له ڕۆژانی ڕابردوودا، ڕێكخراوه‌ی ژیانی سه‌وزی سه‌قز به بڵاو كردنه‌وه‌ی بانگه‌وازێك ڕایگه‌یاندبوو كه ڕۆژی هه‌ینی ٢١ی خه‌رمانان، ڕێپێوانێكی شاخه‌وانی به مه‌به‌ستی ڕێز گرتن له یادی شه‌هیدانی ژینگه به‌ڕێوه‌ده‌چێت، به‌ڵام به گوشاری ناوه‌نده ئه‌منیه‌كانی ڕژیم ئه‌م ڕێپێوانه هه‌ڵوه‌شێندرایه‌وه.
به پێی زانیارییه‌كان، له بانگه‌وازه‌كه‌دا ئاماژه به‌وه كراوه كه ئه‌م ڕێپێوانه به مه‌به‌ستی ڕێزگرتن له یادی شه‌هیدانی ژینگه‌ی كوردستان، له سه‌ر چیای چاقلی سه‌قز به‌ڕێوه ده‌چێت. به‌ڵام ڕێكخراوه‌ی ژینگه‌یی ژیانی سه‌وزی سه‌قز، شه‌وی پێنجشه‌ممه ٢٠ی خه‌رمانان به بڵاو كردنه‌وه‌ی به‌یاننامه‌یه‌ك، به بێ ئاماژه به هۆكاره‌كه‌ی، ڕایگه‌یاند كه ڕێپێوانه‌كه هه‌ڵوه‌شێندراوه‌ته‌وه. شایانی باسه له ڕۆژانی ڕابردوودا ڕژیمی كۆماری ئیسلامی و هێزه سه‌ركوتگه‌ره‌كانی هه‌موو هه‌وڵێكیان داوه له شار و شارۆچكه‌كانی كوردستان و به تایبه‌ت له شاری سه‌قز، به بۆنه‌ی نزیكبوونه‌وه به ساڵیادی گیانبه‌ختكردنی ژینای كوردستان، ڕێگە لە به‌ڕێوه‌چوونی هه‌موو چالاكییه‌كی خه‌ڵك بگرن و ئیزن ناده‌ن خه‌ڵك كۆببنه‌وه.