بەپێی ڕاپۆرتەکان، پاش تێپەڕبوونی چوار ڕۆژ لە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی لە بازاڕی سنووریی “شێخ سێڵە“، هێشتا دۆخی تەندروستیی “فارووق مەحموودی” هاووڵاتیی کوردی خەڵکی سەلاسی باوەجانی ناجێگیرە و لە نەخۆشخانەی جوانڕۆ چاوەدێریی پزیشکی وەردەگرێت.
بەپێی زانیارییەکان، “فاروق مەحموودی” ڕۆژی پێنجشەممە ٣١ی گوڵانی ١٤٠٥ی هەتاوی، لە بازاڕی سنووریی شێخ سێڵە بە دەسڕێژی گوللەی هێزە نیزامییەکانی ڕژیم و بەبێ هۆکارێکی ڕوون بەسەختی بریندار بووە. بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ناوبراو بەهۆی بەرکەوتنی فیشەکی جەنگی تووشی برینێکی قورس بووە و تاکوو ئێستا لە نەخۆشخانەی جوانڕۆ ڕاگیراوە و چەندین جار نەشتەرگەریی بۆ ئەنجام دراوە. شایانی باسە کە بازاڕی سنووریی شێخ سێڵە، کە لە پارێزگای کرماشان و نزیک سنووری هەرێمی کوردستان هەڵکەوتووە، یەکێکە لە گرینگترین بازاڕە سنوورییەکانی ناوچەکە و زۆربەی دانیشتووانی ناوچەکە بە کرێکاری و کۆڵبەری پێداویستییەکانی ژیانی بنەماڵکانیان دابین دەکەن.
