتییەکان. بەکاربردنی نان لە ئێران دوو هێندە و نیوی وڵاتێکی وەک ئاڵمانە کە ژمارەی دانیشتوانی هاوشێوەی ئێرانە. بەڵام ئەمە “دەستبڵاوی و ئیسراف” نییە، بەڵکوو “هەژاری“یە. لە ئاڵمان، بەکاربردنی گۆشت و بەرهەمە شیرییەکان بیست هێندەی ئێرانە. کاتێک پرۆتین نییە، نان شوێنی دەگرێتەوە. ئەمە واقیعییەتی خۆراکی هەژارییە، نەک کلتووری بەکاربردن.
بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی خەڵک بە ئیسرافکردن تۆمەتبار دەکەن لە بەکارهێنانی نان و دەڵێن بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنان، دەبێت نرخەکەی بەرز بکرێتەوە. ئەم پاساوە لە بارودۆخێکی ئاساییدا ڕەنگە وەک ڕێکارێکی ئابووریی بێتە بەرچاو، بەڵام لە دۆخێکدا کە ملیۆنان کەس لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین و نان تەنها سەرچاوەی دابینکردنی کالۆری ئەوانە، ئەم پاساوە بە مانای پەردەپۆشکردنی ڕاستییەکانە. لێکەوتەکانی کەمیی پرۆتین لە منداڵاندا، لە گەشەی ناتەواویی جەستەییەوە بگرە تا لاوازیی سیستمی بەرگری و زیانە ڕەوانییەکان، بۆ هیچ کەسێک شاراوە نییە.
ئەوەی ڕووی داوە، تەنها بەرهەمی “گوشاری تێچووەکانی بەرهەمهێنان” نییە، بەڵکوو ئەمە ئەڵقەیەکە لە زنجیرەیەکی دوور و درێژی ساڵانێک دابەزینی هێزی کڕینی خەڵک لە ڕێگەی هەڵاوسانی بەردەوام و کەمبوونەوەی هەنگاو بە هەنگاوی یارانە ڕاستەقینەکانەوە. ئەمەی ئێستا گواستنەوەی تێچووی قەیرانە داراییەکانی حکوومەتە بۆ سەر نزمترین چین و توێژەکانی کۆمەڵگا.
ئەو کورتهێنانی بودجەیەی کە حکوومەت دەیەوێت لە ڕێگەی سوبسیدی نانەوە قەرەبووی بکاتەوە، خۆی بەرهەمی ساڵانێک خراپ بەڕێوەبردن، گەندەڵیی دامەزراوەیی، سزاکانی سەرچاوەگرتوو لە سیاسەتە نیزامیی و ناوچەیییەکانی کۆماری ئیسلامی و ئابوورییەکە کە زیاتر لە هەر شتێک لە خزمەت دامەزراوە ئەمنیی و کۆمپانیا ئابوورییە نافەرمییەکاندایە. ئەم گوشارە ئێستا گەیشتووەتە ئاستێک کە تەنانەت نانیش دەبێت باجەکەی بدات.
گرانیی نان نە بە ڕەتکردنەوە و حاشالێکردن چارەسەر دەبێت و نە بە فریکاری بە ناوی کارتی ئەلیکترۆنیی خۆراک. ئەوەی پێویستە، سیاسەتێکە کە لە بنەڕەتەوە دەبێت بگۆڕدرێت. تا ئەو کاتەی کە ڕانتخۆری بنەمای ئابووریی ئێران بێت، تا ئەو کاتەی زۆربەی سەرچاوەکانی ئەم وڵاتە بۆ دەزگا نیزامی و ئەمنییەکان تەرخان بکرێت و تا ئەو کاتەی حەقدەستەکان چەندین جار لە ژێر هێڵی هەژاریدا بن، دۆخەکە لەمە باشتر نابێت و نانی خەڵک بلە گرەوی مانەوەی ئەم ڕژێمەدا دەبێت.
بەڵام پێش لە هەر سیاسەتێک، دەبێت ئەم ڕاستییە قبووڵ بکرێت کە: لە ئێرانی ئەمڕۆدا، ملیۆنان کەس هەن کە بە گرانبوونی نان، ئیتر هیچ شتێکیان نییە بۆ خواردن. کاتێک نان گران دەبێت، ئیتر هیچ شتێک نامێنێت کە گران بکرێت.
