ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە تاقیکردنەوەی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا
شەڕی ئەم دواییەی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، بەدەر لە ئاکامە سەربازی و سیاسییەکەی، یەکێک بوو لە یەکلاکەرەوەترین تاقیکردنەوەکانی ئۆپۆزسیۆنی کۆماری ئیسلامی. سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە ٩ی ڕەشەممەی ١٤٠٤، بە دەستپێکردنی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کاردانەوەی کۆماری ئیسلامی، قەیرانێک هاتە ئاراوە کە نەک هەر پەیوەندییە ناوچەییەکانی گۆڕی، بەڵکوو هێزە سیاسییەکانی نەیاری کۆماری ئیسلامیشی خستە بەردەم “ساتەوەختێکی بڕیاردان“. لە ساتەوەختێکی ئاوادا، بێلایەنی مەحاڵ بوو. هەر ڕەوتێک، هەر تاکێک و هەر ڕێکخراوێک ناچار بوو هەڵوێستی خۆی بەرامبەر بە شەڕ، کۆماری ئیسلامی، هێزە دەرەکییەکان و داهاتووی ئێران ڕوون بکاتەوە.
شەڕ دیاردەیەکی تەنیا سەربازی نییە، بەڵکوو درێژەی سیاسەتە بە ئامرازێکی تر. لەمڕووەوە هەڵوێست و پەرچەکردار بەرامبەر بە شەڕ هەمیشە سیاسییە، تەنانەت ئەگەر بە زمانی سۆزداری، مرۆڤدۆستی، نیشتمانپەروەری و هتد دەربڕدرێت. هەندێک لە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان شەڕیان وەک “دەرفەتێکی مێژوویی” بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی دەبینی، هەندێکی دیکە بە “کارەساتێکی مرۆیی و کۆمەڵایەتی“یان دەزانی، تاقمێکیش سیاسەتی “نا بۆ کۆماری ئیسلامی و دژایەتیکردن لەگەڵ هێرشی دەرەکی“یان گرتەبەر، بەشێکیش تووشی وەهم دوودڵی و چاوەڕوانی بوون. ئەم شەڕە، زیاتر لەوەی ئۆپۆزسیۆن بگۆڕێت، ماهییەتی ڕاستەقینەی ئاراستە جیاوازەکانی ناو ئۆپۆزسیۆنی ئاشکرا کرد.
کوژرانی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، قەیرانەکەی گەیاندە ئاستێکی بێوێنە. لە لایەکەوە، هەرەسھێنان یان لاوازبوونی سەرەوەی دەسەڵات، هیوای بە ڕووخانی ڕژێمی لە نێوان بەشێک لە نەیاراندا زیاد کرد، لە لایەکی دیکەوە، هەر ئەم دۆخە لێڵ و تەمومژاوییە، سیناریۆکانی داڕمانی کۆمەڵایەتی و ئەزموونی عێراق و لیبیای هێنایە ئاراوە. لە ئاوا دۆخێکدا، پرسیاری سەرەکی ئەمە بوو کە: ئایا دەبێ ڕووخانی کۆماری ئیسلامی بە دەستی خەڵکی ئێران و لە ڕێگەی بزووتنەوەیەکی جەماوەری، وشیارانە و ڕێکخراوەوە بێت، یان دەبێت وەک بەرهەمی بۆردوومان، گوشاری دەرەکی و پڕۆژەی هێزە ئیمپریالیستییەکان سەیر بکرێت؟
ڕوونترین و پڕ هەراوهوریاترین هەڵوێست لە نێوان ئۆپۆزسیۆندا لەلایەن ڕەوتی سەڵتەنەتخوازی بە ڕێبەرایەتی ڕەزا پەهلەوییەوە گیراەبەر. ڕەزا پەهلەوی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا وتی: “ئەو یارمەتییەی کە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان بەڵێنی بە خەڵکی بوێری ئێران دابووی، ئێستا گەیشتووە.” ئەو هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیلی وەک جۆرێک لە “دەستێوەردانی مرۆڤدۆستانە” ناوبرد و ئیدیعای ئەوەی کرد کە ئامانجی ئەم هێرشە نەک وڵات و جەماوەری خەڵکی ئێران، بەڵکوو کۆماری ئیسلامی، دەزگای سەرکوت و ئامێری کوشتاری ئەو ڕژێمەیە.
ئەم هەڵوێستە لە ڕاستیدا گوزارشتێکی چڕکراوە بوو لە ڕوانگەی سەڵتەنەتخوازەکان سەبارەت بە سیاسەت، واتە: شەڕ وەک دەرفەت. لەم تێڕوانینەدا، هێرشی دەرەکی نەک کارەساتێکی مرۆیی، بەڵکوو وەک درزێک لە دیواری دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا سەیر دەکرێت، درزێکی کە دەکرێ بۆ گەڕانەوە بۆ سەر شانۆی دەسەڵات سوودی لێ وەربگیرێت. ڕەزا پەهلەوی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بیبیسیشدا وتبووی کە کۆماری ئیسلامی لە لاوازترین پێگەی خۆیدایە و ئەم دۆخە “دەرفەتێکی ناوازەیە بۆ ڕووخاندنی ڕژێم“.
لە نێوان هەندێک لە ڕاوێژکاران و لایەنگرانی ئەم ڕەوتەدا تەنانەت هەڵوێستی ڕاشکاوانەتریش خرایە ڕوو، لەوانە ئەم تێگەیشتنەی کە ئەگەر ئێران لە ئاکامی ئەو شەڕەدا وێران بێت، ئاواکردنەوەی دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامی ئیمکانی دەبێت. تێڕوانینێکی لەم شێوەیە نیشان دەدات کە لە بەشێکی بەرەی سەڵتەنەتخوازاندا، پرسی سەرەکی نەک تێچووی کۆمەڵایەتی و مرۆیی شەڕ، بەڵکوو گواستنەوەی دەسەڵاتە. ئەوان هەوڵ دەدەن جیاوازی لە نێوان “ئێران” و کۆماری ئیسلامی“دا بکەن و بڵێن هێرشی دەرەکی ڕووی لە حکومەتە نەک خەڵک، بەڵام ئەزموونی هەموو شەڕە هاوچەرخەکان نیشانی داوە کە بۆمبەکان، گەمارۆکان، داڕمانی ژێرخانەکان و نائەمنی، پێش هەموو شتێک بەسەر ژیانی خەڵکی ئاساییدا دەڕووخێت.
لەو ڕووەوە، هەڵوێستی سەڵتەنەتخوازەکان دیارترین نموونە بوو لە سیاسیبوونی پەرچەکردار بەرامبەر بە شەڕ. ئەوان شەڕیان وەک دەروازەیەک بینی، دەروازەیەک بۆ چوونەوە ناو دەسەڵات، ئەویش نەک لە ڕێگەی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی لە ناوخۆدا، بەڵکوو لە ڕێگەی گوشاری دەرەکی و گۆڕینی هاوسەنگیی هێز لە سەرەوە.
ڕێکخراوی موجاهیدینی خەڵکیش لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕ، هەوڵی دا خۆی وەک ئەڵتەرناتیڤێکی ئامادە نیشان بدات. ڕاگەیاندنی حکومەتی کاتیی بۆ دامەزراندنی “کۆماری دیموکراتیک” لەم چوارچێوەیەدا واتا پەیدا دەکات. بۆ موجاهیدین، ئەم شەڕە تەنیا ڕووداوێکی سەربازی نەبوو، بەڵکوو جۆرێک بوو لە پشتڕاستکردنەوەی ستراتیژی دێرینی ئەوان لە پشتبەستن بە گوشاری دەرەکی، لۆبیکردنی نێودەوڵەتی و ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی.
موجاهیدینی خەڵک ساڵانێکە هەوڵ دەدەن لە ئەمریکا، ئورووپا و ناوەندە نزیکەکان لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا، خۆیان وەک هێزێکی ڕێکخراو، خاوەن دیسپلین و ئامادە بۆ قۆناغی دوای کۆماری ئیسلامی بناسێنن. لەبەر ئەوە، هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران مانایەکی دوولایەنەی هەبوو بۆ ئەوان، واتە: هەم گورزێک بوو لە دوژمنە دێرینەکەیان و هەم دەرفەتێک بوو بۆ سەلماندنی ئەوەی کە “ئەڵتەرناتیڤ” لە پێشدا ئامادەیە.
لە ڕووی سیاسییەوە، هەڵوێستی موجاهیدین لە هەڵوێستی سەڵتەنەتخوازەکانەوە نزیک بوو: هەر دوو ڕەوتەکە گورزی سەربازیی دەرەکییان وەک پێشەکییەک بۆ ڕووخانی کۆماری ئیسلامی دەبینی. جیاوازییەکە لەوەدا بوو کە سەڵتەنەتخوازەکان زیاتر پشتیان بە سەرمایەیەکەی ڕەمزیی وەک ناوی پەهلەوی و بیرەوەریی حکومەتی ناوەندیی پێشوو دەبەست، لە کاتێکدا موجاهیدین جەختیان لەسەر ڕێکخراوبوونی تەشکیلاتی و مێژووی “خۆڕاگریی” خۆیان دەکردەوە. بەڵام هەردووکیان لە یەک خاڵدا هاوبەش بوون کە بریتی بوو لە: هێنانەناوەوەی فاکتەری دەرەکی بۆ ناو چەقی هاوکێشەی گۆڕانکاری سیاسی لە ئێران.
ڕەوتە نەتەوەخوازە ئێرانییەکان و بەشێک لە ڕیفۆرمخوازە دوورخراوەکانیش لە دۆخێکی ئاڵۆزتردا بوون. ئەوان لە لایەکەوە دژی کۆماری ئیسلامی بوون و ڕووخان یان لاوازبوونیان بە پێویست دەزانی، لە لایەکی دیکەوە، پشتگیریی ئاشکرا لە هێرشی دەرەکی لەگەڵ ناسنامەی نیشتمانپەروەری ئەواندا ناتەبا بوو. لە ئاکامدا، هەڵوێستی ئەم ڕەوتە زۆرجار دووفاقی، بەپارێز و هەندێک جار دژبەیەک بوو. ئەم دژوازییە لە ناخی دۆخی سیاسی ئەوانەوە سەرچاوەی دەگرت. نەتەوەخوازیی ئێرانی، بەتایبەت لە شێوازە کلاسیکەکەیدا، ناتوانێت بەرامبەر بە بۆردوومانکردنی خاکی وڵاتەکەی بێدەنگ بێت. بەڵام هەمان نەتەوەخوازی کاتێک لەگەڵ حکومەتێکدا ڕووبەڕو دەبێتەوە کە خۆی بە خاوەنی وڵات دەزانێت و خەڵک سەرکوت دەکات، تووشی لەبەریەک ترازان و دابەشبوون دەبێت. هەربۆیە هەڵوێستی ئەم ڕەوتە نە پشتگیریی ڕاشکاوانە بوو لە شەڕ و نە ئیدانەکردنی بێ شەرت و مەرج، بەڵکوو هەوڵێک بوو بۆ پاراستنی مەودا لەگەڵ هەردوو لا، بەبێ ئەوەی بتوانێت وەڵامێکی ڕوون بە قەیرانەکە بداتەوە.
لە لایەکی ترەوە، ڕەوتە چەپەکان بەگشتی بە ڕاشکاوانەتر شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیلیان لەدژی ئێران ئیدانە کرد. بۆ زۆرێک لە هێزە چەپەکان، شەڕ نەک ئامرازی ڕزگاریی خەڵک، بەڵکوو درێژەی سیاسەتە ئیمپریالیستییەکان، نیزامیگەری ناوچەیی و ململانێی هێزە جیهانییەکانە. ئەوان جەختیان کردەوە کە بۆردوومانکردنی ژێرخانەکان، کوشتنی خەڵکی مەدەنی، تێکدانی ژینگە و داڕمانی ئابووری، هەرگیز ناتوانێت ئازادیی بۆ خەڵکی ئێران بە دیاری بهێنێت.
لەگەڵ ئەوەشدا، ڕەوتی چەپیش لە دژوازی و ناکۆکی ناوخۆیی بێبەری نەبوو. بەشێک لە چەپەکان بە پشتبەستن بە نەریتی مارکسیستی و ئاماژەکردن بە هەڵوێستەکانی مارکس و لێنین سەبارەت بە شەڕی نێوان دەوڵەتەکان، هەوڵیان دا هەڵوێستێکی ئوسوولی پێناسە بکەن. هەندێکیان شەڕیان تەنیا وەک ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان ئیمپریالیزم و کۆماری ئیسلامی دەبینی و مەترسیی کەوتنە ناو هەڵوێستی بەرگریی ناڕاستەوخۆ لە حکومەتیان لەبەرچاو نەگرت. بەشێکی دیکەیان جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە دژایەتیکردن لەگەڵ هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل نابێت بە هیچ شێوەیەک ببێتە هۆی پشتگیریی سیاسی لە کۆماری ئیسلامی.
لە ڕاستیدا، سەختیی هەڵوێستی چەپ لەوەدا بوو کە دەبوو هاوکات دوو ڕاستی بەیان بکات: یەکەم ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی حکومەتێکی سەرکوتگەر، دژەکرێکار، دژەژن و دژەئازادییە و دووەم ئەوەی کە هێرشی سەربازیی دەرەکی نەک هەر ڕێگای ڕزگاری نییە، بەڵکوو دەکرێ ببێتە هۆی سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی ستەمکاری، بەهێزبوونی نیزامیگەری، لەناوچوونی ژێرخانەکان و لاوازبوونی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان. ئەو چەپەی کە یەکێک لەم دوو ڕاستییە بنێتەلاوە، یان دەکەوێتە داوی ناسیۆنالیزمی حکومەتیی یان دەکەوێتە داوی دەستێوەردانی دەرەکی.
لە نێوان ڕەوتە چەپەکاندا، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران هەڵوێستی خۆی لەسەر سێ بنەمای سەرەکی دانا. یەکەم ئەوەی کە ئەم شەڕە نەک هەر دەرفەتێکی ڕاستەقینە نییە بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی، بەڵکوو دەکرێ مانەوەی ڕژێم بۆ ماوەیەک مسۆگەر بکات. ئەزموونی مێژوویی نیشانی داوە کە حکومەتە قەیران لێدراوەکان لە دۆخی شەڕدا دەتوانن بە پشتبەستن بە کەشی ئەمنی، سەرکوتی ناوخۆیی توندتر بکەن، کۆمەڵگە لەژێر ئاڵای “بەرگریی نیشتمانی“دا کۆبکەنەوە و دەنگی نەیاران کپ بکەن. لەم ڕوانگەیەوە، هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل مەرج نییە لە بەرژەوەندیی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی خەڵکدا بێت. تەنیا لە حاڵەتێکدا کە هێزە دەرەکییەکان مەبەستیان داگیرکاری ڕاستەوخۆ و دانانی بەدیلی دڵخوازی خۆیان بێت، ڕەنگە ڕژێم بە شێوازی سەربازی لابرێت، بەڵام سیناریۆیەکی لەو شێوەیە، تەنانەت ئەگەر مومکینیش بێت، بە واتای ڕزگاریی خەڵک نییە، بەڵکوو دووبارەبوونەوەی ئەزموونەکانی وەک عێراق و لیبیا دەبێت: لەناوچوونی ژێرخانەکان، پەرەسەندنی نائەمنی، مەیدانداریی هێزە چەکدارەکان و هیتر…
بنەمای دووەمی هەڵوێستی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، بریتی بوو لە جەختکردنەوە لەسەر لێکەوتە وێرانکەرەکانی شەڕ بۆ سەر ژێرخانەکان. ئەو ژێرخانانەی لە شەڕدا لەناو دەچن، دارایی حکومەت نین، بەڵکوو حاسڵی کار و ڕەنجی جەماوەرن. وێستگەی کارەبا، نەخۆشخانە، ڕێگاوبان، قوتابخانە، تۆڕەکانی ئاو، پەیوەندییەکان، پاڵاوگە و کارگەکان بە ئارەقەی نێوچاوان و ڕەنجی کرێکاران و زەحمەتکێشان بەرهەم هاتوون. هەربۆیە لەناوچوونیان، پێش ئەوەی دەسەڵاتداران سزا بدات، ژیانی خەڵک وێران دەکات.
بنەمای سێیەم، بریتییە لە پرسی ئەخلاقی و مرۆیی شەڕ. زیانە مرۆییەکان بە هیچ حیساباتێکی سیاسی ناتوانرێت پشتگوێ بخرێن. مێژووی بۆردوومانکردنی هیرۆشیما و ناکازاکی لە مانگەکانی کۆتایی شەڕی دووەمی جیهانیدا، هێشتا ویژدانی مرۆڤە شەریفەکان ئازار دەدات. شەڕە هاوچەرخەکانیش نیشانیان داوە کە قوربانیانی سەرەکی، هەمیشە خەڵکی ئاسایین، لەوانە منداڵ، کرێکار، ژن، بەساڵاچوو، نەخۆش و ئاوارە. سەرەڕای ئەوەش، گەلێک جار تێکدانی ژینگە، پیسبوونی شیمیایی و لەناوچوونی سەرچاوە سروشتییەکان ئاسەوارێکی ئەوتۆ بەجێدەهێڵن کە بۆ چەندین نەوە دەمێننەوە.
لەمڕووەوە، هەڵوێستی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران دەکرێ لە فۆرمۆلێکدا کورت بکرێتەوە بە واتای نا بۆ کۆماری ئیسلامی، نا بۆ شەڕی ئیمپریالیستی، بەڵێ بۆ ڕووخانی شۆڕشگێڕانە بە دەستی جەماوەر.
بەڵام پرسی کوردستان لەم شەڕەدا گرنگییەکی تایبەتی هەبوو، چونکە هەندێک لە هێزە نەتەوەخوازەکانی کورد، بەهۆی پێگەی ژیۆپۆلەتیکی کوردستان و پەیوەندیی مێژوویی بەشێک لە ڕەوتە کوردییەکان بە هاوکێشە ناوچەییەکانەوە، هەوڵیان دا هەڵوێستی خۆیان بەرامبەر بە شەڕ لەسەر بنەمای ئەگەری دەرفەتەکان دیاری بکەن. لە سەرەتای شەڕەکەدا، بەشێک لە هێزە نەتەوەخوازەکانی کورد بە کردەوە کەوتنە ڕێڕەوێکەوە کە لەگەڵ نەخشەی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیلدا هاوئاهەنگ و هاوتەریب دەهاتە بەرچاو. ئەوان پێیانوابوو کە لاوازبوونی خێرای کۆماری ئیسلامی دەتوانێت فەزایەک بۆ بەرەوپێشچوونی ویست و داخوازییە نەتەوەییەکانی خەڵکی کورد یان بەدەستهێنانی پێگەیەکی سیاسی نوێ لە داهاتووی ئێراندا بۆ خۆیان فەراهەم بکات.
بەڵام لەگەڵ گۆڕانی حیساباتی ئەمریکا، گۆڕانی هەڵوێستی ترامپ و دژایەتیکردنی دەوڵەتی تورکیا لەگەڵ پەرەسەندنی ناسەقامگیری لە سەر سنوورەکانی خۆی، ئەم هێزانە کەوتنە دۆخێکی پاسیڤ و ئینفعالییەوە. لەو کاتەوە، هەڵوێستەکانی ئەوان زیاتر ڕەنگی وەهم، بەپارێزبوون و فرەچەشنی بەخۆیەوە گرت. نە توانیان بە ئاشکرا داکۆکی لە شەڕ بکەن، چونکە هەڵوێستێکی لەو شێوەیە لە ناو خەڵکی کوردستاندا دەیخستنە پەراوێزەوە و هەروەها نە توانیان بە بێ شەرت و مەرج ئیدانەی بکەن، چونکە بەشێک لە هیوای سیاسییان بە گۆڕانی هاوسەنگیی هێز لە دەرەوە گرێ درابوو.
لەم بەرامبەرەدا، کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران شەڕیان لە گۆشەنیگای بەرژەوەندییەکانی چینی کرێکار، خەڵکی زەحمەتکێش و ئازادیخوازیی سەرانسەرییەوە لێکدایەوە. لەم تێڕوانینەدا، پرسی کوردستان لە خەباتی گشتی لەدژی کۆماری ئیسلامی و لەدژی دەستێوەردانی ئیمپریالیستی جیا نییە. ئازادیی خەڵکی کوردستان نەک لە ناخی بۆردوومانی دەرەکییەوە، بەڵکوو لە هەناوی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە، ڕێکخراوبوونی جەماوەری، یەکگرتوویی کرێکاران و زەحمەتکێشان و گرێدانی خەباتی کوردستان بە خەباتی سەرانسەریی خەڵکی ئێرانەوە دەستەبەر دەبێت.
