کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

 ڕاگەیاندنی نوێنەرایەتی کۆمەڵه له دەرەوەی وڵات، به بۆنەی ماڵئاوایی لە ژیانی هاوڕێ موحەمەد ئاسایش

Screenshot 20260516 105734

 

بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ئاگادار بووین کە پێشمەرگەی دێرینی کۆمەڵە و ئەندامی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، هاوڕێ و هاوسەنگەری جێگای متمانە، هاوڕێ موحەمەد ئاسایش، بەهۆی نەخۆشییەوە ئەمڕۆ ١٥ی مانگی مەی ٢٠٢٦ لە وڵاتی سوئێد ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

هاوڕێ موحەمەد ساڵی ١٩٥٢ لە شاری مەریوان لەدایک بوو. خوێندنی سەرەتایی و دواناوەندی هەر لەو شارە تەواو کرد. هەر لە تەمەنی تازەلاوێتیدا لەگەڵ پرسی سیاسیدا ئاشنا بوو و هەستی دژایەتی لەگەڵ زوڵم، ستەم و نایەکسانی بەهێز بوو و وەک چالاکێکی دژی دەسەڵاتی رژیمی پادشایەتی خۆی ناساند. هەر لەو سەردەمەدا، لەگەڵ ژمارەیەک خەباتکاری تری شاری مەریوان، هەوڵێکی بەرینیان بۆ پشتیوانی لە جوتیارانی ناوچەکە دەست پێ کرد، کە یەکێک لە ناسراوترین نموونەکانی، پشتیوانی لە جوتیارانی گوندی دارسێران بوو.

هاوڕێ موحەمەد هەر لە تەمەنی لاویەتیدا وەک مامۆستا لە گوندە هەژارنشینەکانی دەوروبەری مەریوان دەستی بە کار کرد و بەهۆی دڵسۆزی، هەستی مرۆڤدۆستی و نزیکی لە خەڵکی هەژار، بوو بە کەسایەتییەکی خۆشەویست لای منداڵان و بنەماڵەکانیان. لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕشی جەماوەریی لە ساڵی ١٩٧٩ دژی دەسەڵاتی پادشایەتی، هاوڕێ موحەمەد چالاکانە بەشداریی لەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیەدا کرد. هاوکات لە پێکهێنانی بنکە جەماوەرییەکاندا دەوری چالاکی هەبوو و پەیوەست بوو بە یەکێتیی جوتیارانەوە. هەروەها، لەگەڵ ژمارەیەک لە مامۆستایانی شاری مەریوان و ناوچەکانی دەوروبەر، یەکێتیی مامۆستایانیان دامەزراند. لەگەڵ هێرشی دڕندانەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوردستان و دەستپێکردنی خەباتی چەکداری، هاوڕێ موحەمەد چەکی پێشمەرگایەتیی کۆمەڵەی کردە شان و لە بواری خەباتی چەکدارانەشدا بوێری، ئازایەتی و لێهاتوویی بەرچاوی لە خۆی نیشان دا. لە گوردانی ”نەکەرۆز” و دواتر لە گوردانی ”کاک فواد”، چالاکییەکی بەرچاوی هەبوو و چەندین بەرپرسیارێتیی هەستیار و گرنگی لە ئەستۆ گرت.

هاوڕێ موحەمەد لە ساڵی ١٩٨٨ ڕوویکردە دەرەوەی وڵات و لە سوئێد نیشتەجێ بوو. لە دەرەوەی وڵاتیش، وەک خەباتکارێکی سیاسی و کۆمۆنیستێکی بەبڕوا، هەرگیز لە خەبات و چالاکیی سیاسی دوور نەکەوتەوە. وەک ئەندامێکی بەوەفای حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کادری جێگای متمانەی کۆمەڵە، بەردەوام دەوری بەرچاوی لە چالاکی و هەوڵە سیاسییەکاندا هەبوو کە لە سوئێد و وڵاتانی تردا بەڕێوە دەچوون.

یادی هاوڕێ موحەمەد ئاسایش، وەک خەباتکارێکی دڵسۆز، کۆمۆنیستێکی بە بڕوا، مرۆڤ دۆستێکی نموونە و هاوسەنگەرێکی بەوەفا، هەمیشە لە بیر و یادی هاوڕێیان و ناسیاوانی دا زیندوو دەمێنێتەوە.

لەلایەن خۆمانەوە هاوخەمی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی ئازیزی هاوڕێ موحەمەد ئاسایش دەکەین، بە تایبەتی هاوسەری بەڕێزی، هاوڕێ زوهرە حەسەن‌پور و منداڵەکانی هەوار و ئاران، و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.

 

یادی هاوڕێ موحەمەد ئاسایش بە درێژەدان بە خەباتی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی بەرز و بەڕێز ڕادەگرین.

نوێنەرایەتی کۆمەڵە لە دەرەوەی وڵات

١٥ی مەی ٢٠٢٦