سه‌ندیكای كرێكارانی شیركه‌ت واحدی تاران له به‌یاننامه‌یه‌كدا سیاسه‌تی سه‌ركوتگه‌رانه‌ی كۆماری ئیسلامی له قوتابخانه‌كان به توندی مه‌حكووم كرد.
له‌و به‌یاننامه‌یه‌دا هاتووه، سه‌ندیكای كرێكارانی شیركه‌ت واحدی تاران ڕێككه‌وتننامه‌ی نێوان وه‌زاره‌تی ئامووزش و په‌روه‌رش و هێزه ئینتزامییه‌كان بۆ چاودێری كردنی قوتابیانی كچ به توندی مه‌حكووم ده‌كات. ده‌ركردنی ئه‌و بڕیاره به واتای پێشێلكردنی مافی قوتابیانی كچ و زه‌وتكردنی ئه‌منیه‌تی ده‌روونی قوتابیان و مامۆستایان له ناوه‌نده‌كانی په‌روه‌رده‌یه. ده‌ستێوه‌ردانه‌كانی پۆلیس له كاروباری قوتابخانه‌كان قبووڵ ناكرێت و ئێمه ئه‌و بڕیاره به ده‌ستدرێژی بۆ سه‌ر چوارچێوه‌ی ئامووزش و ژیانی قوتابیان و موعه‌لیمان ده‌زانین. ئێمه وه‌كوو به‌شێك له چینی كرێكاری ئێران سه‌باره‌ت به كاریگه‌رییه‌كانی ئه‌و بڕیاره له سه‌ر داهاتووی منداڵه‌كانمان نیگه‌رانین و ڕایده‌گه‌ینین كه مه‌به‌ستی ڕژیم له‌و ڕێككه‌وتننامه‌یه، ئه‌منیه‌تی كردن ناوه‌نده‌كانی په‌روه‌رده‌یه و وه‌زیری ئامووزش و په‌ره‌ورش ئه‌بێ به زووترین كات ده‌ست له كار بكێشێته‌وه. هه‌روه‌ها داوا له هه‌موو ڕێكخراوه كرێكاری، سنفی و مه‌ده‌نییه‌كان ده‌كه‌ین، به ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی له به‌رانبه‌ر ئه‌و زۆڵمه دا ڕاوه‌ستن و پاڵپشتی له قوتابیان، موعه‌لیمان و كچانی كۆمه‌ڵگا بكه‌ن.