شەڕ و لێکەوتەکانی بۆ چینی کرێکار
لە سەروبەندی نزیکبوونەوە لە یەکی ئایار، ڕۆژی جیهانیی کرێکار، چینی کرێکاری ئێران بە یەکێک لە دژوارترین قۆناغەکانی ژیانی خۆیدا تێپەڕ دەبێت، قۆناغێکی کە تێیدا شەڕ، وەک بارێکی قورس و وێرانکەر، نەک هەر لەسەر شانی کۆمەڵگە بەگشتی، بەڵکوو بە شێوەیەکی دیار و چەندبەرابەر لەسەر ژیان و بژێوی کرێکاران قورسایی دەکات. ئەمساڵ لە بارودۆخێکدا لەم ڕۆژە مێژووییەوە کە بەردەوام هێمای هاوپشتی، خەبات و هیوا بە ڕزگاریی چینی کرێکار بووە، نزیک دەبینەوە، کە کرێکارانی ئێران لەگەڵ ئاوێتەیەک لە هەژاری، بێکاری، نەبوونی ئەمنییەتی پیشەیی و هەڕەشەی گیانی بەرەوڕوون.
ئەو شەڕەی ئێستا، پێش هەر شتێک، گیانی مرۆڤەکانی کردووەتە ئامانج. کرێکاران کە هێزی کاری پیشەسازییەکان، کانەکان، کارگەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزار پێک دەهێنن، نەک هەر لە ناوەندە نا ئەمن و بێ ستانداردەکانی سڵامەتی دا گیانیان لەدەست دەدەن، بەڵکوو بەهۆی هێرشەکان، تێکچوونی ژێرخان و بارودۆخی شەڕیش دەبنە قوربانی. لە مانگەکانی ڕابردوودا، گەلێک ڕاپۆرت سەبارەت بە کوژران و برینداربوونی کرێکاران بەهۆی بۆردومانی کارگەکان، پاڵاوگەکان، وێستگەکانی کارەبا و تەنانەت کارگه بچووکەکان بڵاوکراوەتەوە. ئەو کرێکارانەی کە پێشتریش لەبەردەم مەترسیی ڕووداوەکانی کاردا بوون، ئێستا لە بارودۆخێکی زۆر مەترسیدارتدا، لە نێوان بەشێنەیی بەهۆی هەژاری و مردنی لەناکاوی بەهۆی شەڕەوە گرفتارن.
بەڵام کارەساتەکە هەر بەوەندە کۆتایی نایەت. شەڕ، پێکهاتەی ئابووریی ئێرانی بە توندی پەکخستووە و لێکەوتەکانی ڕاستەوخۆ سێبەری خستووەتە سەر ژیانی کرێکاران. بەپێی ڕاپۆرتە فەرمییەکان، تەنیا لە یەک مانگی ڕابردوودا و لە دوای دەستپێکردنی توندبوونەوەی ململانێکان، نزیکەی یەک ملیۆن کەس بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کارەکانیان لەدەستداوە. ئەم ژمارەیە بە تەنیا دەربڕی قووڵایی ئەو تەنگژەیەیە کە بازاڕی کاری ئێرانی گرتووەتەوە. لە تەنیشت ئەوەشدا، پەککەوتنی بەندەرەکان و پچڕانی بەربڵاوی کارەبا و ئینتەرنێت، بووەتە هۆی ئەوەی نزیکەی دوو ملیۆن کەسی تریش بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە پڕۆسەی کار بکەونە دەرەوە یان لە لێواری بێکاربووندا بن. ئەمە واتە ملیۆنان بنەماڵەی کرێکار لە ماوەیەکی کورتدا، کەوتوونەتە ناو گێژاوی هەژارییەوە.
ئەم شەپۆلی بێکارییە، بە خێرایی لە هەموو کەرتە ئابوورییەکانی گرتووەتەوە. لە بواری ئابووریی دیجیتاڵیدا، کە لە ساڵانی ڕابردوودا ببووە یەکێک لە بوارە گرنگەکانی کار و سەرچاوەی داهات، پچڕانی بەربڵاوی ئینتەرنێت بە کردەوە ئەم کەرتەی ئیفلیج کردووە. پشکی ٥ بۆ ٦ لەسەدیی ئەم بەشە لە بەرهەمی ناوخۆیی، لە بارودۆخی ئێستادا ئێجگار کەمی کردووە و هەزاران هێزی کاری پسپۆڕ و نیمچە پسپۆڕی بێکار کردووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە زۆربەی ئەم کرێکارانە هیچ چەشنە پاڵپشتییەکی دارویی یان بیمەیان نییە.
لە کەرتی پیشەسازیدا، دۆخەکە زۆر لەوەش خراپترە. پیشەسازییەکی کە نزیکەی ۳۳ لەسەدی کارەکانی وڵات لەخۆ دەگرێت، بەهۆی وێرانبوونی کارگەکان، وێستگەکانی وزە و ژێرخانە سەرەکییەکان، بەکردەوە زەمینگیر بووە. ئەو کرێکارانەی کە تا پێش ئەم دۆخە، بە حەقدەستی کەم و گرێبەستی کاتیی، بە سەختی دەیانتوانی بژێوی ژیانیان دابین بکەن، ئێستا لەگەڵ داخرانی تەواوەتیی شوێنی کارەکەیان بەرەوڕوون. زۆربەیان نەک هەر کارەکانیان لەدەستداوە، بەڵکوو هیچ ئومێدێکیان بە گەڕانەوە بۆسەر کارەکانیان نییە. ئەم دۆخە، فشارێکی ئابووری و دەروونیی لەڕادەبەدەری خستووەتە سەر کرێکاران و بنەماڵەکانیان.
لە کەرتی خزمەتگوزاری و پیشە ئازادەکانیش دۆخەکە لەوە باشتر نییە. هەڵئاوسانی هەوسارپچڕاو، کە گەیشتووەتە نزیکەی ۷۰ لەسەد، توانای کڕینی خەڵکی تا ئاستێکی ئێجگار زۆر دابەزاندووە و خواستی بۆ خزمەتگوزارییەکان گەیاندووەتە کەمترین ئاست. ئاکامی ئەم ڕەوتە، بریتییە لە داخرانی بەربڵاوی کاروکاسبییە بچووکەکان، بەتایبەت لە شارە گەورەکاندا. کرێکارانی ئەم بەشە، کە زۆربەیان لە هیچ چەشنە پاڵپشتییەکی یاسایی بەهرەمەند نین، لە بەرامبەر ئەم قەیرانەدا بە تەواوی بێدیفاع ماونەتەوە. زۆربەیان ناچار بوون پەنا ببەنە بەر کار و پیشە کاتیی و نافەرمییەکان بە حەقدەستێکی زۆر کەم.
لە ئاوا بارودۆخێکدا، چینی کرێکار زیاتر لە هەر کاتێکی تر پێویستی بە حزووری چالاک و ڕێکخراو هەیە لە گۆڕەپانی خەبات و ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکاندا. ئەزموونی مێژوویی نیشانی داوە کە هیچ کام لە ماف و دەستکەوتەکانی کرێکاران، بەبێ خەبات و هاوپشتی بەدەست نەهاتووە. ئەمڕۆش، بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم بارودۆخە قەیراناوییە، دەبێت کرێکاران پشت بە هێزی بەکۆمەڵی خۆیان ببەستن. هاوپشتیی چینایەتی، ڕێکخراوی سەربەخۆ و سەرتاسەری، و بەکارهێنانی ئامرازە کاریگەرەکانی خەبات، لەوانە مانگرتن، لە زومرەی گرنگترین پێویستییەکانی ئەم قۆناغەن.
یەکی ئایار، لەم نێوەندەدا، دەرفەتێکی زێڕینە بۆ جەختکردنەوە لەسەر ئەم پێویستییانە. ئەم ڕۆژە دەتوانێت ببێتە سەکۆیەک بۆ خستنەڕووی داواکارییە سەرەکییەکانی کرێکاران. پێویستە داواکارییەکانی وەک دابینکردنی لانیکەمی حەقدەستی گونجاو لەگەڵ هەزینەی ڕاستەقینەی ژیان، دەستەبەرکردنی ئەمنییەتی پیشەیی، پێکهێنانی بیمەی بێکاریی گشتگیر و دابینکردنی بارودۆخی تەندروستی کار، بە دەنگێکی بەرز و یەکگرتووانە بخرێنەڕوو.
بەڵام بەدیهاتنی ئەم داواکارییانە، بەبێ ڕێکخراوبوونی سەربەخۆی کرێکاران مەحاڵە. دوورکەوتنەوە لە ڕێکخراوە “زەردەکان” و سەر بە دەوڵەت و هەنگاونان بەرەو دروستکردنی دامەزراوەی ڕاستەقینە و نوێنەری بەرژەوەندییەکانی کرێکاران، هەنگاوێکی بنەڕەتییە لەم ڕێگەیەدا. تەنیا لە ڕێگەی ئەم جۆرە ڕێکخراوانەوەیە کە کرێکاران دەتوانن هێزی گفتوگۆی و تووێژکردنی خۆیان زیاتر بکەن و لە بەرامبەر سیاسەتە دژە کرێکارییەکاندا ڕابوەستن.
مانگرتن، وەک یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی خەباتی چینی کرێکار، لەم نێوەندەدا ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت. ئەزموونی وڵاتە جیاوازەکان نیشانی داوە کە مانگرتنە ڕێکخراو و سەرتاسەرییەکان، دەتوانن هاوسەنگیی هێز بە قازانجی کرێکاران بگۆڕن. بێگومان، پێکهێنان و ڕێکخستنی مانگرتن و ناڕەزایەتی لەو چەشنە، پێویستی بە ئامادەکاری، هەماهەنگی و هاوپشتییەکی بەربڵاو هەیە. لێرەدا، ڕۆڵی هاوبەشی کرێکارانی شاغل واتە (کرێکارانی لەسەرکار) و بێکار گرنگییەکی تایبەت پەیدا دەکات. بێکاری، هەڕەشەیەکە کە هەر کرێکارێک دەخاتە بەر مەترسی، لەمڕووەوە یەکگرتوویی نێوان ئەم دوو بەشەی چینی کرێکار دەتوانێت ببێتە هێزێکی یەکلاکەرەوە لە بەرەوپێشبردنی خەبات و ناڕەزایەتییەکاندا.
لە کۆتاییدا، دەبێت جەخت بکرێتەوە کە بارودۆخی ئێستا، ئەگەرچی زۆر سەخت و تاقەتپڕووکێنە، بەڵام لە هەمان کاتدا دەتوانێت زەمینەخۆشکەر بێت بۆ پێکهاتنی بزووتنەوەیەکی کرێکاریی بەهێز و وشیار. شەڕ، لەگەڵ هەموو وێرانکارییەکانیدا، دژوازییە قووڵە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی هەرچی زیاتر ئاشکرا کردووە. ئەم وشیارییە، ئەگەر هاوکات بێت لەگەڵ ڕێکخراوبوون و هەنگاوی بەکۆمەڵ، دەتوانێت ببێتە هێزێک بۆ گۆڕانکاری.
