ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بۆ پشتیوانی لە مانگرتنی سزادراوانی زیندانی قزڵحەسار
هاوهەنگاو لەگەڵ هاواری “نا بۆ لەسێدارەدان”
ئێستا پێنج شەو و ڕۆژ بەسەر دەستپێکی مانگرتن لەخواردنی زیاتر لە هەزار و ٥٠٠ بەندکراو لە زیندانی قزڵحەسار تێپەڕ دەبێت. کەسانێکی کە بە جەستەیەکی کز و لاواز، بەڵام ئیرادەیەکی بەهێز لەبەرامبەر تێغی ئێعدامدا ڕاوەستاون و بە یەک دەنگ خوازیاری یەک شتن: ڕاگرتنی خێرا و دەستبەجێی سزای لەسێدارەدان و نەهێشتنی بەتەواوەتی ئەم سزا نامرۆڤانەیە. ئەم بزاڤە ناڕەزایەتییە کە ڕۆژی دووشەممە ٢١ی ڕەزبەر، دوابەدوای گواستنەوەی ژمارەیەک لە سزادراوان بۆ ژووری تاکەکەسی دەستی پێکرد و بە خێرایی زۆربەی بەشەکانی زیندانی گرتەوە، سەرەڕای هەڕەشە و توندوتیژی و گوشاری مەئمووران هەروا بەردەوامە. دۆخی جەستەیی زۆرێک لە زیندانیانی مانگرتوو ناجێگیرە و گیانی هەندێکیان زۆر لە مەترسیدایە. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم هەشت کەس لە زیندانی قزڵحەسار لەسێدارە دراون و ژمارەیەکی زۆر لە ناڕازیان لە دۆخێکی جەستەیی گەلێک دژواردان، بەڵام بەم حاڵەشەوە بێدەنگ نەبوون. ئەم مانگرتنە هاواری کپکراوی ئەو مرۆڤانەیە کە لە چواردیواریی نایەکسانی و لەودیوی میلەکانی مەرگەوە بەندکراون، هاوارێک لە دژی سیستەمێکی کە زیندان و مەرگی کردۆتە ئامرازێک بۆ دەسەڵاتدارێتی بەسەر خەڵکدا. ئاماژەی زۆرێک لە ڕاپۆرتەکان بە بارودۆخی خراپی جەستەیی زیندانییەکان، کەمتەرخەمی بە ئەنقەستی بەرپرسانی زیندان و گیانلەدەستدانی لانیکەم زیندانییەک بەهۆی کەمتەرخەمی و پێڕانەگەیشتن، نیشانەیەکی ئاشکرایە لە جینایەتە بەردەوامەکانی کۆماری ئیسلامی لە دژی زیندانیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی.
ئامارە هەژێنەرەکانی پەرەسەندنی ڕەوتی لەسێدارەدان لە وڵاتدا، ویژدانی گشتیی ئازار دەدات: تەنیا لە بیست ڕۆژی یەکەمی مانگی ڕەزبەردا، ١٦٢ حوکمی لەسێدارەدان بەڕێوەچووە. لە شەش مانگ و بیست ڕۆژی یەکەمی ئەمساڵی هەتاویدا، زیاتر لە هەزار کەس لە سێدارە دراون و لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ەوە لانیکەم هەزار و ١٢٨ کەس لە سێدارە دراون. ئەم شەپۆلی لەسێدارەدانە، نەک وەڵامدانەوە بە تاوان و دادپەروەری، بەڵکوو ئامرازێکە بۆ زاڵکردنی ترس و سەرکوتی ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی و پاراستنی دەسەڵاتێکی کە لە گێژاوی چەندین قەیرانی ئابووری و سیاسی و بەڕێوەبەریدا گرفتار بووە.
ئێمە ڕایدەگەیەنین کە: لەسێدارەدان کوشتنی بە ئەنقەست و ڕێکخراوی دەوڵەتییە و دەبێت دەستبەجێ ڕابگیرێت. سیاسەتی ترس و تۆقاندن و کوشتاری بەکۆمەڵ، نەک هەر نابێتە هۆی ئەمنییەت و دادپەروەریی، بەڵکوو قەیرانە کۆمەڵایەتی و ئەخلاقییەکان قووڵتر دەکاتەوە. زیندانیانی ناڕازی مافی خۆیانە بەبێ هەڕەشە و توندوتیژی، داواکارییەکانیان دەرببڕن و لە دادگاییەکی دادپەروەرانە و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەرێکی سەربەخۆ و هەڵسوکەوتی ئینسانی بەهرەمەند بن. نابێت بنەماڵەی سزادراوان و ناڕازیان بەتەنیا بمێننەوە. پشتگیری و پشتیوانی کۆمەڵگەی مەدەنی پێویستییەکی بەپەلە و هەنووکەییە.
حیزبیکۆمۆنیستیئێرانوێڕایڕاگەیاندنیهاوپشتیتەواویخۆیلەگەڵزیندانیانیمانگرتوولەخواردن،لەسەرئەوەجەختدەکاتەوەکەخەباتبۆئازادیودادپەروەری،خەباتێکیبەکۆمەڵە. واتە لەودیوی دیوارەکانی زیندانەوە تا سەر شەقامەکان، لەناو کارگە و ناوەندەکانی بەرهەمهێنانەوە تا زانکۆکان، لە ئێرانەوە تا هەر سوچێکی ئەم جیهانە. لەمڕووەوە داوا لە سەرجەم ئازادیخوازان، ناوەندەکانی مافی مرۆڤ، چالاکانی پیشەیی و کۆمەڵایەتی، هونەرمەندان، خوێندکاران، موعەلیمان، پەرستاران و شارۆمەندانی مرۆڤدۆست دەکەین: دەنگی زیندانیانی قزڵحەسار بە گوێی خەڵکی جیهان بگەیەنن و خواستی هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان بکەن بە داواکارییەکی گشتی. بە دەربڕینی هاوپشتی ئاشکرا لە ڕێگەی لێدوان و ڕاگەیاندن، کۆبوونەوەی ئاشتیانە و بڵاوکردنەوەی هەواڵ و پەیوەندی لەگەڵ ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ، گوشارەکانی بیروڕای گشتی بۆ ڕاگرتنی سزای لەسێدارەدان و دەستەبەرکردنی ئەمنییەتی گیانیی و مافی زیندانیان، زیاتر بکەن. بنەماڵەی سزادراوان بە تەنیا مەهێڵنەوە. پشتگیری یاسایی و دەروونی و کۆمەڵایەتی ئەوان ڕێکبخەن. ئەم مانگرتن لە خواردنە تەنیا ناڕەزایەتییەک نییە لە پشت میلەکانی زیندانەوە، بەڵکوو نەبەردێکە لەپێناو ژیان و کەرامەتی مرۆڤ و دادپەروەریدا. زیندانیانی قزڵحەسار بە ڕاوەستاویی خۆیان پێمان دەڵێن کە خۆڕاگریی زیندووە و دیواری ترس دەبێ تێکبشکێنرێت. زیندان، ئەشکەنجە و لەسێدارەدان، ناتوانێت ئیرادەی جەماوەر بۆ ئازادی تێکبشکێنێت. ئێستا کاتی ئەوەیە ئەم پەیامە بە دەنگێکی بەرزتر ڕابگەیەنین و بەربڵاوتری بکەین.
بۆ پێشەوە تا هەڵوەشاندنەوەی بەتەواوەتی سزای لەسێدارەدان و ئازادی سەرجەم زیندانیانی سیاسی
کۆمیتەیناوەندیحیزبیکۆمۆنیستیئێران
١٦یئۆکتۆبری٢٠٢٥
٢٤ی ڕەزبەری ١٤٠٤