ڕۆژی سێشه‌ممه ٣٠ی ڕێبه‌ندانی ١٤٠٣، ٤ به‌ندكراو له زیندانه‌كانی “چووبینده‌ر“ی قه‌زوین، “ته‌ورێز” و “ده‌ستگرد“ی ئیسفه‌هان، به تۆمه‌تی “كوشتی به ئه‌نقه‌ست” و “په‌یوه‌ندیدار به مادده هۆشبه‌ره‌كان“، له سێداره دران.
به پێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ، به‌ندكراوێك به ناوی “حسێن عه‌لی یاری” ته‌مه‌ن ٣١ ساڵ، به تۆمه‌تی “په‌یوه‌ندیدار به مادده هۆشبه‌ره‌كان“، له زیندانی چووبینده‌ری قه‌زوین ئێعدا كرا. هه‌روه‌ها به‌ندكراوێكی دیكه به ناوی “به‌هرام ئه‌لماسی چایكهندی” ته‌مه‌ن ٤٠ ساڵ و خێزاندار، كه بۆ ماوه‌ی ١٠ ساڵه به تۆمه‌تی “كوشتنی به ئه‌نقه‌ست” له بهندخانهكانی كۆماری ئیسلامی‌دا به‌ندكراوه، له زیندانی ناوه‌ندی ته‌ورێز له سێداره درا. هاوكات دوو به‌ندكراوی دیكه به ناوه‌كانی “بۆرهان وهسیمۆڵڵاهی” ته‌مه‌ن ٣٢ ساڵه و شارومه‌ندی ئه‌فغانستان، “حه‌یده‌ر بابایی” ته‌مه‌ن ٤٠ ساڵ، به تۆمه‌تی “په‌یوه‌ندیدار به مادده‌ی هۆشبه‌ر“، له به‌ندیخانه‌ی ده‌ستگردی ئیسفه‌هان له سێداره دران.