سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە ١٠ ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی «ئەستی محەممەدی»، هاووڵاتییەکی خەڵکی بۆکان لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەکانەوە، بنەماڵەکەی هێشتا هیچ زانیارییەکیان نییە لەسەر شوێنی ڕاگرتن و ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کراون.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا بڵاوکراونەتەوە، ئەستی محەممەدی کە لە کۆتاییەکانی مانگی گەڵاندا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە بۆکان دەستبەسەر کرابوو، لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و پێوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە. بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی تا ئێستا بێ ئاکام بووە و بەرپرسان سەبارەت بە چارەنووس و تەندروستیی ناوبراو، هیچ وەڵامێکی ڕوونیان نەداوەتەوە. ئەم دۆخە بووەتە هۆی نیگەرانیی توندی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ سەبارەت بە ئەگەری خستنەژێر گوشاری دەروونی و جەستەیی ئەم هاووڵاتییە.
