لە ڕۆژانی ڕابردوودا، سوپای ئیسرائیل و دەزگای ئەمنیی شاباک ڕایانگەیاند کە لە هێرشێکدا بۆ سەر باکووری ناوچەی غەززە، چەند ئەندامێکی بەرزی سیستەمی ئەمنیی حەماس کوژراون.
بەپێی دوایین زانیارییەکان، ئەو سیستەمە ئەمنییە یەکێکە لە دامەزراوە نەهێنییەکانی حەماس کە بەرپرسی پاراستنی سەرکردەکانی ئەو ڕێکخراوە و هەماهەنگیکردنی پەیوەندی و جوڵەکانیانی لە ئەستۆیە. سەرچاوەکانی هەواڵ ئاماژە بەوە دەکەن کە لە نێو کەسە کوژراوەکاندا، حەسەن لەبد، جێگری سەرۆکی سیستەمی ئەمنیی گشتی حەماس، هەروەها سێ بەرپرسی دیکەی ئەو دامەزراوەیە بوونیان هەبووە کە بە گوێرەی ئیسرائیل ڕۆڵێکی سەرەکییان لە وەرگرتنی بڕیار و ڕێکخستنی چاڵاکییەکانی حەماس هەبووە. هەروەها ئیسرائیل ئیدعا کردووە کە ئەو کەسانە لە ماوەی دواییدا لە هەوڵی دووبارە ڕێکخستنەوەی دامەزراوەکانی حەماس و بەڕێوەبردنی چاڵاکییەکانی ئەو ڕێکخراوەدا بەشدارییان کردووە.
