کارۆلین لۆیت، وتەبێژی کاخی سپی، لە وتووێژێکدا لەگەڵ تۆڕی فاکس نیوز، پشتڕاستی کردەوە کە ستێڤ ویتکاف، نێردراوی تایبەتی سەرۆکایەتی ئەمریکا و جارێد کۆشنەر، ڕۆژی شەممە ٥ی گۆڵان بۆ قۆناغێکی نوێی گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هیئەتی ئێرانی دەچن بۆ پاکستان.
لۆیت وتی ئەم گەشتە وەڵامێکە بە داواکاریی کۆماری ئیسلامی و ئێرانییەکان خۆیان داوای ئەم گفتوگۆی ڕاستەوخۆیان کردووە. ئەو هەروەها وتی دونالد ترامپ بە ناردنی ویتکاف و کۆشنەر، دەیەوێت گوێ لە پێشنیار و هەڵوێستی نوێی کۆماری ئیسلامی بگرێت. بەپێی وتەی بەرپرسان، جیدی وەنس، جێگری سەرۆک کۆماری ئەمریکا، لەم قۆناغەدا بەشدار نابێت، بەڵام ئەگەر ئەنجامی دیاریکراو دەستبکەوێت، ئامادەیە بچێت بۆ ئیسلاماباد.
