ڕۆژی هەینی ، ئۆردوگای ئازادی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نزیک کۆیە جارێکی دیکە کرایە ئامانجی هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.
ئەم شەپۆلە نوێیەی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر ناوەندە مەدەنییەکانی حیزبی دێموکرات لە کاتێکدایە کە لە ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە ی ڕابردوودا (١٢ و ١٣ی پووشپەڕ)، هێرشی هاوشێوە بۆ سەر بنکە مەدەنییەکانی ئەو حیزبە لە نزیک کۆیە ئەنجام درا. درێژەی ئەم هێرشانە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا ژمارەی ئەو مووشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەی کە ئێران ئاراستەی ناوچە جۆربەجۆرەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە، ٦٠٠ مووشەکی تێپەڕاندووە، هەروەها بە سەدان مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەر کەمپە مەدەنییەکان، کتێبخانەکان، نەخۆشخانەکان، ناوەندە پزیشکییەکان، و شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەکانی سەر بە حیزبەکانی کوردستانی ئێران کەوتوون.
