ڕۆژی هەینی چواری ئاوریلی ٢٠٢٥، بەرامبەر بە چواردەی خاکەلێوەی ١٤٠٤، لە ڕۆژمێری نەتەوە یەکگرتووەکان دا بە ڕۆژی جیھانیی هۆشیاری لەبارەی مین و هەوڵی دژ بە ئەو ناونراوە. ڕێوڕەسمەکانی تایبەت بەم ڕۆژە بە دروشمی “داهاتوویەکی ئەمن لێرەوە دەست پێدەکات” بەڕێوە دەچن. بەپێی ئاماری خودی ئەو ڕێکخراوە، مینەکان لە هەر کاتژمێرێکدا دەبنە هۆی گیانلەدەستدان یان بریندار بوونی کەسێک.
بەپێی لێکۆڵینەوە بەردەستەکان تا ساڵی ١٣٩٨، خاکی ٦٠ وڵاتی جیهان بە مین پیس بووە و خەڵکانێکی زۆر لەگەڵ کابووسی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم بکوژە بێدەنگانەدا دەژین. سێبەری شوومی هەر مینێک کە لە زەویدا دەچێنرێت، بۆ ساڵانێکی زۆر بەسەر دانیشتوانی ناوچە پیسبووەکانەوە دەمێنێتەوە. قوربانییە سەرەکییەکانی مینەکان، کە زۆربەی جار لەلایەن دەوڵەتەکانەوە لە کاتی شەڕەکاندا دەچێنرێن بریتین لە: سەربازان، منداڵان، کرێکارانی کۆکەرەوەی پاشماوەکانی ئاسن، جووتیاران، ئاژەڵداران و شوانە سنوورنشینەکان.
بەڵام لە هەندێک وڵاتی وەک ئێران، ڕژێم مینەکانی نەک هەر لە شەڕی ئێران و عێراقدا، بەڵکوو لە دژی پارتیزانەکان و کۆڵبەران لە سنوورەی ناوچە کوردنشینەکان لەگەڵ عێراق و تورکیا و هەروەها لە دژی سووختبەران لە سنوورە هاوبەشەکانی لەگەڵ ئەفغانستان و پاکستان داناوە.
ئێران دووەم وڵاتە کە زۆرترین مین لە سنوورەکانیدا لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕژێم یان سپای عێراقەوە دانراوە. بەپێی زانیارییەکان تا ساڵی ١٣٩٧، چل و دوو هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە لە سنوورەکانی وڵات لە شەڕی ئێران و عێراقدا بە جۆرەکانی مین و مادە تەقەمەنییەکانی تر پیس بوون و هەتا ئێستاش پاک نەکراونەتەوە. بە واتایەکی تر، دانیشتوانی پێنج پارێزگای ئێران لە ڕووبەرێکدا بە پانتایی وڵاتی سویس، بەردەوام لەگەڵ مەترسی مینە بەجێماوەکانی شەڕ بەرەوڕوون.
ڕۆژنامەی “ئیعتیماد” ساڵی ١٣٩٤ دوایین ڕاپۆرتی فەرمی خۆی سەبارەت بە پیسبوونی مین لە پێنج پارێزگای سنووریی، بەم شێوەیەی خوارەوە ڕاگەیاند. ئەگەرچی بەهۆی ئەوەی لەم وڵاتەدا ئامارێکی ورد سەبارەت بە زەوییە مینڕێژکراوەکان لەبەردەستدا نییە، دەبێت ژمارە ڕاگەیەنراوەکان هەندێک بە ورییایی و گومانەوە بەکار بهێنرێن:
خووزستان: یەک ملیۆن و ٣٨٠ هەزار هێکتار، ئیلام: زیاتر لە ٤٠٠ هەزار هێکتار، کوردستان: هەزار و ٤٨٠ هێکتار، کرماشان: ٦٩١ هەزار هێکتار و هەروەها ئازەربایجانی ڕۆژئاوا: ٥٩ هەزار هێکتار. پێشتر ساڵی ١٩٩٤ جێگری سیاسی–کۆمەڵایەتی پارێزگاری کوردستان وتبووی نزیکەی ١٥٠ هەزار هێکتار لە زەوییەکانی پارێزگای کوردستان، کە دەکاتە نزیکەی ١٤٪ی سنوورە هاوبەشەکانی پارێزگای کوردستان لەگەڵ وڵاتی عێراق، مینڕێژ کراون. چاندنی مین تا قووڵایی شارەکانی سنە و کامیاران بەرەوپێش چووە، بەڵام شارەکانی مەریوان، سەرواباد، بانە و سەقز، لەم بابەتەوە دوای کۆتایی شەڕی ئێران و عێراق، لە زومرەی پیسترین شارەکانن. سەرەڕای ئەم ڕاستییەش، کۆماری ئیسلامی نەچووەتە ناو کۆنوانسیۆنی قەدەغەکردنی مین و چەکە کۆمەڵکوژەکان. لەو کاتەوە کە “کۆنوانسیۆنی قەدەغەکردنی بەکارهێنان، کۆگاکردن، بەرهەمهێنان و گواستنەوەی مینە دژە کەسەکان و لەناوبردنیان” (ناسراو بە کۆنوانسیۆنی قەدەغەکردنی مینە دژە–کەسەکان) لە ساڵی ١٩٩٧ واژۆ کراوە، ١٦٤ وڵات پێوەی پەیوەست بوون. دەوڵەتەکان بە شێوەیەکی گشتی مینەکانیان لەکاتی شەڕەکاندا داناوە.
لەسەر بەستێنی قەیرانی پێکهاتەیی سیستەمی سەرمایەداری، ناکۆکییەکان لە جیهاندا لەنێوان دەوڵەتەکان و هەروەها ناکۆکی نێوان چینی کرێکار و بۆرژوازی و دەوڵەتەکانیان تا دێت زیاتر دەبێت. هەر ئێستا ئاگری شەڕە بە وەکالەتەکانی دەوڵەتە ئورووپاییەکان و دەوڵەتی ئەمریکا لە دژی ڕووسیا، شەڕی ئیسرائیل و ئەمریکا لە دژی هێزەکانی حەماس و بەزۆری فەلەستینییەکان لە غەززە و کەناری ڕۆژئاوا و هەروەها شەڕی ئەوان لە دژی حوثییەکان و خەڵکی یەمەن، بڵێسەی سەندووە و تادێت زیاتر پەرەدەسێنێت. جیا لەم ڕووبەڕووبوونەوانە، شەڕ لە چەندین وڵاتی دیکەش بەردەوامە. هەڕەشەکانی ئیمپریالیزمی ئەمریکا لە دژی چین و ئەگەری خراپکاری ئەو وڵاتە لە تایوان، هەڕەشەی ئەم دەوڵەتە ئیمپریالیستییە و ئیسرائیل لە دژی کۆماری ئیسلامی، زەمینەی هەڵگیرسانی شەڕی دیکەی فەراهەم کردووە. هەروەها بڕینی یارمەتییە ئەمنییەکانی دەوڵەتی ئەمریکا بۆ وڵاتە ئورووپاییەکان بەتایبەتی ئاڵمان، ئەو وڵاتە و چەند وڵاتێکی ئورووپایی دیکەی ناچار کردووە کە سەدان ملیارد دۆلار خەرجی هێزە سەربازییەکانیان بکەن. لە ئاوا بارودۆخێکدا شوێنێک بۆ دروشمی ئەمساڵی نەتەوە یەکگرتووەکان، واتە “داهاتوویەکی ئەمن لێرەوە دەست پێدەکات” بوونی نییە. ئەگەر لە ماوەی ساڵانی داهاتوودا شاهیدی ئاڵوگۆڕ و شۆڕش گەلێکی جەماوەریی ئەوتۆ نەبین، ڕێژەی شوێنە ئەمنەکانی ئێستای جیهان تەنانەت لەوەش کەمتر دەبێتەوە.