عەلی خامنەیی رۆژی چوارشەممە ٢٥ی مانگی خهرمانان لە دیدارێکدا لەگەڵ فەرماندەکانی سپا هێندێک قسەی کرد کە بەگشتی سەرچاوەگرتوو لە هەست کردن بە مەترسی بۆسەر کۆماری ئیسلامی بوو. هەواڵنێرییە حکومەتیەکانیش لە بڵاوکردنەوەی کورتەیەک لە قسەکانی و بە پەیڕەوی لە پێگەی زانیاری گەیاندنی دەفتەرەکەی لەسەر مەترسی بۆسهر کۆماری ئیسلامی جەختیان کردەوە. خامنەیی راستەخۆ روو له فەرماندەکان وتی: یەکێک لە ئەرکە سەرەکیەکانی سپا رەسەد کردنی بەردەوامی مەسائێلی نێوخۆیی،ناوچەکە و نێونەتەوەییە بە مەبەستی ناسینی هەڕەشەکان. ئەو جەختی کردەوە کە لەبەر ئەوەی ئینقلابی ئیسلامی بەردەوام لەبەردەم هەڕەشەی نەیاران و دوژمناندایە، وشیاری و چاوکراوەیی هەمیشەگی سپا و ئامادەگی گونجاو لەگەڵ هەڕەشەکاندا بە تەواوی پێویستە. خامنەیی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتی کە هەڵبەت نفوزی ئابووری و ئەمنیەتی مەترسیدارە و ئاسەواری قورسی بەدواوەیە بەڵام نفوزی سیاسی و فەرهەنگی دوژمن، مەترسی گەلێک زۆرترە. خامنەیی بۆ کەمڕەنگ نیشاندانی مەترسی نێوخۆیی لەدژی رژیم لەسەر ئەم خاڵە پێداگری کرد کە مهبهست لە دوژمن ئامریکایه کە لە روانگەی ئەوەوە هێمای بەتەواوەتی ئێستکباری جیهانییە.محەممەد عەلی جەعفەری فەرماندەی سپاش لە راپۆرتی خۆیدا لەسەر بوونی مەترسی جیدی بۆ نیزامەکەیان جەختی کردەوە. هەم ئەو و هەم خامنەیی لە قسەکانیاندا رۆژی چوارشەممە هێرش کردنەسەر باڵی رەفسنجانی- رۆحانیان لەبیر نەکرد. خامنەیی ئەوانی بە کەسانێک ناولێبرد کە بە نووسین و قسەکانیان سپا لاواز دەکەن و دەیانەوێ ئیدئۆلۆژی لە دیپلۆماسی و سیاسەتی نێوخۆ داتەکێنن.ئەم قسانە دوای ئەوە کراون کە کۆماریخوازەکانی ئامریکا نەیانتوانی لە مەجلیسی سەنا رەدی تەوافوقی ناسراو بە “بەرجام”، واتە بەرنامەی جامعی كردهوهی هاوبهش، بخەنە دەنگدانەوە و بهكردهوه دهرهێنانی، یەکلایی کرایەوە. ئامادهكاری مەجلیسنشینانی ئێرانیش بۆ بەناو هەڵسەنگاندنی بەرجام بابەتێکی نمایشی و بێ ناوەرۆکە و ماوەیەکە کە هێندێک کرداری ئاشکرای کاربەدەستانی رژیم بۆ بەکرداری کردنی تەوافوق لە نێوخۆدا دەستی پێکردووە. کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەشدا هاوکارییەکانی لەگەڵ دەوڵەتی ئامریکا و بە تایبەت لەشەڕ لەدژی داعشدا دەست پێکردووە. لەبەر ئەمە دروست کردنی داوەڵێک لە ئامریکا، لە ڕاستای داپۆشینی مەترسی نێوخۆییدا کارێکی بێهودەیە.هەڵبەت رژیم ٣٦ ساڵە ئامریکا بە شەیتانی گەورە ناودەبات و دژایەتی کردنی ئەوی کردۆتە بەشێک لە هۆویەتی ئیدئۆلۆژیکی خۆی. کۆماری ئیسلامی بە كهڵك وەرگرتن لە شگردی داگیر کردنی سفاڕەتخانەی ئامریکا و رەواجدانی فەرهەنگی دژی ئامریکایی لە هەڵوێستێکی کۆنەپەرستانەوە، هەموو دەنگێکی مافخوازانەی بە بیانوی هاوجیهەتی لەگەڵ ئامریکا خەڵتانی خوێن کرد. بەڵام دەور و نەخشی دژی کومونیستی و کۆنەپەرستانەی کۆماری ئیسلامی لە سەرکوت کردنی هەموو هەوڵێکی ئازادیخوازانەدا بۆتە هۆی ئەوەی کە دەوڵەتی ئامریکا پلانی روخاندنی کۆماری ئیسلامی نەبێت. هەوڵی ئامریکا و باقی زلهێزە ئیمپڕیالیستیەکان هەمیشە لە ڕاستای بەهێز کردنی ئیعتیدالگەراکانی ڕژیم و ڕام کردنیان لە ناوچەکەدا بووە. سەرانی دەوڵەتی ئامریکا ئەم ئامانجە تا رادەیەک بە وەدیهاتوو دەبینن. هەوڵەکانی خامنەیی و فەرماندەکانی سپا ئەوەیە کە ئەم پاشەکشەیە بە هێزەکانی وەک حێزبۆڵڵا لە ناوچەکە و هەروەها نەیارانی نێوخۆیی بسەلمێنن و لە ناوچەکەشدا ئیمتیازی زیاتر لە ئیمپڕیالیزمی ئامریکا وەربگرن. راستیەکەی ئەوەیە کە دوژمنی سەرەکی رژیمی گەندەڵ و بێزراوی ئیسلامی کرێکاران و خەڵکێکن کە لەژێر گوشاری دیکتاتۆریی هار و هەژاری و بێ ئەمانیدا ساتێک لە خەبات و تێکۆشان لەدژی غافڵ نەبوون. توند بوونەوەی گوشار بۆسەر هەڵسوڕاوانی کرێکاری، ژنان و باقی چالاکانی کۆمەڵایەتی، مانۆڕە بەردەوامەکانی سپا و هێزەکانی بەسیج، چالاک تر بوونەوەی پۆلیس و لیباس شەخسیەکان لەژێر ناوی ئەمر بە مەعروف و نەهی لە مونکەر لەدژی ژنان تەنیا دەرکەوتەیەکە لە وەحشەتی رژیم لە جەماوەری خەڵکێک کە بۆ روخاندنی رۆژەکان دەژمێرن. پێویست بە وەبیر هێنانەوەیە کە ئەوە کرێکارانن کە زۆرترین هەزینەیان لە مەیدانی ئابووری و سیاسیدا لەبەر دیکتاتۆری، گەندەڵی و بونبەستی ئابووری رژیم داوە. ئێستا کە بەرجامیش بەرەو ئەوە دەچێت تا جێبهجێ بکرێت، خودی دەوڵەت نەتەنیا هیچ پلان و بەرنامەیەکی بۆ کەم کردنەوەی هەژاری و رەنج و ئازارەکانی خەڵک لە دستوری کاردا نییە، بەڵکوو بۆ بەرەپێش بردنی بەرنامە ئابوورییەکانی دیسانیش چاوی بڕیوەتە هەرزان فروش کردنی زیاتری هێزی کاری ئێران. لەباری سیاسیشەوە گرتن و زیندانی کردنی هەڵسوڕاوانی کرێکاری و کوشتنی کرێکارانی کومونیست و رێبەری جەسوری کرێکاری واتە شاهرۆخ زەمانی لە زینداندا، پەیامێکی دیکەیە لەسەر بنەمای ئەوەیکە هەموو جۆرە خەبات و تێکۆشانێکی مافخوازانەی ئەم چینە بە توندی سەرکوت دەکرێت.مەوقعیەتی رژیمی کۆماری ئیسلامی دوای قەبوڵ کردنی بەرجام و هاوئاهەنگ کردنی سیاسەتەکانی لە ناوچەکەدا لەگەڵ ستراتیژی گشتی ئامریکا لە ناوچەکەدا بەشێوەیەکی بیلقوە لاوازتر دەبێت. قسەکانی رۆژی ٢٥ی خهرمانانی خامنەیی، پشت بەستنی هەرچی زیاتری رژیم بە هێزە چەکدار و ئەمنیەتیەکان، ئەشکەنجە، زیندان و ئێعدام بە روونی دەرخەری ئەم راستیەیە. ئایا چینی کرێکاری ئێران دەتوانێ لەم بارودۆخەدا ریزی چینایەتی خۆی پتەوتر بکات؟ ئەمە ئاستی ئامادەیی هەڵسوراوان و رێبەرانی کرێکاری لە زاڵ بوون بەسەر خاڵە لاوازەکانی بزوتنەوەی کرێکاریدا دیاری دەکات. ئەمە راستیەکی مێژووییە کە هیچ رژیمێکی ستەمکار بۆ هەمیشە نەیتوانیوە بە پشت بەستن بە سەرنێزە حوکم بکات، بەڵام کۆماری ئیسلامی لە ئەگەری بەرەوڕوو نەبوونەوە لەگەڵ شەپۆلی ژێر و ژوورکەری خەباتی کرێکاری و جەماوەریدا ئەو ئیمکانەی هەیە بە پشت بەستن بە سەرکوت و داسەپاندنی هەژاری و بێمافی زیاتر بەسەر کرێکاراندا تەمەنی درێژتر بکاتەوە. بەڵام تەمەنی پڕ لە شەرمەزاری دەبێ کورت بکرێتەوە. ئەوەی کە دەتوانێ بردنی کۆماری ئیسلامی بەرەو هەڵدێری مێژوو خێراتر بکات یەکگرتن و هاوئاهەنگ کردنی خەباتی ئێستای کرێکاران و ناڕەزایەتی پڕژوبڵاوی توێژی بێبەشی کۆمەڵگایە لەدژی بارودۆخی ئێستا. سەر ڕاست ترین مەسیر بۆ گەیشتن بە وەها ئامانجێک ئیجاد و بەهێز کردنی تەشەکولە چینایەتیەکان و تەحەزوبیابی هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی کرێکاریە لە جەریانی ئەم خەباتەدا.