کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

پەرەسەندنی ئێعدامە سیاسییەکان لە ئێران، ۲۰ ئێعدام لە ٤۲ ڕۆژدا

Screenshot 20260504 110133

 

لە کاتێکدا کە شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لە ۹ی ڕەشەمەی ۱٤۰٤ەوە پێی ناوەتە نێو سێیەمین مانگی خۆی و سەرنجی جیهان لەسەر گۆڕانکارییە مەیدانی و دیپلۆماسییەکانە، کۆماری ئیسلامی لە پشت پەردەی ئەو شەڕەدا، یەکێک لە خوێناویترین قۆناغەکانی لەسێدارەدانی ناڕەزایانی سیاسی تێپەڕاندووە. تەنیا لە ٤۲ ڕۆژی ڕابردوودا، لانیکەم ۲۰ زیندانی سیاسی پەیوەندیدار بە ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ۱٤۰٤ لەسێدارە دراون و ٤٤ کەسی دیکەش لە ڕیزی لەسێدارەداندان.
لەسێدارەدانی ناڕەزایانی دەستبەسەرکراو لە ۲۸ی ڕەشەمەی ۱٤۰٤ەوە دەستی پێکرد. لەم ڕۆژەدا، ساڵح محەمەدی، سەعید داودی و مەهدی قاسمی لە زیندانی ناوەندیی قوم لەسێدارە دران. ڕۆژی ۱۰ی خاکەلێوەی ۱٤۰٥، محەممەد تەقەوی سەنگدەهی و ئەکبەر دانشوەرکار ئێعدام کران. ڕۆژێک دواتر، بابەک عەلیپوور و پویا قوبادی بێستوونی لەسێدارە دران. ڕێکەوتی ١٣ی خاکەلێوە، ئەمیرحسێن حاتەمی لەسێدارە درا. سێ ڕۆژ دواتر، هاو دۆسیەکانی ئەو، واتە محەممەدئەمین بێگلەری و شاهین واحیدپەرەست، لە زیندانی قزڵحەسار لەسێدارە دران و عەلی فەهیم ڕۆژی ۱۷ی خاکەلێوە لە هەمان زیندان لەسێدارە درا. وەحید بەنی‌عامریانیش لە ۱۵ی خاکەلێوە ئێعدام کرا.
لە درێژەی ئەم شەپۆلەدا، ئەمیرعەلی میرجەعفەری ڕۆژی ۱ی گوڵان و عیرفان کیانی ۵ی گوڵانی ۱٤۰٥ لەسێدارە دران. دواتر، ساسان ئازادوەری تەمەن ۲۱ ساڵ و پاڵەوانی کاراتەی کیۆکوشین، ڕێکەوتی ۱۰ی گوڵان لە زیندانی ناوەندیی ئیسفەهان لەسێدارە درا. ئەو دەیەمین ناڕەزای بوو کە لە پەیوەند لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار لەسێدارە درا. دوایین قوربانییەکان تا ئێستا بریتین لە یەعقوب کەریمپوور (٤۳ ساڵ) و ناسر بەکرزادە (۲٦ ساڵ) کە سەرلەبەیانی ۱۲ی گوڵان لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لەسێدارە دران. هەر دووکیان لەژێر ئەشکەنجەدا ناچار بە دانپێدانان کرابوون.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا ئاشکرای کردووە کە لانیکەم ٤٤ ناڕەزای دیکە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە کە لە نێوانیاندا ۲ ژن و ۳ تازەلاو هەن کە لە کاتی دەستبەسەرکردنیاندا تەمەنیان لە خوار ۱۸ ساڵ بووە. ناوی هەندێک لەوان بریتین لە: مەنسوور جەعفەری(۱۷ ساڵ)، شاهین سولەیمانی (۲۳ ساڵ)، حسێن قەڵعەبەیگی (۲۲ ساڵ)، ڕەزا موئەزەنی (۲۳ ساڵ)، یاسر موختاری، موسلیم حەیدەری، ڕەمەزان ئەسەدی، ئەبولفەزل هاشمیان، جەواد تاڵبپوور، دانیال هاروونی، مەهدی ئەسکەندەری، نەوید شیرانی، سەید ڕەزا حەسەنلو، داود ئەمینزادە، موبین سوڵتانی و پێژمان حەقیقیان کە سەرجەمیان لە زیندانی ناوەندیی ئیسفەهان ڕاگیراون.
میدیا حکومییەکان لە کردەوەیەکی دژە مرۆیی دا، “دانپێدانانە” زۆرەملێکانی محەممەد عەباسی (۵۵ ساڵ) و کچەکەی واتە فاتیمەیان بڵاوکردەوە. عەباسی لە لقی ۱۵ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر سەڵەواتی سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا. کچەکەی، فاتیمە عەباسی، سزای ۲۵ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە.
ئەبولفەزل ساڵحی سیاوەشانی (۵۱ ساڵ)، شەهاب زوهدی (۳۸ ساڵ) و یاسر ڕەجائی‌فەریش لە دۆسیەیەکدا لەگەڵ ۷ تۆمەتباری دیکە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە. ٤ کەس لە تۆمەتبارانی ئەم دۆسیەیە لە کاتی شەڕی ئەمدواییەدا لەسێدارە دران.
سێ تازەلاوی دیکە، بە ناوەکانی ئێحسان حوسێنی‌پوور حەسارلو (۱۹ ساڵ)، مەتین محەممەدی (۱۷ ساڵ) و عیرفان ئەمیری (۱۷ ساڵ) لەگەڵ مریەم هەداوەند، سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە. پارێزەری ئێحسان، میلاد پناهی‌پوور، هۆشداری داوە کە ئەم دۆسیەیە هیچ بەڵگەیەکی ڕاستەقینەی لەسەر نییە و تەنیا لەسەر بنەمای دانپێدانانی زۆرەملێی کە لەژێر ئەشکەنجەدا وەرگیراو، دروستکراوە.
غوڵامحسێن موحسنی ئێژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری، بە ڕاشکاوی جەختی لەسەر جێبەجێکردنی خێرای سزاکانی لەسێدارەدان کردووەتەوە. مەحموود ئەمیری موقەدەم، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، لەم بارەیەوە دەڵێت: “کۆماری ئیسلامی توانای بەڕێوەبردنی کاریگەرانەی وڵات و دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی خەڵکی نییە، مەشروعییەتی خۆی لەدەستداوە و بۆ پاراستنی دەسەڵات پەنای بردووەتە بەر سەرکوت و دروستکردنی زاڵکردنی ترس و تۆقاندن. سزای لەسێدارەدان هێشتا بەهێزترین ئامرازی حکومەتە بۆ دروستکردنی ئەم ترسە.
ناوبراو هەروەها دەڵێت: «کۆماری ئیسلامی بە کەڵک وەرگرتن لە یاسای نوێی سیخوڕی، ڕەوتی جێبەجێکردنی سزاکانی لەسێدارەدانی ناڕەزایانی خێراتر کردووە. ئەم ڕەوتە پرۆسەیەکی دادوەری نییە، بەڵکوو بەشێکە لە هەڵمەتێکی ڕێکخراوی توندوتیژی دەوڵەتی. سزاکانی لەسێدارەدان ئەنجامی دادگاییگەلێکی زۆر نادادپەروەرانەن کە تێیاندا لە بری بەڵگەی باوەڕپێکراو، دانپێدانانەکانی ژێر ئەشکەنجە بە هەند وەرگیراوە.
ئێمە ئەم لەسێدارەدانە سیاسییانە بە توندی ئیدانە دەکەین. کۆماری ئیسلامی بە هەر یەک لەم ئێعدامانە، نە تەنیا ژیان لە مرۆڤێک زەوت دەکات، بەڵکوو لاپەڕەیەکی دیکە لە داماویی و سەرلێشێواوی خۆی لە وەڵامدانەوە بە داخوازییە ڕەواکانی
خەڵک نیشان دەدات. هەڵواسینی تازەلاوانی وەک مەتین محەممەدی و عیرفان ئەمیری کە لە کاتی دەستبەسەرکردندا تەمەنیان کەمتر لە ۱۸ ساڵ بووە و ژنانی وەک مریم هەداوەند و بێتا هیمەتی ئەولاتر لە هەر وەسفێکی دڕندانەیە.
دڵمان لەگەڵ ئەو بنەماڵە داغدارانەیە کە ئازیزەکانیان لەم شەپۆلە خوێناوییەدا لەدەست داوە: دایکی ساسان ئازادوەری کە بۆ دوا دیداری جگەرگۆشەکەی بانگ کرا، باوک و دایکی ساڵح محەمەدی، سەعید داودی و مەهدی قاسمی، بنەماڵەی ئەمیرعەلی میرجەعفەری و عیرفان کیانی، و سەرجەم ئەو بنەماڵانەی کە ئازیزانیان لە زیندانەکانی قوم، ئیسفەهان، قزڵحەسار و ورمێ لەسێدارە دران.
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناتوانێت لە بەرامبەر ئەم تاوانانەدا بێدەنگ بێت. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران بە دروستی داوا دەکات کە “ڕاگرتنی سزای لەسێدارەدان ببێتە یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکان لە هەر جۆرە دانوستانێکدا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی”.