کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران سەبارەت بە کوژرانی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی

5269443393933218547 121

 

بەپێی ڕاگەیەندراوی شۆڕای باڵای ئاسایشی نیشتمانیی کۆماری ئیسلامی، مەرگی عەلی خامنەیی لە ئەنجامی بۆردومانەکانی دوێنێدا پشتڕاست کراوەتەوە. بێجگە لە وردەکاریی ڕووداوەکە، ئەم پێشهاتە خاڵێکی وەرچەرخانە لە مێژووی هاوچەرخی ئێراندا. ئەم ڕووداوە کۆتایی ژیانی کەسێکە کە چەندین دەیە لە لوتکەی دەسەڵاتدا مایەوە و ئاراستەی سیاسی، ئەمنی، ئابووری و کولتووریی وڵاتی بە بڕیار و فەرمانەکانی خۆی داڕشت.

خامنەیی سەردەستەی دام و دەزگایەک بوو کە لەسەر بنەمای سەرکوت، جیاکاری، تاڵان و بڕۆی ڕێکخراو و سوکایەتیکردن بە مرۆڤ بونیاد نرابوو. لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی ئەودا، دەیان هەزار مرۆڤ بە ناهەق کوژران، خرانە بەندیخانە، ئەشکەنجە دران و ژیانیان وێران کرا. سەروەتی ئەم وڵاتە، ئەو سەروەتەی کە دەبوو بۆ خۆشگوزەرانیی گشتی، پەروەردە، تەندروستی و داهاتووی نەوەکان خەرج بکرایە، لەژێر سێبەری ئەو سیاسەتانەی کە ناوبراو داڕێژەر و پشتیوانی سەرەکییان بوو، کرا بە قوربانی پڕۆژە ئەمنییەتی و سەرکێشییە ناوچەییەکان، یان لە گیرفانی تۆڕەکانی ڕانت و گەندەڵی و دزیدا کۆکرایەوە. کۆمەڵگەیەک کە لەسەر دەریایەک لە سەرچاوە سروشتی و مرۆییەکان دانیشتووە، لەبری خۆشگوزەرانی و کەرامەت، بەرەو هەژاری و دڵەڕاوکێ و بێ‌ئاسۆیی پاڵ پێوەنرا.

کرێکارانی چەوساوە کە بەرهەمی ڕەنج و کارەکەیان بەهۆی سیاسەتە ئابووری و ئەمنییەکانی ژێر چاودێری خامنەییەوە پێشێل کرا، لە نانی شەو بێبەش کران، کارگەکان داخران، حەقدەستەکان دواکەوتن، گرێبەستی سپی و بێمافیی بوو بە باو و هەر دەنگێکی مافخوازانە بە هەڕەشە و زیندان وەڵام درایەوە. ژنانێکی بێشمار بەهۆی پێداگریی ئەو لەسەر یاسا کۆنەپەرستانەکانی شەریعەت، سوکایەتییان پێکرا، شەلاقانیان لێدرا، خرانە زیندان و ئەشکەنجە دران، لە مافی پۆشینی جلوبەرگی دڵخواز، مافی هەڵبژاردن، مافی حزووری یەکسان لەناو کۆمەڵگە و تەنانەت مافی بە شادی ژیانیش بێبەش کران. باوکان و دایکانی داغدار، کە پەژارەی ڕۆڵەکانیان لە شەقام و زیندانەکاندا، لەسەر دڵیان مایەوە، شاهیدی ئەوە بوون کە چۆن حکوومەت نەک هەر وەڵامدەر نەبوو، بەڵکوو ڕاستییەکانی شاردەوە و گاڵتەی بە دادپەروەری کرد. کۆمەڵانی خەڵکی ستەملێکراو کە لە سەرەتاییترین مافە مرۆییەکانی خۆیان بێبەش کران، لە مافی ڕێکخراو و مانگرتنەوە بگرە تا مافی ڕادەربڕین و مافی ژیانێکی بەبێ ترس، خامنەییان بە هێمای بەردەوامیی ستەمکاری و سەرەڕۆیی و تاوان و کۆنەپەرستی دەزانی. هەر بۆیە دەتوانرێت بوترێت بەشێکی هەرە زۆری کۆمەڵگە بە بیستنی هەواڵی مەرگی ناوبراو، هەست بە شادی و ئارامی دەکات.

بەڵام مەرگی خامنەیی کۆتایی کار نییە. ئەو لە لوتکەی هەڕەمێکدا بوو کە لە تاوانباران و بکوژان، ڕانتخۆران و دز و تاڵانچییان، گەندەڵکاران و تۆڕەکانی سەرکوت پێکهاتووە، هەڕەمێک کە هێشتا زۆرێک لە لیڤەرەکانی دەسەڵاتی لە دەستدایە، لە دەزگا ئەمنی و سەربازییەکانەوە بگرە تا دامەزراوە ئابووری، ڕاگەیاندن و دادوەرییەکان. ئەگەر سەری ئەو هەڕەمەس کەوتبێت، بە جەستە هێشتا هەر زیندووە و هەوڵ دەدات بە گۆڕینی مۆرەکان، هەمان سیستەم بپارێزێت. سیستەمێکی کە مانەوەی بەندە بە بەردەوامیی سەرکوت و تاڵان و بڕۆ و بێبەشکردن.

کۆمەڵگەی ئێران بۆ ڕزگاربوونی یەکجاری لەم ڕژێمە و هەموو تاقم و دەستەوپێوەندەکانی، هێشتا چەند قۆناغێکی لە پێشە. ڕێگەیەکی کە دەبێت بە ئاگاهی و وشیارییەوە ببڕدرێت، تاوەکو ئیمکانی پاککردنەوەی کۆمەڵگە لە هەموو پاشماوەکانی ئەم ڕژێمە و سڕینەوەی شوێنەوارەکانی لەسەر کولتوور و ڕۆح و ڕەوانی گشتیی کۆمەڵگە بڕەخسێت. ئەو دام و دەزگا دەوڵەتییەی کە ئاراستەکەی لەدەستی خامنەیی دا بوو، بە ڕۆیشتنی کەسێک لە کار ناکەوێت. دەبێت ئەم دام و دەزگایە بە هێزی ئاگاهی، ڕێکخراوەیی و خەباتی کرێکاران، زەحمەتکێشان و خەڵکی ئازادیخواز و ستەملێکراو تێکبشکێنرێ و لەسەر وێرانەکانی، کۆمەڵگەیەکی ئازاد، یەکسان و لێوانلێو لە خۆشگوزەرانی بونیاد بنرێت. کۆمەڵگەیەک کە تێیدا کەرامەتی مرۆڤ بنەمایە، سەروەتی گشتی بۆ ڕەفاهی هەمووان خەرج دەکرێت، ژنان ئازاد و یەکسانن، کرێکاران خاوەن ماف و دەسەڵاتن و هیچ دەسەڵاتێک لە سەرووی ئیرادەی جەماوەرەوە نییە. مەرگی خامنەیی کۆتایی سەردەمێکە، بەڵام کۆتایی ڕژێمێک تەنها کاتێک ڕوودەدات کە جەماوەری ڕێکخراو و وشیار، چارەنووسی خۆیان بەدەستەوە بگرن و ڕیشەی ستەمکاریی لەم خاکەدا بنەبڕ بکەن.

کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

١٠ی ڕەشەمێی ١٤٠٤