کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

سەرکەوتنی جێرمی کوربین ڕەنگدانەوەی قین و توڕەیی خەڵکە لە بەرنامە ریازەتییە ئابوورییەکان

جێرمی کوربین رۆژی شەممە ١٢ی سیپتامبر، بەرابەر لەگەڵ ٢١ی خه‌رمانان، لە هەڵبژاردنێکی دەروون حیزبیدا وەک رێبەری نوێی حیزبی گارگەری بریتانیا هەڵبژێردرا. ئەو، کە لەلایەن هەواڵنێری رۆیتێرزەوە “چەپ گەرای ئیفراتی” و یەکێک لە ستایشگەرانی “کارل مارکس” ناوبرا، توانی بە بەدەستهێنانی ٥٩ و نیو لەسەدی دەنگەکان ٣ رەقیبی خۆی لەنێو حێزبدا شکست بدات. دووهەمین کەسی نزیک لەو، واتە “ئێندی براهام”، توانی تەنیا ١٩ لەسەدی دەنگەکان بەدەست بێنی. ” ئەیوت کۆپێر” ١٧ لەسەدی دەنگەکانی بەدەست هێنا و “لیز کندال”، لە پەیڕەوانی مەکتەبی بلێر، تەنیا بوو بە خاوەنی ٤ و نیو لەسەدی دەنگەکان کە دەکرێ نیشانەیەکی لێ وردبوونەوە بێت لە رێژەی نفوزی بلێر و هاوبیرەکانی لەنێو حیزبدا.534جێرمی بۆ چوونە نێو رقابەتی هەڵبژاردنەوە پێویستی بە پشتیوانی لانیکەم ٣٥ نوێنەری پاڕلمانی حیزبی کارگەر هەبوو. ژمارەیەک هەر لەم ٣٥ کەسە کە پشتیوانیان لێکرد نە باوەڕیان بە بەرنامە راگەیەندراوەکەی و نە متمانەیەکیشیان بە هەڵبژاردنی هەبوو. ئەوان حوزوری ئەویان تەنیا بۆ گەرم کردنی تەنوری هەڵبژاردن و راکێشانی کرێکاران و لاوان بە پێویست دەزانی کە لەم چەند ساڵەی دواییدا لە ریزی خەباتی جەماوەریدا لەدژی بەرنامە ریازەتییه‌ ئابوورییەکان بەشداریان کردبوو.هەواڵنێرییەکان نووسیان، سەرکەوتنی چاوەڕوان نەکراوی جێرمی لە بریتانیا ئاکامی بەهێز بوونی گرایشی “چەپی ئێفراتی” لە ئاروپا دایە کە پێشتر لە سەرکەوتنەکانی حێزبی سیریزا لە یۆنان و حیزبی پودموس لە سپانیا خۆی دەرخستبوو. رێبەرانی هەر دوو حێزبی ناوبراو لە رێگای دەرکردنی بەیانیەکانیانەوە سەرکەوتنی جێرمیان بە مایەی دڵگه‌رمی نەیارانی ریازەتی ئابووری و بە قازانجی ئیجادی “ئوروپایەکی دادپەروەرانە” هه‌ڵسه‌نگاند.جێرمی کوربین وەک بەملیۆن کریکار، لاوانی خوێندکار و خانەنشین كراوان، نەیاری سیاسەتی ریازەتی ئابووری حکومەتی محافزە کاری دەیوید کامێرون بووە و هەیە. ئەو لە خەباتی ئەم جەمعیەتە ناڕازیەدا حوزوری بەردەوامی هەبوو، کە یەکێک لە نمونەکانی خۆپیشاندانی ٥٠٠ هەزار کەسی لە ٢٦ی مارسی ٢٠١٥، لە لەندەن و ئاخرینیان خۆپیشاندانی ٢٥٠ هەزار کەسی لەندەن و ٣ شاری تر بوو. جێرمی لە سوخەنڕانی و خۆپیشاندانەکاندا ناڕەزایەتی سەبارەت بە بوونی ١٣ ملیۆن هەژار لە بریتانیا و بوونی ٢ ملیۆن و نیو بێکار دەربڕیوە و داواکاری بنیات نانەوەی دەوڵەتی ریفاهی بریتانیا بووە. ئەو ئەم ژمارەیە لە هەژارانی بە بەرهەمی سیاسەتەکانی ١٢ ساڵەی کابینەی “تۆنی بلێر”، ڕێبەری ئابڕوچووی حێزبی کارگەر و سیاسەتی چەند ساڵەی دوایی حێزبی محافزەکار لە هێرش بۆسەر ئاستی بیمە کۆمەڵایەتیەکان و یارمەتیبە دەوڵەتیەکان بە خەڵک ئەرزیابی کردوە. بەم ئیعتیبارەوە دانی دەنگی چاوەروان نەکراوی ٦٠ لەسەدی بە جێرمی رەنگدانەوەی قین و توڕەیی قوڵی خەڵکە لە حکومەتی محافزەکاران و سیاسەتە ڕیازەتییه ئابووریەکەی و هیوا بە گۆڕینی ئەم سیاسەتانە لە لایەن حیزبی کارگەرەوە بەڕێبەری ئەو.جێرمی کوربین خۆی بە پشتیوانی بێبەش ترین توێژ و چینەکانی کۆمەڵگە ناساندوە و داواکاری دابەش کردنی باشتری سەروەت و زیاد کردنی ماڵیاتی شیرکەتەکان و سەروەتمەند ترین توێژەکانی ئەم وڵاتەیە. رێبەری نوێی حیزبی کارگەری ئینگلستان کۆمەڵێک بیرۆکەی لە راستای کۆنترۆڵ کردنی کرێ ماڵ، میللی کردنی ڕێگای ئاسن و وزە پێشکەش کردوە و داواکاری دیاری کردنی ئاستێک بۆ حەقدەستی سەرۆکی شیرکەتەکان و کارخانە گەورەکانیش بووە. ئەو هەروەها داواکاری کورت کردنەوەی دەستی سەرمایەدارانی کەرتی تایبەت لە بێهداشت و دەرمان و دامەزراندنەوەی سەرلەنوێی و بەتەواوەتی خوێندنی بەخۆڕایی بووە.جێرمی کوربین هەروەها دژایەتی خۆی لەگەڵ پەیمانی ئاتلانتیکی شومالی (ناتۆ)، ڕاگەیاندووه‌ و داواکاری کۆکرانەوەی ژێر دەریاییە ئەتۆمیەکانی بریتانیا بووە. ئەو وتویەتی”چەکە ئەتۆمیەکان گەلێک پڕ هەزینە و مەترسیدارن و دەبێ لەنێو بچن و کۆتایی بە شەڕە ماڵوێرانکەرەکانی ئەم دواییانە لە دنیادا بهێندرێت”.پێشتر جێرمی کوربین وتبوی کە لە ئەگەری هەڵبژێردرانیدا وەک رێبەری حیزبی کارگەر، لەخەڵکی بریتانیا و عێراق داوای لێبوردن ده‌كات، بەهۆی بەشداری کردنی رێبەریی حێزبی کارگەر لە هەڵگیرساندنی ئاگری شەڕی عێراق و حزوری هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی تێیدا. ئەو وتبوی: “ئەو کاتە دێت کە حیزبی کارگەر داوای لێبوردن لە خەڵکی ئەم وڵاتە دەکات لەبەر تێوەگلاندنی بریتانیا لە شەڕی عێراقدا و لە خەڵکی عێراقیش بەهۆی تەحەمول کردنی رەنج و ئازارەکانی شەڕێک کە لەسەر بنەمای درۆ شکڵی گرت، داوای لێبوردن بكات.”جێرمی کوربین لە پشتیوانانی پاراستنی حورمەت و مافە یاساییەکانی ئەو پەنابەرانەیە کە شەڕ ئاوارەی کردون. ئەو رۆژی شەممە دوای تەواو بوونی سوخەنڕانی سەرکەوتنەکەی لە کۆنفڕانسێکی حێزبەکەیدا بە ریزی دەیان هەزار کەسی خۆپیشاندەرانەوە لە نێوەڕاستی لەنده‌ندا پەیوەست بوو کە خوازیاری گۆڕانی سیاسەتی دەوڵەتی محافزەکار بە قازانجی پەنابەران و پێشوازی لێ کردنیان لە وڵاتدا بوون.جێرمی کوربین لە كاتی سەرکەوتنیدا له‌ هه‌ڵبژاردن، تەشەکور و سپاسی لەو ١٦ هەزار هێزە کرد کە لە ماوه‌ی ٣ مانگی رابردودا کەمپەینی هەڵبژاردنی ئەویان بەڕێوەبردووە. ئەو لە ڕێبەرانی یەکیه‌تییه‌ کرێکاریەکانیش کە لە کاندیداتۆریەکەیدا بەڕەسمی پشتیوانیان لێکرد تەشەکوری کرد و وەبیری هێنایەوە کە یەکیه‌تیەکان زادگا و پشتیوانی هەمیشە خۆڕاگری حێزب بوون و دەبن. جێرمی شەخسەن ئەندام و کارمەندی یەکێتی سەرتاسەری کرێکارانی کەرتی میللی خەیاتان و سینفی جل و بەرگ بووە. ئەو لە ماوەی سوخەنرانیەکەیدا ڕایگەیاند کە هەر خێرا دوای ڕاگەیەندرانی سەرکەوتنی و قائیم مقامیەکەی، سەدان هەزار هێزی سەرخوردە و بێ هیوای حیزب گەڕاونەتەوە نێو ریزەکانی و هەزاران هێزی نوێی پێوە پەیوەست بووە.حیزبی کارگەر لە ساڵی ١٩٠٠ ی زاینی لە ناخی بزوتنەوەی ئیتیحادیەیی و هێزی چەپی بریتانیادا هاتۆتەدەر و گەشەی کردوە. بەڵام لەوێوە کە ئەشڕافیەتی کرێکاری بەسەر یەکێتیەکەدا زاڵ بووە، ئەم حیزبە بە ئاسانی لەژێر هێژمونی سیاسەتە بۆرژواییە ڕیفۆڕمیستیەکاندا بووە. ئەم حیزبە بەپێی پێشینەیەکی مێژووی کە هەیەتی بەردەوام شوێنی خەبات و هیوای ئەو بەشە لە چینی کرێکار بووە کە قەت نەیتوانیوە حێزبێکی سەربەخۆ و چینایەتی خۆی دروست بکات. ئەمانە لە هەمان سەرەتاوە تەنیا توانیویانە مادەی ٤ ی بەرنامەی حیزب بۆ میللی کردنی پیشەسازیە گەورەکان تەرخان بکەن و هەر ئەمەش بوو کە لەلایەن ئەوانەوە بە سیاسەتی سوسیالیستی دەزاندرا. تۆنی بلێر و لایەنگرانی بەر لە سەرکەوتن لە ساڵی ١٩٩٤ دا ئەم بەندەشیان لە بەرنامەکە لابرد و بە قەولی خۆیان، فاتیحای سوسیالیزمیان لە حێزبدا خوێند.راستیەکەی ئەوەیە کە حیزبی کارگەر حیزبێکی بۆرژوا ڕیفۆڕمیستی بووە و هەیە و هەڵبژاردنی جێرمی کوربین کە ٣٢ ساڵیەتی و خزمەت بەئاوا حیزبێک دەکات، ناتوانێ ئاڵوگۆڕێک لە ماهیەتیدا بەدی بێنێ. بەم حاڵەوە ئەگەر چینی کڕیکار بە درێژەدان بە خەباتی دژی ڕیازەتی خۆی بتوانێ ئەم حێزبە وادار بە پێکهێنانی ئاڵگوڕێک لە ژیانی خەڵکدا کە کوربین بەڵێنیداون بکات دەستکەوتێکی جێگای سرنجە. نابێ لەبیرمان بچێتەوە کە هەر دەستکەوتێک لەم بوارەدا دەبێ خۆشکەری رێگای چینی کرێکار بێت بۆ دروست کردنی حیزبێکی سوسیالیستی سەربەخۆ.