٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژن، لە هەموو ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و یەکسانیخواز، لە کرێکاران و زەحمەتکێشان، لە کچانی بوێر و دایکانی خۆڕاگر، لە هەڵسووڕاوانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و لە سەرجەم ئەو مرۆڤانەی کە بۆ جیهانێکی دوور لە هەڵاواردن، چەوسانەوە و ستەم تێدەکۆشن، بە گەرمی پیرۆزبایی دەکەین.
لەم ڕۆژەدا، پێش هەر شتێک یاد و ناوی ئەو ژنانە بەرز ڕادەگرین کە لە ماوەی ساڵانی دەسەڵاتدارێتی کۆماری ئیسلامیدا بۆ بەدەستهێنانی مافە مرۆییە پێشێلکراوەکانیان خەباتیان کرد و گیانیان لەو پێناوەدا بەخت کرد، ئەو ژنانەی کە لە شەقام، زانکۆ، کارخانە، گەڕەک، زیندان و هتد، لە بەرانبەر سووکایەتی و توندوتیژیدا وەستانەوە و بە خۆڕاگریی خۆیان، بوونە چرای ڕێگای نەوەکانی دوای خۆیان. سڵاو دەنێرین بۆ هەموو ئەو کچ و ژنانەی کە لە شەپۆلەکانی سەرکوت، لە ناڕەزایەتی و ئاخێزەکان و لە خۆڕاگرییەکانی ڕۆژانەدا، لە ئەشکەنجە و گوللە و زیندان نەترسان. ٨ی مارس بۆ ئێمە ڕۆژی پەیمان نوێکردنەوەیە لەگەڵ ئەوان. لەگەڵ ئەوانەی قارەمانانە خۆڕاگرییان کرد تا ژن مرۆڤ بێت، ئازاد بێت و یەکسان بێت.
ئەگەر هەشتەمین ڕۆژی مارس هەر لە سەرەتاوە مۆرکی شۆڕشی ژنانی کرێکاری بە ناوچاوانییەوە بووە، هۆکارەکەی ئەوەیە کە ستەمی سەر ژنان و ستەمی چینایەتی ئاوێتەی یەکتر بوون. ئەو ژنە کرێکارانەی لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا لە کارخانەکانی ڕستن و چنین لە نیویۆرک و شیکاگۆ ڕاپەڕین، نەک تەنیا بۆ مافی ژنان، بەڵکوو بۆ کەرامەتی مرۆیی هەموو ستەملێکراوان هاتنە مەیدان. پێشڕەویی بزووتنەوەی ڕزگاریی ژنان مسۆگەر نابێت مەگەر بە هاتنە مەیدانی کۆمەڵانی میلیۆنیی ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش. بەرژەوەندیی ژنان و پیاوانی کرێکار لەوەدایە کە لە ڕێکخراوە جەماوەری و چینایەتییەکان و لە حیزبی سیاسیی خۆیاندا خۆ ڕێکبخەن و دەست لەناو دەستی یەکتر بۆ کۆتاییهێنان بە هەر چەشنە ستەم و سەرەڕۆییەکی سیستەمی سەرمایەداری خەبات بکەن. هیچ بزووتنەوەیەکی کە ئەم پەیوەندییە لەبەرچاو نەگرێت، ناگات بە ڕزگاریی ڕاستەقینەی ژنان. خەبات بۆ یەکسانیی ژن و پیاو، لە خەبات دژی هەژاری، بێکاری، نائەمنی پیشەیی، سەرکوتی ڕێکخراوبوون و دژی بەکاڵاکردنی مرۆڤ جیاناکرێتەوە. یەکسانیی ڕاستەقینە تەنیا بە گۆڕینی ئەو پەیوەندییانە مومکین دەبێت کە هەڵاواردن بەرهەم دەهێننەوە و جەستە و ژیانی ژن دەکەنە مەیدانی نواندنی هێز و دەسەڵات.
ئەمساڵ لە دۆخێکدا لە ٨ی مارس نزیک دەبینەوە کە کۆمەڵگای ئێران لەژێر گوشاری هاوکاتی قەیرانی سیاسی، قەیرانی ئابووری، چڕبوونەوەی سەرکوت و شەڕی وێرانکەر و نائەمنیدا هەناسە دەدات. بەردەوامیی دۆخی قەیراناوی، ژیانی ملیۆنان مرۆڤی گەیاندووەتە لێواری داڕمان و وەڵامی دەسەڵات، نەک باشترکردنی بژێوی ژیان، نەک دابینکردنی ئازادییە سیاسییەکان و نەک مسۆگەرکردنی ئەمنییەتی مرۆیی، بەڵکوو بریتی بووە لە ئەمنییەتیکردنی کۆمەڵگا و چڕکردنەوەی هەرچی زیاتری توندوتیژیی دەوڵەتی. کۆمەڵکوژی و سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان، لەوانە ئەو تاوانانەی لە بەفرانباری ڕابردوودا ڕوویاندا، نیشانی دا کە کۆماری ئیسلامی لەسەر دەریایەک لە ڕق و بێزاری خەڵکی وەزاڵەهاتوو حوکمڕانی دەکات. لە وەها دۆخێکدا، ژنان جارێکی تر لە هێڵی پێشەوەی هەم ئازار و هەم خۆڕاگریدان، هەم قوربانییانی یەکەمی هەڵاواردن و توندوتیژین و هەم لە زومرەی پێشەنگانی گۆڕانکاری.
ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، وەک نموونەیەکی دیاری حکوومەتێکی ئایینیی داکۆکیکار لە سیستەمی چینایەتیی سەرمایەداری، هەر لە سەرەتاوە یەکێک لە پایەکانی دەسەڵاتی خۆی لەسەر زەوتکردنی مافە مرۆییەکانی ژنان دانا. یەکەم دەرکەوتنی سیاسیی خومەینی لە ساڵی ١٣٤٢، بریتی بوو لە هێرشکردنە سەر ژنان و ئەو مافە سەرەتاییانەی کە لەو سەردەمەدا بەدەستیان هێنابوو، هەڵوێستێکی کە لە یەکەم ڕۆژانی دوای گەیشتن بە دەسەڵات، لە ڕەشەمەی ١٣٥٧دا جەختی لەسەر کردەوە و بەکردەوەی دەرهێنان. لەو کاتەوە، ڕژێمی ئیسلامی دوو باڵی ئایین و پیاوسالاریی بە هەموو هێزەوە لەدژی ژنان بەکار هێنا و دڕندانەترین شێوازەکانی توندوتیژی و سووکایەتیی دژی ژنان بە “یاسایی” کرد.
سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ وەک هێمای کۆیلایەتیی ژن، هاوسەرگیریی منداڵان، برەودان بە لەشفرۆشی لەژێر ناوی سیغە، چاوپۆشیی یاسایی بەرانبەر بە کوشتنی ژنان بە بیانووی شەرەف، بێبەشکردنی ژنان لە مافی سەرپەرشتیکردنی منداڵ، زەوتکردنی مافی قەزاوەت لە ژنان، زەوتکردنی مافی سەفەرکردن بەبێ مۆڵەتی پیاوان، و بە یاساییکردنی نایەکسانیی بەرچاو لە شایەدی و خوێنبەها و میراتدا، کە تێیدا مافی دوو ژن بە یەکسان بە یەک پیاو پێناسە دەکرێت، تەنیا بەشێکن لە کۆی یاساکانی دژەژنی کۆماری ئیسلامی.
ئەمانە کۆڵەکەی سیستەمێکن، سیستەمێکن کە بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگا، جەستەی ژنی کردووەتە مەیدانی فەرمانڕەوایی خۆی.
بەڵام بە پانتایی ڕەهەندەکانی توندوتیژیی و سەرکوتگەریی کۆماری ئیسلامی دژی ژنان، خەبات و خۆڕاگریی ژنان لە ماوەی ٤٧ ساڵی ڕابردوودا لە کۆمەڵگا و ژینگەی کاردا، بێ وچان بەردەوام بووە، خۆڕاگرییەکی کە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی” خاڵی گەیشتن بە لووتکەی بوو. ئەم بزووتنەوەیە نیشانی دا کە ژن نەک تەنیا “لاواز و ڕەگەزی دووەم” نییە، بەڵکوو بەتوانا، وشیار، بوێر و فیداکارە و خاوەنی زۆرترین شایستەییە بۆ بنیادنانی جیهانێکی دوور لە شەڕ و کوشتار و لێوانلێو لە ئاشتی، مرۆڤدۆستی و میهرەبانی. بە ڕێکەوت نەبوو کە پەچە و سەرپۆشەکان دەسووتێنران، ژنان لە ڕیزەکانی پێشەوەی خۆپیشاندانەکان بوون، لەبری وتاری مەلا ئایینییەکان، سروود و شێعری شۆڕشگێڕانە لەسەر گڵکۆی گیانبەختکردووان دەخوێندرانەوە، وتار و بەیاننامەی هیوابەخش دژی هۆکارەکانی هەڵاواردن و چەوسانەوەی ژنان، واتە ئایین، پیاوسالاری و سەرمایەداری، دەنووسران و بڵاو دەکرانەوە. “ژن، ژیان، ئازادی” تەنیا ناڕەزایەتی دەژبە حیجابی زۆرەملێ نەبوو، ئاخێزێک بوو دژی تەواوەتی سیستمێک، واتە سیستەمی سووکایەتی، سیستەمی هەژاری و سیستەمی ملکەچکردنی زۆرەملێ.
کەم نین ئەو ژنە چاونەترسانەی کە لە سیاچاڵەکانی ڕێژیمی ئیسلامیدا خەباتیان کرد، تەسلیم نەبوون و گیانی ئازیزیان لە پێناو ئامانجە بەرزەکانیاندا فیدا کرد. کەم نین ئەو ژنە تێکۆشەرانەی کە هەموو تابۆکانی ئەو سەردەمەیان شکاند و لە خەبات و بەرخودانی چەکدارانە و سەربەرزانەی کوردستاندا لە بەرانبەر هێرشی لەشکرەکانی حکوومەتی ئیسلامیدا، قارەمانانە خەباتیان کرد، گیانیان بەختکرد و بوونە ئەفسانەی هەزاران ژن و کچی شۆڕشگێڕ، ئەو ژنانەی کە یاد و ناویا لە بیرەوەریی کۆمەڵانی خەڵکدا دەمێنێتەوە. کەم نین ئەو کچ و ژنانەی لە دژی ستەم و سەرەڕۆی ڕاسان و چارشێو و حیجابی زۆرەملێی ئیسلامییان، وەک سمبولی وەحشیگەری و بەڕبەڕییەتی پیاوسالاریی ئایینی، لە مەیدان و چوارڕێیانەکاندا ئاگر تێبەردا و هاواری یەکسانی و مرۆڤایەتییان بەرز کردەوە. کەم نین ئەو ژنانەی کە لە ناڕەزایەتی و خەباتی مافخوازانە و بەردەوامی کرێکاران، خوێندکاران، مامۆستایان، خانەنشینان و لە ڕاپەڕینەکانی ٤٧ ساڵی ڕابردوودا هاتنە سەر شەقام و هاواری ئازادی و یەکسانییان بەرز کردەوە، سنگی خۆیان لە بەرانبەر سەرکوتگەرانی بێبەزەییدا کردە قەڵغان و ترسی مەرگیان خستە جەستەی ماندووی حکوومەتی ئیسلامییەوە.
ئێمە جەخت دەکەینەوە کە خەباتی ژنان بۆ ئازادی و یەکسانی، تەنیا بە پشت بەستن بە هێزی ڕێکخراوی جەماوەری، بە پەرەپێدانی ڕێکخراوە سەربەخۆکان و بە پەیوەندییەکی قووڵ لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و هەموو ستەملێکراوان دەتوانێت سەرکەوتن مسۆگەر بکات. ئێمە لەسەر پێویستیی بەهێزکردن و پەرەپێدانی ڕێکخراوە جەماوەرییەکانی ژنان، ڕێکخراوە کرێکارییەکان، ئەنجومەنە پیشەییەکانی مامۆستایان و پەرستاران، شۆڕاکانی شوێنی کار و گەڕەکەکان و یەکگرتوویی هەموو هێزە ئازادیخواز و یەکسانیخوازەکان دژی کۆماری ئیسلامی جەخت دەکەینەوە. ئەم ڕژێمە، بە هەموو ئامرازەکانی سەرکوت و فریو، تێدەکۆشێت ژنان ناچار بە بێدەنگی بکات یان خەباتەکەیان بەرەو ئاراستەیەکی بێمەترسی و بێکاریگەر بەلاڕێدا ببات. ئازادی و یەکسانی دیاریی دەسەڵات نییە، بەڵکوو بەرهەمی خەباتی وشیارانە و ڕێکخراوە. داهاتوو بە هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی ئەم سیستمە، بە کۆتاییهێنان بە هەر چەشنە هەڵاواردنێکی ڕەگەزی، نەتەوەیی، ئایینی و چینایەتی و بە بنیادنانی کۆمەڵگایەکی ئازاد، یەکسان و خۆشگوزەران، بەدی دێت. ژن لە ئێران نەک بابەتی بەزەیی، بەڵکوو هێزی گۆڕانکارییە و ئەم هێزی گۆڕانکارییە، کاتێک لەگەڵ هێزی چینی کرێکار و سەرجەم ستەملێکراوان یەکبگرێت، دەتوانێت تەخت و بەختی کۆماری ئیسلامی و یاسا دژەژن و دژەمرۆییەکانی ڕابماڵێت.
بژی ئازادی و یەکسانی
بۆ پێشەوە بەرەو سۆسیالیزم
کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
ڕەشەمەی ١٤٠٤ – مارسی ٢٠٢٦
