ڕۆژی چوارشه‌ممه ١٥ی گه‌لاوێژ، ئه‌رته‌شی عێراق كه‌مپی ئاواره‌كانی مه‌خمووری گه‌مارۆ دا و هه‌موو هاتووچۆوه‌كانی سنووردار كرد.
به وته‌ی چالاكانی سیاسی هه‌رێمی كوردستان، گەمارۆی عێراق لەسەر که‌مپی پەنابەرانی مەخموور گەیشتووەتە قۆناغێکی مەترسیدار، خەڵکی که‌مپەکە بەبێ ڕه‌زامه‌ندی ئه‌رته‌شی عێراق ناتوانن پێداویستی بکڕن، نەخۆشەکان بەبێ ئاگاداری ئه‌رته‌شی ئه‌و وڵاته ناتوانن سەردانی نەخۆشخانە بکەن، هه‌روه‌ها کرێکاران ده‌ستبه‌سه‌ر دەكرێن و کاسبکاران ناتوانن کەلووپەل ببەنە ناو کهمپەکەوە. ئه‌رته‌شی عێراق دەیەوێت کامپەکە چۆڵ بکرێت، دانیشتوانی کامپەکەش ناڕازین و دەیانەوێت چارەسەرێک بدۆزرێتەوە. خه‌ڵكی نێو كه‌مپی مه‌خموور ڕایانگه‌یاندووه كه تا کۆتایی شكۆ و كه‌رامه‌تیان دەپارێزن و سەر بۆ کەس دانانەوێنن.