ڕۆژانی پێنجشه‌ممه و هه‌ینی ١٨ و ١٩ی ڕێبه‌ندان، هێزه‌كانی ڕژیم له شاره‌كانی چابه‌هار و زاهیدان هێرشیان كرده سه‌ر خه‌ڵكی هه‌ژار و چه‌ند خانوویان ڕووخاند، له شارستانی سیب و سوران هێزه‌كانی سپای پاسداران هێرشیان كردووه‌ته سه‌ر سووختبه‌ران و ته‌قه‌یان به‌سه‌ر خه‌ڵك دا كردووه.
به پێی ڕاپۆرتی حال وه‌ش، خه‌ڵكی ناوچه‌كانی مورادئابادی چابه‌هار و مه‌نزل ئابی زاهیدان له ئاست هه‌ڵسووكه‌وتی وه‌حشیانه‌ی هێزه‌كانی ڕژیم ناڕه‌زایه‌تیان ده‌ربڕیوه و مه‌ئموورانی ڕژیم ناڕازیانیان به‌ردباران كردووه و چه‌ند كه‌سی به ساڵاچوو بریندار بوون. له‌لایه‌كی دیكه‌وه، هێزه‌كانی سپای پاسداران به‌دوای سووختبه‌رانی شارستانی سیب و سۆران دا كه‌وتوون و هه‌وڵی زه‌وتكردنی گاڵۆنه‌كانیان داوه، به‌ڵام خه‌ڵك به خۆپێشاندان ڕێگه‌یان له هێزه‌كانی ڕژیم گرتووه و پاسدارانی ڕژیم ته‌قه‌یان به‌سه‌ر ژن و منداڵی خه‌ڵك دا كردووه.
