بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو، “قازی کاوانی” هاووڵاتیی خەڵکی گوندی دۆڵەتووی شارستانی سەردەشت، پاش چەند ڕۆژ لە برینداربوونی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ڕژیم، گیانی لەدەستدا.
ناوبراو چەند شەوێک پێشتر لە سنووری “جاسوسان“ی سەردەشت، بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەک و لە مەودایەکی نزیکەوە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم، بەسەختی بریندار و ڕەوانەی نەخۆشخانە کرابوو. بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو، “قازی کاوانی” پاش گواستنەوە بۆ نەخۆشخانەی خومەینی مەهاباد لە بەشی چاودێریی تایبەت ڕاگیرابوو، بەڵام بەهۆی قورسی برینەکان، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٢ی جۆزەردانی ١٤٠٥ی هەتاوی گیانی لەدەستدا.
