ڕۆژی دووشه‌ممه ٦ی ره‌شه‌مه‌ی ١٤٠٣، كرێكارانی ڕه‌سمی نه‌وت له ناوچه عه‌مه‌لیاتیه‌كانی جنووبی ئێران و خانه‌نشینكراوانی شیركه‌تی میللی نه‌وت له كۆبوونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌ش دا خوازیاری جێبه‌جێكردنی داخوازییه‌كانیان بوون.
كرێكارانی ڕه‌سمی نه‌وت و خانه‌نشینكراوان به به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی پلاكارد و وتنه‌وه‌ی دروشم خوازیاری وه‌لانانی سه‌قفی حه‌قده‌ست، وه‌لانانی ئاسته‌نگییه‌كانی به‌رده‌م سه‌نه‌واتی خانه‌نشینی، پێدانی مه‌زایا بڕاوه‌كان، گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و بڕه پاره له ساڵانی ڕابردوو وه‌كوو باج له‌سه‌ر حه‌قده‌سته‌كانیان كه‌م كراوه، به‌كرده‌وه‌ده‌رهاتنی ته‌واوی ماده‌ی ١٠ی یاسای ئه‌رك و به‌رپرسیاره‌تی پێرسۆنێلی نه‌وت، دابینكردنی بیمه‌ی ده‌رمانی و ئیمكاناتی ڕیفاهی، هه‌روه‌ها هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی بڕیاری ده‌وڵه‌ت بۆ تێكه‌ڵكردنی سندووقه‌كانی خانه‌نشینی بوون.