کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ژنانی کۆمەڵە بە بۆنەی ٢٥ی نوامبر، ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان

Picsart 25 11 22 23 09 22 409

 

 

٢٥ی نوامبر، وەبیرهێنەرەوەی خەبات و خۆڕاگریی ژنانە لە سەرانسەری جیهان لە دژی ستەم و هەڵاواردن و توندوتیژییەکی کە ڕیشەی قووڵی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا داکوتاوە و سیستەمی سەرمایەداریی سەردەم بەش بەحاڵی خۆی هۆکار و سەبەبکاری مانەوەیەتی. ئەم ڕۆژە هاواری بەرزی ملیۆنان ژنە کە بەرامبەر بەو توندوتیژییەی بەسەر جەستە و ژیان و ئازادیدا سەپێنراوە، ڕاپەڕیون. دونیای ئەمڕۆ لەژێر گوشاری سیاسەتە سەرکوتگەرانەکان، شەڕەکان، بناژۆخوازی ئایینی و قەیرانە ئابوورییەکان، توندوتیژی دژ بە ژنانی زیاتر لە هەمیشە چڕ کردووەتەوە. توندوتیژییەکی کە بەشێکە لە کردەی پیاوسالاری، و سەرمایەداری وەک سیستەمێکی ئابووری و کۆمەڵایەتی سوودی لێ وەردەگرێت. توندوتیژی بنەماڵەیی یەکێکە لە بەربڵاوترین جۆرەکانی ئەم دیاردەیە دژی ژنان کە هەر لە هەڕەشە و سوکایەتی و بێ حورمەتی پێکردنەوە بگرە تا بێبەشکردنی ژنان لە مافی خوێندن و کارکردن، وابەستەیی زۆرەملێی ئابووری، هاوسەرگیریی منداڵان، کوشتن بەبیانووی شەرەف، تا دەستدرێژی لەناو بنەماڵە و خۆسووتاندن و خۆکوشتن بەهۆی نائومێدیەوە، لەخۆدەگرێت. ئەم ڕەوتە بەرهەمی ڕاستەوخۆی ئەو پەیوەندییانەیە کە وادەکات پیاوان ببنە دەسەڵاتی زاڵ و ژنانیش ملکەچ و گوێڕایەڵ بن.

 

ژنان جگە لە توندوتیژی بنەماڵەیی، بەردەوام لەژێر هەڕەشەی توندوتیژیی دەوڵەتی لەوانە: حیجابی زۆرەملێ، کۆنترۆڵی جەستە و جل و بەرگ، هەڵاواردنی ڕەگەزی، سەرکوتکردنی چالاکییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، دەستبەسەرکردن، ئەشکەنجە و سزای نامرۆڤانەشدان. یاسا و ڕێسای پیاوسالارانە و سیستەمێکی دادوەری دژە ژن، نەک هەر پێش بەم توندوتیژییە ناگرن، بەڵکوو شەرعییەتی پێدەبەخشن. لەمڕووەوە خەبات لەدژی توندوتیژی دژ بە ژنان، نەبەردێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕادیکاڵە لەدژی سەرجەم ئەو بنەمایانەی کە هۆکاری ستەم لەسەر ژنان و بەردەوام مانەوەی ئەو دیاردەیەن. بەڵام ئەم خەبات و تێکۆشانە تەنیا کاتێک بە سەرەنجام دەگات کە یەکەم، ڕێکخراو بێت و دووەمیش، لەگەڵ بزووتنەوە ڕزگاریخواز، دژە ستەم و سەرەڕۆیی و دژە چەوسانەوەکانی دیکه ئاوێتەی یەکتر بن.

 

لە ئێران بزووتنەوەی ژنان لەم ساڵانەی دواییدا بە هێزێکی بێ وێنەوە هاتۆتە مەیدان. لە ئاخێزی ساڵەکانی ٩٦ و ٩٨ەوە تا بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی”، ژنان پێشەنگترین هێزی خەبات و خۆڕاگریی بوون لە بەرامبەر ستەم و سەرەڕۆیی دەسەڵاتدار و نیشانیان داوە کە خواستی ئازادی و یەکسانی لە قووڵایی کۆمەڵگادا ڕیشەی داکوتاوە. سەرەڕای هەموو سەرکوتگەرییەکان، ژنان و بەتایبەتی نەوەی گەنج، هەروا پێداگرن لەسەر خەبات لەپێناو ڕزگاریی و ئاراستەی ئەو خەباتە ڕادیکاڵتر و وشیارانەتر بەرەوپێش دەبەن. کوردستان یەکێکە لە نموونە درەوشاوەکانی خەباتی ژنانی پێشکەوتنخواز و تێکۆشەری کە بە فیداکاری و گیانبازی خۆیان لە مەیدانەکانی خەباتی پێشمەرگانە و خۆڕاگریی قارەمانانە لەناو زیندانەکاندا، متمانە بەخۆبوونیان بە جەماوەری ژنانی ئەم ناوچەیە بەخشیوە لە خەبات دژی توندوتیژی و پیاوسالاری و داب و نەریت و یاسا و ڕێسای کۆنەپەرستانە، کە لە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینادا بە شکۆدارترین شێوە و لە ئاستێکی جەماوەریدا خۆی نواند.

 

ئێمە لەم ڕۆژە جیهانییەدا، وێڕای ڕێزگرتن لەو ژنانەی کە لەم پێناوەدا گیانیانبەختکردووە یان لەژێر ئەشکەنجە و لەناو زیندانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدان، لەسەر پێویستی شکڵگرتنی خەباتێکی یەکگرتووانە، ڕێکخراو و شێلگیر لە دژی هەموو جۆرەکانی توندوتیژیی جەخت دەکەینەوە. ئێمە هەروەها جەخت لەوە دەکەینەوە کە بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ توندوتیژی دژی ژنان، تەنیا ئەرکی سەرشانی ژنان نییە، بەڵکوو ئەم خەباتە پێویستی بە هاوپشتی و بەرپرسیارێتی سەرجەم ژنان و پیاوانی  ئازادیخواز و یەکسانیخواز هەیە. بێدەنگبوون لە بەرامبەر توندوتیژی دژ بە ژنان، بە واتای چاوپۆشی لێکردن و بەردەوامبوونییەتی. ئێمە لەو باوەڕەداین کە ڕزگاری ڕاستەقینەی ژنان لە کۆمەڵگەیەکی ئازاد و یەکساندا، بە هەوڵ و تێکۆشانی هاوبەشی سەرجەم هێزە ئازادیخوازەکان و هەموو ستەملێکراوانی ئەم کۆمەڵگایە دەستەبەر دەبێت.

 

بژی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی”

 

کۆمیتەی ژنانی کۆمەڵە

 

(ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)

 

١ی سەرماوەزی ١٤٠٤

 

٢٢ی نوامبری ٢٠٢٥