بەیانییەی ژمارە ٢ی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە
لەبەرچاونەگرتنی ڕاستییەکان و پەرەپێدان بە ئومێدی پووچ و بێبنەما
سێ هەفتە بەسەر دەستپێکردنی ناڕەزایەتی بەربڵاو لە بازاڕی تاران لە کاردانەوە بە گرانی هەوسارپچڕاو و دابەزینی بەردەوامی بەهای تمەن تێدەپەڕێت. ئەو چەخماخەی کە سەرەتا بەهۆی ناڕەزایەتی بازاڕیانەوە لێدرا، بەخێرایی چوارچێوەی داواکارییە پیشەییەکانی تێپەڕکرد و بوو بە بزووتنەوەیەکی سیاسی دژی تەواوەتی کۆماری ئیسلامی. ئەم پێشهاتە خێرا و مانادارە جارێکی دیکە نیشانی دا کە کۆمەڵگای ئێران لە دۆخێکی لێوانلێو لە توڕەیی، بێزاریی و ئامادەیی ناڕەزایەتیدا بەسەر دەبات. هیچ گومانێک لە ڕەوا بوونی ئەم توڕەییە و مەشروعییەتی ئەم ئاخێزەدا نییە. خەڵکی ئێران ساڵانێکە بە هەژاری، نەهامەتی، پەراوێزنشینی، دڵەڕاوکێی بەردەوام، نادڵنیایی و بە گشتی لەدەستدانی ژیانی ئاسایی، باجی سیاسەتە ئابوورییە کارەساتبارەکانی کۆماری ئیسلامی، گەندەڵی، سەرکوتی سیاسی و سەرکێشییە ناوچەییەکانی دەدەن.
بەڵام ئەزموونەکانی ڕابردوو و ڕووی ڕاستەقینەی سیاسەت، فێرمان دەکات کە ڕەوابوونی بزووتنەوەیەک، ئەگەرچی مەرجێکی پێویست، بەڵام بە هیچ شێوەیەک بەس نییە بۆ بە ئاکام گەیشتنی. مێژووی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و شۆڕشگێڕانەکان پڕە لەو نموونانەی کە تیایدا تووڕەیی ڕەوای جەماوەر، بەهۆی نەبوونی ڕێکخراو و ڕێبەریی و ستراتێژی دروست، یان سەرکوت کراوە یان بە لاڕێدا براوە. مەسەلەی سەرەکی تەنیا ئەوە نییە کە “بۆچی خەڵک ڕژانە سەر شەقامەکان”، بەڵکوو “ئەوەیە کە چۆن دەتوانرێت ئەم ڕاپەڕینە بە سەرکەوتن بگات و بەر بە تێچووی کارەساتبار بگیرێت؟”.
بۆ وەڵامدانەوە بەم پرسیارە، پێویستە سەرەتا بە دیدێکی بابەتیانە و واقیعبینانە، لە هاوسەنگی هێزی نێوان کۆمەڵانی خەڵکی ناڕازی و دەسەڵات بکۆڵرێتەوە. کۆماری ئیسلامی دوژمنێکی ئاسایی نییە. ئێمە لەگەڵ دەسەڵاتێک بەرەوڕووین کە دەیان ساڵە نیشانی داوە لە پێناو پاراستنی دەسەڵاتەکەی هیچ سنوورێک ناناسێت. دام و دەزگا سەرکوتگەرەکەی تەیار بە هەموو جۆرە چەکوچۆڵێکە، لە هێزە نیزامی و ئەمنییەکانی ناوخۆوە بگرە تا میلیشیا و پرۆکسییەکانی لە ناوچەکە، هەموویان دەهێنێتە مەیدانی شەڕ لە دژی خەڵک. ئەم ڕێژیمە لە ساتەکانی قەیراندا لە بەکارهێنانی ئەوپەڕی توندوتیژی و ڕەشەکوژی درێغ ناکات. ئەوەی لە ڕۆژانی ١٧ و ١٨ و ١٩ی بەفرانبار و لە ماوەی ٧٢ کاتژمێردا دوای داخستنی تۆڕەکانی ئینتەرنێت و تەلەفۆن ڕوویدا و لەو ماوەیەدا هەزاران کەس یان بە ئەگەرێکی زۆرەوە دەیان هەزار کەس گیانیان لەدەستدا، تا ڕادەیەکی زۆر بە پێی سروشتی ئەم ڕژیمە پێشبینیکراو بوو.
لە ئاوا هەلومەرجێکدا بانگەشەی خەڵک بۆ چوونە ناو “شەڕی کۆتایی و چارەنووسساز” بەبێ بوونی ڕێکخراو و ڕێبەریی و توانای پێویست، جگە لە یاریکردن بە ژیان و داهاتوویان هیچی تر نییە. شۆڕش وەک شەڕ وایە. هیچ فەرماندەیەکی شارەزا و لێهاتوو، بەبێ هەڵسەنگاندنێکی ورد سەبارەت بە توانای هێزەکان و ناسینی دۆخەکە، ناچێتە ناو ڕووبەڕووبوونەوە لە شەڕێکدا کە هاوسەنگی هێز، ڕێکخستنی هێزەکان و ئیمکانات و ئامرازی پێویست بۆ شەڕێکی لەو شێوەیە ئامادە نەبێت. تەنیا بە هۆیەوە کە زۆرینەی کۆمەڵگا ئەم حکومەتەی ناوێت و بەبێ هەبوونی ڕێکخراو، خۆڕێکخستن و تاکتیکگەلێک کە بتوانێت ڕووبەڕووی ئەم دامودەزگا سەرکوتگەرە پڕچەکە ببێتەوە و لە هەناوی خەباتێکی سەنگەر بە سەنگەرەوە بەستێنی لەدەستدان و دوورکەوتنەوەی دەستوپێوەندەکانی بڕەخسێنێ، ئەم حکومەتە ناڕووخێت.
سەرەڕای هەموو ئەمانە، لە گەرمەی ئەم ئاخێزەشدا، سەرلەنوێ لەناو بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامیدا، شاهیدی سەرهەڵدان یان چڕبوونەوەی گوتارێک بووین کە ڕێگای ڕزگاریی نەک لە هێز و ڕێکخراوبوونی جەماوەردا، بەڵکوو لە دەستێوەردانی دەرەکی و بە تایبەت دەستێوەردانی سەربازیی ئەمریکادا بەدی دەکەن. ئەم هێزانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە ئاستی سەراسەریشدا نوێنەر یاخود ناو و کەسایەتی ناسراویان هەیە. ئەم هێزانە بە ئاشکرا یان ناڕاستەوخۆ هیواکانیان لەسەر دەوڵەتی ئەمریکا و سەرۆک کۆمارەکەی واتە دۆناڵد ترامپ هەڵچنیوە. هەروەک ئەو پەیام و بانگەواز و داخوازیانەی کە داوایان لێدەکرد “بەپەلە بە یارمەتی خەڵکی ئێرانەوە بێت” و بە دەستێوەردانی سەربازیی، ڕێگای ڕووخانی ڕێژیم خۆش بکات. جگە لە ساویلکانەبوونی ئەم چەشنە پەیامانە، تا ئەو جێگەیەی کە پەیوەندیدارە بە ڕەوتی سەڵتەنەتخواز، ڕاپەڕینی ئەم دواییە و هەڵوێستەکانی دەوڵەتی ترامپ، بۆ هەمیشە دۆسییەی سەڵتەنەتخوازەکانی وەک هێزێکی سیاسی لە بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستی ڕژیمدا کە خوازیاری دەسەڵاتە، داخست. وێڕای ئەوەی کە بە پێی لێکدانەوەی هەر چاودێرێکی چەپ یاخود ڕاست، سەڵتەنەتخوازەکان بە هیچ شێوەیەک لە ئاستی ڕێبەرایەتیکردنی ئەم جووڵانەوەیەدا نەبوون، بەڵام ئامرازێک بوون تاکو ئەگەری هێرشی ئامریکا و ئیسرائیل وەک باوەڕی ئەم ڕاپەڕینە جەماوەرییە بناسێنن.
ئەم تێڕوانینە پتر لە هەر شتێک، پشتبەستوو بوو بە تێگەیشتنێکی پێچەوانە لە سروشتی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا و بەتایبەتی ئیدارەی ترامپ. ستراتێژی ڕاگەیەندراوی ترامپ “ یەکەم ئەمریکا” بوو، واتە سەرەتا بەهەند گرتنی بەرژەوەندییە ئابووری، ژیۆپۆلەتیک و ئەمنییەکانی ئەمریکا، جا دواتر پرسەکانی تری وەک مافی مرۆڤ و دێموکراسی. لە چوارچێوەیەکی لەم شێوەیەدا، ئازادی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران نەک ئامانج، بەڵکوو لە باشترین حاڵەتدا ئامرازێکی لاوەکییە کە لە گەمەی زلهێزەکاندا بەکار دەهێنرێت. ئەو هێزانەی کە چاویان بڕیبووە دەوڵەتێکی لەو شێوەیە، یان تووشی وەهمێکی مەترسیدار ببوون یان بە ئەنقەست چاویان لە ڕاستییەکان دەپۆشی. لەوەش مەترسیدارتر ئەوە بوو کە ئەم وەهمەیان لەناو جەماوەری خەڵکیشدا پەرە پێدەدا و خەڵکیان لە چاوەڕوانییەکی ناواقیعیی بۆ دەربازبوونێکی ئاسان و خێرادا ڕادەگرت.
ئەزموونە بابەتییەکانی ناوچەکە و جیهان بە ڕوونی پووچی و بێبنەما بوونی ئەو هیوایەی نیشانداوە. تەنانەت ئەگەر پاڵنەرەکانی ئەمریکاش لەبەرچاو نەگرین و تەنیا بڕوانینە ئەنجامی دەستێوەردانە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە، زۆر شتمان بۆ ڕوون دەبێتەوە. شەڕ و هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا لە دەیەکانی ڕابردوودا، نە دێموکراسییەکی جێگیر و بەردەوامی بەدیاری هێناوە و نە ژیانێکی ئابووری باشتر بۆ خەڵکی ئەو وڵاتانە. عێراق و لیبی و ئەفغانستان چەند نموونە و بەڵگەی زیندووی ترن لەم ڕاستییە تاڵە. داڕمانی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان، شەڕی ناوخۆ، گەشەی هێزە کۆنەپەرستەکان و بەردەوامیی ناسەقامگیری، لە زومرەی دەستکەوتە ڕاستەقینەکانی ئەو دەستێوەردانانە بوون.
تەنانەت جگە لەم ئەزموونە مێژووییانە، واقیعی کۆنکرێتی ئێرانیش ئەوە نیشان دەدات کە هێرشێکی سەربازیی ئەمریکا، ئەگەر ڕووبدات، مەرج نییە، یان تەنانەت ئەگەری هەیە، نەبێتە هۆی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی. ئەزموونی شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئەم دواییە نیشانی دا کە هێرشێکی لەو شێوەیە بە پێچەوانەوە دەتوانێت ڕێگە بۆ ڕژیم خۆش بکات کە بە کەڵک وەرگرتن لە کەشوهەوای شەڕ، سەرکوتەکانی ناوخۆ چڕتر بکاتەوە. لە ئاوا سیناریۆیەکدا خەڵک کە بە ئومێدی سەرکەوتنێکی خێرا و ئاسان هاتوونەتە مەیدان، هەر زۆر زوو دەچنەوە ماڵەوە، لە کاتێکدا ڕژێم لەسەر ڕووبارێکی خوێن، تەمەنی خۆی درێژ دەکاتەوە.
لەبەرچاونەگرتنی ئەم ڕاستیانە و پەرەپێدان بە ئومێد و چاوەڕوانییەکی پووچ و بێبنەما، نیشانەی کورتبینییەکی قووڵ و دابڕانی ئەم بەشەی ئۆپۆزسیۆنە لە کۆمەڵگەی ڕاستەقینەی ئێران. ئەم هێزانە زۆرجار تەنیا لە دوورەوە کاریگەری لەسەر دۆخەکە دادەنێن، نە بە گۆشت و خوێنی خۆیان هەست بە تێچووی سەرکوتکردن دەکەن و نە تێگەیشتنێکی وردیان لە داینامیکی ناوخۆیی کۆمەڵگا هەیە. سیاسەت کردن لە دەرەوە، بەبێ بوونی پەیوەندی ئۆرگانیک لەگەڵ جەماوەر و خەباتی ڕۆژانەیان، بە ئاسانی دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی وەهم و ڕەچەتەی مەترسیدار.
هەموو ئەمانە لە کاتێکدایە کە مێژووی خودی کۆماری ئیسلامی نیشان دەدات ئەم ڕێژیمە لەو ساتانەی کە هەست دەکات لە لێواری داڕماندایە، بەربڵاوترین و بێبەزەییانەترین توندوتیژی بەکاردەهێنێت. نموونەی هەرە دیاری بریتییە لە ساڵەکانی کۆتایی شەڕی ئێران و عێراق. لەو کاتەدا حکوومەت بە خواردنەوەی “جامێکی ژەهر” کۆتایی بە شەڕ هێنا، بەڵام لە هەمان کاتدا بۆ ئەوەی بەر بە هەر بوارێکی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی و خۆڕێکخستن بگرێت، دەستیدایە یەکێک لە ترسناکترین تاوانەکانی مێژووی هاوچەرخی ئێران، واتە کۆمەڵکوژکردنی هەزاران زیندانی سیاسی لە هاوینی ١٣٦٧دا. ئەم ئەزموونە مێژووییە هۆشدارییەکی ڕوونە بۆ ئەوەی کە لە کاتێکدا ڕێژیم مانەوەی خۆی لە مەترسیدا دەبینێت، نابێت لە ڕادەی دڕندەیییەکەی غافڵ بین.
ئاخێزی ئەم سێ هەفتەی ڕابردووش لە هەمان جۆرە، ئاخێزێک کە کۆماری ئیسلامی بە هەڕەشەیەکی جددی بۆ سەر بوونی خۆی دەزانێت. لەمڕووەوە ڕژیم هەرچی زیاتر ڕواڵەتی دژە ئینسانیی خۆی ئاشکرا دەکات. بە شێوەیەک کە لە ماوەی ٧٢ کاتژمێر دوای داخستنی سەرجەم ڕێگەکانی پەیوەندی گرتن بە جیهانی دەرەوە، یەکێک لە جینایەتکارانەترین تاوانەکانی بەرانبەر بە خەڵکی ئێران ئەنجامدا. ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دوژمنێکی لەو چەشنە پێویستی بە تاکتیک و ستراتێژێکە کە بەرهەمی شرۆڤە و شیکارییەکی دیاریکراو لەسەر بارودۆخێکی دیاریکراو بێت.
لەسەر ئەو بنەمایە بوو کە ئێمە بە پشتبەستن بە ئەزموونەکانی پێشوو، بەتایبەتی سەردەمی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی”، هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی ئەم ئاخێزەوە لەسەر پێویستی ئاوێتەیەک لە شکڵ و شێوازە جۆراوجۆرەکانی خۆڕاگری و خەبات و مانگرتنی گشتی سیاسی، جەختمان کردەوە. ئەزموونەکان دەریانخستووە کە مانگرتنی گشتی، کاتێک لە یەک کاتدا و بە هاوئاهەنگی لە نێوان کرێکاران، بازاڕیان، خوێندکاران و چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی خەڵک پێکدێت، دەتوانێت دەزگای سەرکوتی ڕژێم ئیفلیج بکات. حکومەتێکی کە ئابووری و بەشی گواستنەوە و وزە و خزمەتگوزاری شارەوانیەکانی لەکار بکەوێت، تەنانەت ئەگەر هێزی سەرکوتیشی لەبەردەستدا بێت توانایی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا لەدەست دەدات.
مانگرتنی گشتی سیاسی تەنیا ئامرازی گوشاری ئابووری نییە، بەڵکوو هێمای هێزی بەکۆمەڵ و هاوپشتی ئەو جەماوەرەیە کە چارەنووسێکی هاوبەشیان هەیە. ئەم فۆرمە لە خەبات، ئەولاتر لە ویست و داواکاری پیشەیی، ئاسۆیەکی سیاسی ڕوون دیاریدەکات و نیشانی دەدات کە گۆڕانکاری ڕاستەقینە لە یەکگرتوویی و کردەی بەکۆمەڵی جەماوەرەوە سەرهەڵدەدات، نەک لە ئاسمانی سیاسەتی دەوڵەتی ترامپەوە. مانگرتن و ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان، دیاردە گەلێکی دینامیکی و مێژوو سازن کە دەتوانن ڕەهەندە سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و تەنانەت کولتوورییەکانی کۆمەڵگاش بگۆڕن.
نموونەی سەرکەوتووی ئەم تاکتیکەمان لە کوردستانی ئێران بینی. بەڕێوەچوونی مانگرتنی سیاسی گشتی لەم ناوچەیە توانی دەستی کۆماری ئیسلامی بۆ ڕێکخستنی سەرکوتی بەربڵاو و کوشتاری بەکۆمەڵ ببەستێت. کاتێک کۆمەڵگا بە شێوەیەکی یەکگرتووانە لە ئاستی ملیۆنیدا “نا” بە ڕێژیم دەڵێت، تێچووی سەرکوت بۆ ڕێژیم بە شێوەیەکی بەرچاو زیادتر دەکات و مەودای مانۆڕدانی بەرتەسک دەبێتەوە. ڕاستییەکە ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی ئەمڕۆ، زیاتر لە هەمیشە، لە لێواری داڕمان نزیک بووەتەوە. قەیرانە ئابوورییە کەڵەکەبووەکان، کەلێنی قووڵی کۆمەڵایەتی و سیاسی و بێ توانایی لە خستنەڕووی هیچ ئاسۆیەکی ئومێدبەخش، ئەم دەسەڵاتەی خستۆتە دۆخێکی زۆر لاوازەوە. بێ گومان بزووتنەوەی مافخوازانەی جەماوەر بە شێوازی نوێ و هەمەچەشنتر سەرهەڵدەداتەوە. لە قۆناغی داهاتوودا مانگرتنە کاریگەرە کرێکارییەکان لە کەرتە سەرەکییەکانی وەک نەوت، پێترۆشیمی، گواستنەوە، خزمەتگوزاری شارەوانی، فوولاد، ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل و پیشەسازییە قورسەکان، بە ناچاری سروشتێکی سیاسی بەخۆوە دەگرن و دەبنە گۆڕەپانی سەرەکی ڕووبەڕووبوونەوەی جەماوەر و ڕژیم. لە هەناوی پرۆسەیەکی ئەوتۆدایە کە ڕێکخراو، ڕێبەریی و هێزی پێویست بۆ لێدانی گورزی کۆتایی پێکدێت. ڕزگاری خەڵکی ئێران نەک لە ڕێگەی دەستێوەردانی ئیمپریالیستی یان وەهمی مەترسیدارەوە، بەڵکوو لە ڕێگەی پشتبەستن بە هێزی خۆ، ڕێکخراوی سەربەخۆ، هاوپشتی سەرتاسەری و دیاریکردنی تاکتیک گەلێکەوە دەستەبەر دەبێت کە لەگەڵ واقیعی هاوسەنگی هێزدا بگونجێت. تەنیا لەم حاڵەتەدایە کە ئاخێزە ڕەواکانی جەماوەر دەتوانێت ببێتە هۆی ئازادی، عەداڵەت و دامەزرانی کۆمەڵگایەکی ئینسانی تر و یەکسانتر.
کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە
(ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کومونیستی ئێران)
٢٧ی بەفرانباری ١٤٠٤
