کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ترس و ئومێد لە ڕێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دێموکراتیک و حکوومەتی ئەحمەد شەرع

Untitled

 

ڕێککەوتنی ئەم دواییەی نێوان هێزەکانی سووریای دێموکراتیک و حکوومەتی ئینتقالی بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع کە ڕۆژی هەینی ڕابردوو واژۆ کرا، لاپەڕەیەکی نوێی لە پێشهاتە سیاسییەکانی سووریا کردەوە. ئەم ڕێککەوتنە کە بە ئامانجی کۆتایی هێنان بە شەڕ و پێکدادانی نیزامی و چەسپاندنی سەقامگیریی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا هاتە کایەوە، لە هەلومەرجێکی هەستیار و لە ژێر گوشاری ناوخۆیی و دەرەکیدا پێکهات. بەپێی ئەم ڕێککەوتنە سوپای سووریا لە دەرەوەی شارەکان جێگیر دەکرێت و هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی سووریا دەچنە ناو شارەکان. بەڵام ئەم ڕێککەوتنە سەرەڕای ڕواڵەتی دڵنیاکەرەوەی، کۆمەڵێک ئاڵۆزی و ناڕوونی تێدایە کە گومانی جددی لەسەر داهاتووی مافەکانی خەڵکی کورد و دەستکەوتەکانی بزووتنەوەی ١٣ ساڵەی ڕۆژئاوا دروست دەکات.

ئەم ڕێککەوتنە لە بۆشاییدا پێک نەهات، بەڵکوو دەرئەنجامی گوشارێکی چەند لایەنە بوو. دەوڵەتی ئەمریکا و فەڕانسە ڕۆڵێکی سەرەکییان گێڕا بۆ گەیشتن بەم ڕێککەوتنە، بەڵام ڕاستییەکی تاڵ ئەوەیە کە ئەولەویەتی ئەم هێزە ڕۆژئاواییانە بریتی بوو لە پاراستنی سەقامگیری حکوومەتی ناوەندی دیمەشق، نەک زامنکردنی مافەکانی خەڵکی کورد. ئەم ڕوانگەیە ئەوە نیشان دەدات کە چۆن بەرژەوەندییە ژیۆپۆلیتیکییەکان بە ئاسانی سێبەر دەخاتە سەر پابەندبوونە ئەخلاقییەکان و بابەتی پەیوەست بە مافەکانی مرۆڤ. دەوڵەتەکانی ئەمریکا و فەڕانسە بە سادەیی هەموو هەوڵ فیداکارییەکانی هێزەکانی سووریای دێموکراتیکیان لە پێناو تێکشکاندنی داعشدا لەبیرکرد. سەرکەوتنێکی کە بە گیانبەختکردنی زیاتر لە دوانزە هەزار ژن و پیاوی گیان لەسەردەستی ڕۆژئاوا بەدیهات.

لە لایەکی تریشەوە سعوودیە و قەتەر بە بەرتیلدان و تەماحوەبەرنانی سەرۆک عەشیرەتە عەرەبەکان و پێدانی ملیۆنان دۆلار، یەکڕیزی نێوخۆی هێزەکانی سووریای دێموکراتیکیان تێکدا و دووبەرەکی و دوژمنایەتییان لەناودا دروستکردن. ئەم سیاسەتی ئاژاوەگێڕی و تێکدەرانە، هێزەکانی سووریای دێموکراتیکیان لە ناوەوە لاواز کرد و زیانی بە پێگەی ئەوان لە دانوستانەکاندا گەیاند. هێزەکانی سووریای دێموکراتیک هەم لە ناوەوە و هەم لە دەرەوە کەوتنە ژێر گوشارەوە. دەوڵەتی ئەحمەد شەرعیش هێزەکانی خۆی کە لە بنەڕەتدا سەربە ڕەوتە ئیسلامییە توندڕەوەکانن و برینداری دەستی بزووتنەوەی ڕۆژئاواش بوون، ڕەوانەی ناوچەکە کرد. ئەم دۆخە دانوستانەکانی کرد بە پرۆسەیەکی نابەرابەر و لەژێر گوشاردا. تاکە فاکتەرێکى ئەرێنی کە بە قازانجی بزووتنەوەی ڕۆژئاوا کاری کرد، بریتی بوو لە پشتیوانی بەربڵاوی سیاسی و ئەخلاقی خەڵکی کورد لە کوردستانی عێراق و تورکیا لە شێوازی خۆپیشاندانی ملیۆنان کەسیدا. ئەم هەوڵە جەماوەرییانە دەوڵەتی ئەمریکای ناچار کرد تا ڕادەیەک بەر بە زیادەڕەوییەکانی دەوڵەتی شەرع بگرێت. سەبارەت بە کوردستانی ئێران، کۆماری ئیسلامی بە میلیتاریزەکردنی بەربڵاوی شارەکان، نەیهێشت پشتیوانییەکی هاوشێوە پێک بێت.

چوارچێوەی ئەم ڕێککەوتنە دەتوانرێت لە پێنج تەوەری سەرەکیدا کورت بکرێتەوە:

یەکەم، تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دێموکراتیک لەگەڵ پێکهاتەی سوپای سووریا: لە پارێزگای حەسەکە هێزەکانی سووریای دێموکراتیک لەگەڵ لەشکرێکی کە لەلایەن حکوومەتی سووریاوە لەم پارێزگایەدا پێک دەهێنرێت، تێکەڵدەکرێن و لە چوارچێوەی سێ لیوادا ڕێکدەخرێن. بەم شێوەیە لەشکری حەسەکە جگە لە سێ لیوای تایبەت بە هێزەکانی سووریای دێموکراتیک، لیوایەکی دیکەشیان دەبێت. واتە هەرچەندە ئەم هێزانە وەک لیوای جیا ڕێکدەخرێن، بەڵام بە کردەوە دەخرێنە ناو پێکهاتەی نوێی سوپای سووریاوە و فەرماندەیی لەسەر ئاستی لەشکریی، لە دەستی وەزارەتی بەرگری سوریادا دەبێت.

دووەم، ڕێکارە سەربازی و ئەمنییەکان: لە ڕێککەوتنەکەدا هاتووە کە سوپای سووریا بەرەو باشووری شاری حەسەکە پاشەکشە دەکات، بەڵام بەو مەرجەی هەر بەو ڕادەیە هێزەکانی سووریای دێموکراتیکیش لە حەسەکە و قامیشلۆ بکشێنەوە. جگە لەوەش چوونی هێزی نیزامی بۆ ناو شار و شارۆچکەکان لەلایەن هەموو لایەنەکانەوە قەدەغە کراوە.

سێیەم، ڕادەستکردنی دامەزراوە ستراتێژیکەکان: بڕگەکانی دیکەی ڕێککەوتنەکە ئاماژە بە گەڕانەوەی زۆر قووڵتری دەوڵەت دەکەن، لەوانە ڕادەستکردنی ئەو کێڵگە نەوتییانەی کە لە ڕمێلان و ئەلسوەیدییە ماونەتەوە، فڕۆکەخانەی قامیشلۆ و هەروەها دوو دەروازەی سەرەکی سێمالکا لەگەڵ هەرێمی کوردستان و نسێبین لەگەڵ تورکیا، وێڕای کۆنترۆڵێکی فراوانتر بەسەر دامەزراوە مەدەنییەکان لە سەرتاسەری پارێزگای حەسەکە. ئەگەر ئەم شوێنانە ڕادەستی وەزارەتەکانی سووریا بکرێنەوە، پرسیارێکی بنەڕەتی کرداریی دێتە پێشەوە، وەک ئەوەی کە کێ پارێزگاری چەکداریی مەیدانی دابین دەکات و ئەم هێزانە لەژێر چ زنجیرە فەرماندەییەکدا کاردەکەن؟

چوارەم، سنووردارکردنی ئۆتۆنۆمی مەدەنی و یاسایی: بڕگەیەکی گرنگی دیکەی ڕێککەوتنەکە بریتییە لە مەرجی وەرگرتنی مۆڵەت بۆ سەرجەم ڕێکخراوە خۆجێییەکان، ئەنجومەنە فەرهەنگییەکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن بەگوێرەی یاساکانی وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی سووریا. هاوکات لەگەڵ کۆنترۆڵی دەوڵەت بەسەر دامەزراوە مەدەنییەکاندا، ئەم بابەتە ئاستی ئۆتۆنۆمی ئێستای ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دێموکراتیک بە شێوەیەکی بەرچاو کەمدەکاتەوە. لە ئەگەری کەوتنەبواری جێبەجێ کردنی ئەم دەقە بەم شێوەیە، جگە لە بواری پەروەردەی زمانی کوردی، هیچ چوارچێوە و ئیختیاراتێکی یاسایی بوونی نامێنێت.

پێنجەم، تێکەڵبوون لەگەڵ پێکهاتەی دەوڵەت: ناوچانەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دێموکراتیک، دەخرێنە ناو پێکهاتەی دامەزراوە و یاساکانی دەوڵەتەوە. باس لە یەکخستنی ئەمنی کراوە، بەڵام هیچ پشکێکی تایبەت یان فۆرمۆلێکی ئەوتۆ بوونی نییە کە دەوڵەت پابەند بکات بەوەی کە قورسایی هێزەکانی سەر بە هێزی سووریای دێموکراتیک لە بیناکردنەوەی سەرلەنوێی پرسی ئەمنیدا گەرەنتی بکات.

سەرەڕای کۆمەلێک نیگەرانی جددی، ئەم ڕێککەوتنە دەتوانێت هەندێک دەستکەوتیشی هەبێت. کۆتایی هاتنی شەڕ و پێکدادانی نیزامی و پێشگرتن لە خوێنڕشتنی هەرچی زیاتر، لە زومرەی گرنگترین دەستکەوتە هەنووکەییەکانە. هەروەها ئەم ڕێکەوتنە دەتوانێ زەمینە بۆ گفتوگۆی سیاسی زیاتر و بە فەرمی ناسینی بوونی خەڵکی کورد لە سووریا خۆش بکات. هەروەها پاراستنی مافی خوێندن بە زمانی کوردی و داننان بە مافی هاووڵاتیبوونی یەکسانیش بۆ کورد، بڕگەیەکی ئەرێنی دیکەی ئەم ڕێکەوتنەیە. ئەگەر ئەم قۆناغە ببێتە ئامرازێک بۆ چەسپاندنی مافە ڕەواکانی خەڵکی کورد لە دەستووری کاتیی و هەمیشەیی سووریادا، دەتوانرێت ئەمە وەک دەرفەت و دەستکەوتێکی ستراتێژیک هەژمار بکرێت. سەرەڕای هەموو ئەمانەش، مەترسییەکانی ئەم ڕێککەوتنە زۆر جددی و بەرچاون. پشتبەستن و متمانە کردن بە هێزێکی کە تازە لە لیستی تیرۆریستی لابراوە، چڕبوونەوەی هەر سێ هێزی یاسادانان و دادوەری و بەڕێوەبەرایەتی لە دەستی سەرۆککۆماری کاتیی و دووبارەبوونەوەی دروشمی یەکپارچەیی سەرزەمین هاوکات لەگەڵ بیری توندڕەویی ئایینی، مەترسییەکان بەچەند قات زیاتر دەکات. ناڕوونی و نادڵنیایی لە چۆنیەتی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە و نەبوونی گەرەنتییەکی بەهێزی نێودەوڵەتی نیگەرانییەکی زۆر دروست دەکات. ئەم مەترسیانە دەتوانن مافەکانی خەڵکی کورد لە ژێر ناوی سەروەریدا بخاتە ژێر گوشاری سیاسی و ئەجێندای دەوڵەتی تورکیا و هەژموونی هێزە ناوچەییەکان. لەدەستدانی ئەو خودموختارییە کردارییەی کە لە ماوەی ١٣ ساڵی ڕابردوودا لە ڕۆژئاوا بنیات نراوە، مەترسییەکی گەورەیە. ئەزموونی ڕۆژئاوا لە بواری خۆبەڕێوەبەریی، دێموکراسی هاوبەش و یەکسانی جێندەریدا مۆدێلێکی ناوازە بوو لە ناوچەکەدا، کە ڕەنگە بەم ڕێککەوتنە وردە وردە لەناو بچێت. نفووز و کاریگەری تورکیا لەسەر سیاسەتەکانی حکوومەتی نوێی سووریا و ئەگەری بەکارهێنانی ئەم ڕێککەوتنە بۆ لاوازکردنی هەرچی زیاتری کوردەکان، یەکێکی ترە لە مەترسییە گەورەکان. ڕێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دێموکراتیک و حکوومەتی ئەحمەد شەرع ڕێککەوتنێکی دوولایەنە و ئاڵۆزە. بەرپرسانی ئیدارەی خۆسەر، هەوڵی زۆریاندا بۆ ئەوەی ئیدارەکەیان سەربەخۆ بهێڵنەوە و لەگەڵ دەوڵەتی سووریا تێکەڵ نەبن، بەڵام نە حکومەتی ناوەندی و نە ئەمریکا و نە فەڕانسە و نە هێزە ناوچەییەکان، بەتایبەتی تورکیا، بەوە ڕازی نەبوون.

ئەم ڕێککەوتنە لە ڕووی فۆرمی دیپلۆماتیکەوە دەکرێت سەرەتای قۆناغێکی نوێ بێت، بەڵام لەڕووی ناوەڕۆکەوە هێشتا زۆر ناڕوونە. لەمڕووەوە پێویستە بە وریایی و وردبینی و وشیارییەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. پێویستە بزووتنەوەی خەڵکی کورد لە سووریا لەم قۆناغە وەک دەرفەتێک بۆ چەسپاندنی مافەکانی لە دەستووری داهاتوودا کەڵک وەربگرێت، نەک ئەوەی کە ئیزن بدات ببێتە هەنگاوێکی مەترسیدار بۆ بێکاریگەرکردنی ئەزموونی ١٣ ساڵەی بزووتنەوەی ڕۆژئاوا. ئایندەی ئەم ڕێککەوتنە پەیوەستە بە وشیاری و هاوپشتی ناوخۆیی خەڵکی کورد، پشتیوانی نێونەتەوەیی و گوشاری بەردەوام بۆ زامنکردنی مافە ڕەواکانیان. پێویستە خەڵکی کورد و هێزەکانی سووریای دێموکراتیک بە چاوێکی کراوەوە پێ بنێنە ناو ئەم قۆناغە و لە هەر دەرفەتێک بۆ چەسپاندنی دەستکەوتەکانیان کەڵک وەربگرن.