سبەینێ، هەینی ۱۲ی ژوئەن بەرامبەر لەگەڵ ۲۲ی جۆزەردان، ڕۆژی خوێندنەوەی دووبارەی یەکێک لە قووڵترین و بەئازارترین برینەکانی سەر جەستەی مرۆڤایەتیی هاوچەرخە، ڕۆژی خەبات لەدژی کارکردنی منداڵان. ئەم بۆنەیە کە ساڵی ۲۰۰۲ی زاینی لەلایەن “ڕێکخراوی جیهانیی کار” (ئای ئێڵ ئۆ) ناسێندرا، هەوڵێک بوو بۆ ڕاکێشانی سەرنجی ڕای گشتی بۆ سەر چارەنووسی ملیۆنان منداڵ کە پێش فێربوونی ئەلفوبێی ژیان، تامی تاڵی چەوسانەوە، ئارەقڕشتن و هەرەسهێنانی خەونەکانیان دەچێژن لەنێوان بەرداشی بێبەزەیی ئابووریی سەرمایەداریدا. واقیعییەتی کارکردنی منداڵان، چیرۆکێکی دووبارە و بەردەوامی هەژاری و چەوسانەوەیە، کارەساتێکی کە لە وڵاتانێکی ژێر دەسەڵاتی سەرمایەداریی سەرەڕۆی وەک ئێران، ڕەهەندگەلێکی هاوشێوەی کۆیلایەتیی هاوچەرخی بەخۆیەوە گرتووە.
سەبارەت بە ژمارەی ڕاستەقینەی منداڵانی کار لە جیهاندا، هیچ کات ئامارێکی ورد و بێکەموکوڕی بوونی نەبووە، چونکە زۆربەی حکومەتەکان، بەتایبەت لە وڵاتانی لەحاڵی گەشەسەندندا، خۆیان لە خستنەڕووی ئاماری ڕاستەقینە دەدزنەوە تا ڕووی دزێوی هەژاری و بێتوانایی خۆیان لە دابینکردنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بشارنەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕاپۆرتە هەژێنەرەکانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، دیمەنێکی گشتی لەم بەڵا مرۆییە دەخەنە ڕوو:
بەگوێرەیڕاپۆرتیسندوقیمنداڵانینەتەوەیەکگرتووەکان (یونیسێف): لانیکەم ۲۱۵ ملیۆن منداڵی تەمەن ۵ تا ۱۷ ساڵ بە شێوەی کرێگرتە یان بێکرێ، زیاتر لە ۴۰ کاتژمێر لە هەفتەیەکدا لە پیشە سەختەکاندا کار دەکەن. لە نێوان ئەم ئامارە لانیکەمەدا، زیاتر لە ۱۱۵ ملیۆن منداڵ لەو کارانەدا چالاکن کە ڕاستەوخۆ هەڕەشە لە تەندروستیی جەستەیی، دەروونی و ڕەوشتییان دەکات.
هەژێنەرترینئامار،ئاماریڕێکخراویجیهانییکارەکەئاشکرایدەکاتساڵانە۲۲هەزارمنداڵلەکاتیکارکردنداگیانیانلەدەستدەدەن.
مەودای چەوسانەوەی منداڵان بەقەد بازاڕی کاری گەورەساڵان بەربڵاوە، لە کرێکاریی کشتوکاڵ و کێڵگەکانی تەمباکۆوە بگرە تا پیشەسازیی ڕستن و چنین، کانە قووڵ و تاریکەکان، کاری ناوماڵ و کارە خزمەتگوزارییەکان. بەڵام کارەساتبارترین لایەنەکانی ئەم چەوسانەوەیە، بریتییە لە بەکارهێنانی منداڵان لە ململانێ سەربازییەکان، تۆڕەکانی تاوانکاری، قاچاخی ماددە هۆشبەرەکان، پۆرنۆگرافیی منداڵان و گەشتیاریی سێکسی. شایانی باسە کە ئەمڕۆ تەنانەت تەکنەلۆژیا دیجیتاڵییەکانیش بە هانای چەوسێنەرانەوە هاتوون و منداڵان لە دروستکردنی کایە کامپیۆتەرییەکان یان فیلمەکانی کاتبەسەربەردن، بەمەبەستی سوود و تیجارەت بەکاردەهێنرێن.
ڕێژەی باوی کارکردنی منداڵان، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە هێز و توانای چینی کرێکار و پێکهاتەی سیاسیی وڵاتەکانەوە هەیە. لە وڵاتە پێشکەوتووە پیشەسازییەکاندا، خەباتە مێژووییەکانی کرێکاران و خەڵکی پێشکەوتنخوازانە توانیویەتی هەندێک یاسای پارێزەر و مرۆیی بەسەر خاوەن سەرمایە و حکومەتەکانیاندا بسەپێنێت، ئەگەرچی لەو وڵاتانەش لەوانە لە (ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا) منداڵانی کار زیاتر لە نێوان منداڵانی کۆچبەرانی بێبەڵگە و کرێکارانی بێناسنامەی فەرمیدا سەر هەڵدەدەنەوە کە لە ترسی دەرکردنیان لە وڵات، ناچارن دژوارترین کار قبووڵ بکەن بە حەقدەستێکی زۆر کەم.
له ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، لە کاتێکدا دامەزراوە حکومییەکانی ئێران بە نهێنیکاری بەردەوام و شاردنەوەی ڕاستییەکان، باس لە بوونی نزیکەی ۳ ملیۆن منداڵی کار دەکەن، ڕێکخراوە سەربەخۆ پیشەییەکان و ئامارە نافەرمییەکان ژمارەی ڕاستەقینەی ئەم منداڵانە تا ۷ ملیۆن کەس دەخەمڵێنن. جیاوازیی ئەم ژمارانە نیشانەی ڕەهەندە بەربڵاوەکانی دیاردەیەکە کە دەسەڵات نایەوێت بەرپرسیارێتییەکەی بگرێتە ئەستۆ.
بەشێکی زۆری ئەم منداڵانە کە لە تەمەنی ۵ تا ۱۵ ساڵیدان، منداڵانی بنەماڵە کرێکارییەکان، زەحمەتکێشان و پەراوێزنشینانی شارەکانن. دابەزینی لەڕادەبەدەری بەهای ڕیاڵ، هەڵاوسانی سەرووی ۵۰ لەسەد، بێکاریی پێکهاتەیی و لەخوارەوەبوونی حەقدەستی کرێکاران بووەتە هۆی ئەوەی کە سەرپەرشتی بنەماڵەکان توانای دابینکردنی بژێوی و تێرکردنی سکی منداڵەکانیان نەبێت. بەو هۆیەوە، منداڵان لە جیاتی ئامادەبوون لە پۆلەکانی خوێندن، یاری لەگەڵ هاوتەمەنەکانیان و ئەزموونکردنی قۆناغی گەشەی سروشتی، ناچارن بچنە ناو بازاڕی بێبەزەیی کارەوە تا پارووە نانێک بۆ تێرکردنی سکی بنەماڵەکانیان پەیدا بکەن.
منداڵانی کار لە ئێران، شەو و ڕۆژی خۆیان لە بارودۆخێکی کۆیلەئاسادا بەسەر دەبەن لەوانە لە: ناوەندە شێدارەکانی فەڕشچنین، کورەخانەکانی خشت و کارگە ژێرزەمینییەکانی بەرهەمهێنانی پێڵاو و پۆشاک، خاوێنکردنەوەی شووشەی ئۆتۆمبێلەکان لەسەر چوارڕێکان، کۆڵبەری و باربەری لەناو بازاڕەکان، سواڵکردن، فرۆشتنی فاڵ، بنێشت و دەسماڵ کاغەزی. یەکێک لە شەرمەزارانەترین دیمەنەکانی شارە گەورەکانی ئێران، بریتییە لە کارکردنی منداڵان (لەوانە ژمارەیەکی زۆر لە منداڵانی کۆچبەری ئەفغانستانی) لەناوەندەکانی کۆکردنەوەی زبڵ وخاشاک. ئەم منداڵانە لەلایەن بەڵێندەرانی شارەوانی و مافیای دووبارە بەکارهێنانەوەی زبڵ و خاشاکەوە، بە حەقدەستێکی زۆر کەم و بەبێ ڕەچاوکردنی هیچ چەشنە ڕێکارێکی تەندروستی، لە خراپترین بارودۆخی ژیاندا بەکاردەهێنرێن.
بەڵام کاری پیشەیی تەنیا ستەمێک نییە کە دەرهەق بە منداڵانی ئێران دەکرێت. سیستەمی دەسەڵاتدار کۆمەڵێک زیان و ئازاری بەسەر شانی ئەم نەوەیەدا سەپاندووە، لەوانە: ئەو یاسا و رێسا کۆنەپەرستانەی کە ڕێگە بۆ هاوسەرگیریی کچانی کەم تەمەن خۆش دەکەن و ئەوان بەرەو ڕەوتی سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی هەژاریی و بێبەشی، پەلکێش دەکەن. پەرەسەندنی لەڕادەبەدەری ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان لە نێو منداڵانی کار وەک ئامرازێک بۆ هێورکردنەوەی ئازاری کارە سەخت و تاقەتپڕووکێنەکان یان بەهۆی کێشە و زیانەکانی بنەماڵەوە، لە لێدانی جەستەیی لە هەندێک لە قوتابخاکانەوە بگرە تا ڕەفتاری توندوتیژی گەشتەکانی شارەوانی لەگەڵ منداڵانی سەر شەقام، سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ بەسەر کچانی منداڵ لە قۆناغی خوێندنی سەرەتاییدا، پەلکێشکردنی زۆرەملێی منداڵان بۆ ڕێوڕەسمە حکومییەکان و خراپبەکارهێنانیان لەژێر ناوی “منداڵانی بەسیج” بۆ پڕوپاگەندە یان بەکارهێنانیان لە سەرکوتکردنی خەڵکی ناڕازیدا.
کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی ڕواڵەتی زۆرێک لە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی لەوانە “کۆنڤانسیۆنی مافەکانی منداڵانی” ئیمزا کردووە. بەڵام ئەم قبووڵکردنە تەنیا لایەنێکی ڕواڵەتی، نمایشکاری و ئامرازیی هەیە بۆ خستنەڕوو لە کۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکاندا. ئەگینا لە مەیدانی کردەودا، نەک هەر هیچ هەنگاوێکی جیدی و کاریگەر هەڵناگیرێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی کاری منداڵان، بەڵکوو بودجە پاڵپشتییەکان بۆ ڕێکخراوەکانی چاودێریی کۆمەڵایەتی و دامەزراوە مەدەنییەکان ساڵ بە ساڵ کەمتر دەکرێنەوە تا گیرفانی کەمینەیەکی دەسەڵاتدار و بودجە سەربازی–ئەمنییەکان پڕتر بێت.
کارکردن، بژاردەیەکی وشیارانە و ئارەزوومەندانەی هیچ منداڵێک نییە. ئەمە بازاڕی بێبەزەیی سەرمایە و هەژاریی سەپێندراوە کە نەمامی تەمەنی ئەم منداڵانە پێش چرۆکردن، سیس و ژاکاو دەکات. خاوەن سەرمایەکان لەم هێزی کارە هەرزان، بێبیمە، گوێڕایەڵ و بێ دیفاعە، ئەوپەڕی سوود وەردەگرن.
کەواتە، بۆ کۆتاییهێنان بەم کارەساتە بەردەوامە، نابێت دڵ بە بەڵێنە پووچ و بێ بنەماکانی حکومەت یان کارە خێرخوازی و کاتییەکان خۆش بکرێت. ڕێگای ڕزگاربوونی منداڵانی کار لەم کۆیلایەتییە هاوچەرخە، بریتییە لە گرێدانی بزووتنەوەی هەڵوەشاندنەوەی کاری منداڵان بە خەباتی سەراسەری و چینایەتی لەدژی پێوەندیی چەوسێنەرانە و ئەو ڕژێمەی کە پاڵپشتی لێدەکات. تەنیا بە لەناوبردنی ئەو پێکهاتەیەی کە قازانجی بەلاوە گرنگترە لە گیانی مرۆڤەکان و بە یەکگرتوویی و هاوخەباتی کرێکاران، موعەلیمان، ژنان و کۆمەڵانی خەڵکی بێبەش و ستەملێکراو، دەکرێت کۆمەڵگایەکی دادپەروەر بنیاد بنرێت کە تێیدا هەر منداڵێک بەبێ لەبەرچاوگرتنی، ڕەگەز و نەتەوە و ئەوەی کە سەر بە چ چین و توێژێکی کۆمەڵایەتییە، خۆی لەپشت مێزەکانی قوتابخانە، لەناو پارکەکانی یاریکردن و لە ئامێزی پڕ لە میهرەبانیی ئاسایش و خۆشگوزەرانیدا ببینێتەوە. ئەم خەباتە هاوبەشە، وەفاداریی ڕاستەقینەی ئێمەیە بە ویژدانی وەخەبەر هاتووی مرۆڤایەتی لە ڕۆژی جیهانیی خەبات لەدژی کارکردنی منداڵاندا
