ڕۆژی دووشه‌ممه ١ی گوڵانی ١٤٠٤، یه‌كێتیه كرێكارییه‌كانی ئیتالیا له نامه‌یه‌ك دا كه بۆ باڵوێزی كۆماری ئیسلامیان ناردووه پشتیوانی خۆیان له وریشه مورادی، په‌خشان عه‌زیزی و شه‌ریفه محه‌ممه‌دی ده‌ربڕی و خوازیاری هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سزای سێداره‌یان بوون.
ده‌بیرخانه‌ی میللی یه‌كێتیه كرێكارییه‌كانی ئیتالیا له نامه‌یه‌ك دا كه بۆ محه‌ممه‌د سه‌بووری باڵوێزی كۆماری ئیسلامی له‌و وڵاته ناردووه خوازیاری ئازادی بێ شه‌رت و مه‌رجی ئه‌و سێ ژنه تێكۆشه‌ر بوون. له‌و نامه‌یه‌دا هاتووه، ڕاگرتنی ئێعدامه‌كان، وه‌لانانی تۆمه‌ته سه‌پێندراوه‌كان، ئازادی په‌خشان عه‌زیزی، وریشه مورادی، شه‌ریفه محه‌ممه‌دی و هه‌موو به‌ندكراوانی سیاسی، كرێكاری و مه‌ده‌نی، هه‌روه‌ها پێدانی ئازادی به ڕێكخراوه كرێكاری و سیاسییه‌كان ده‌بێته هۆی باشتربوونی پێوه‌ندییه‌كانی هه‌ر دوو وڵات. ده‌ستبه‌سه‌ركردنی نایاسایی، ئه‌شكه‌نجه و دادگاییكردنی نادادپه‌روه‌رانه‌ی ئه‌و سێ ژنه تێكۆشه‌ره و مه‌حكووم كردنیان به ئێعدام، پێچه‌وانه‌ی هه‌موو یاسا و ڕێسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه و ئێمه خوازیاری ئازادی بێ شه‌رت و مه‌رجیانین.