کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بەهۆی بێ ئیعتینایی رژیمەوە، دارستانەکانی رۆژئاوای ئێران هەروا لە ئاگردا دەسوتێن

لە ماوەی ئەم دوو هەفتەی دواییدا هەموو رۆژێک هەواڵی نوێ لە ئەگر تێبەربونی دارستانەکانی رۆژئاوای ئێران بڵاو دەبێتەوە. بەهۆی ئەم ئاگر کەوتنانەوە بە هەزاران هێکتار دارستان لە ئوستانەکانی کوردستان، کرماشان و چوارمحاڵ و بەختیاری لەنێوچون.515ئیرنا هەواڵنێری رەسمی کۆماری ئیسلامی دیسانیش باس لە روودانی ئاگر کەوتنەوەیەکی بەرین لە داستانەکانی گیلانغەرب دەکات. ئاگر کەوتنەوەکە لە سه‌عات ١٢ی نیوەرۆی رۆژی پێنجشەممە دەستی پێکرد و تا سه‌عات ١١ی بەیانی رۆژی جومعه‌ لە بەشێکی بەرین لە دارستانەکان و لەوەڕگەکانی ئەم ناوچەیەدا بڵێسەی سەندوە. هەر ئەم هەواڵنێرییە لە درێژەدا دەڵێ کە لە سەرەتای مانگی گەلاوێژەوە تا ئێستا ١٢ حاڵەت ئاگر کەوتنەوە لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی گیلانغەرب روویداوە کە تا ئێستا زیاتر لە ٧٥ هێکتار لە دارستان و لەوەڕگەکان سوتاون و نزیکەی ٦ ملیارد تمەن خەسارەتی بەدوای خۆیدا هێناوە. هەروەها رۆژی ٢٨ی گەلاوێژ ئاگرێک لە دارستانەکانی کێوی باغلە لە ئوستانی لوڕستان کەوتەوە کە دوای ٥٤ سه‌عات بە کەرەسەی سەرەتایی وەک پێمەڕە و خۆڵ و خاک کوژێندرایەوە. لە ئاکامی ئەم ئەگر کەوتنەوەی پێنجشەممە ٢٩ ی گەلاوێژدا، زیاتر لە ٤٥ هێکتار لە ناوچە دارستانیەکانی هەڵکەوتو لە دەوروبەری شارەدێی حەیدەریە و چلە لە بەرزاییەکانی کەچەڵ و برکبود سوتاون. هەروەها رۆژی پێنچشەممە ٥ هێکتاری تر لە دارستانەکانی ناوچەی سەردەشت لە ئاگردا سوتاون.لەپاڵ هەواڵی پێوەندیدار بە ئاگر کەوتنەوەکاندا هەواڵ دێت کە دەزگا دەوڵەتیەکان یان بابەتەکە پشتگوێ ئەدەن و کوژاندنەوەی ئەگرەکە بە خەڵک دەسپێرن، یان زۆر درەنگ دەگەنە شوێنیەکە و کاتێکیش دەگەنێ ئیتر کار لەکار ترازاوە و خەڵک بە وەسایلی سەرەتایی کەمێک لە ئاستی زیانەکانیان کەم کردۆتەوە. لە چەند حاڵەت لەو ئاگر کەوتنەوانەی ئەم دواییەدا سپای پاسداران راستەوخۆ دەوری هەبووە. مانۆڕە نیزامیەکانی سپا بە تایبەت لە ئوستانی کوردستان هۆکاری ئاگر کەوتنەوەکان بووە.بەپێی راپۆرتە بڵاوکراوەکان، لە سەرەتای ئەمساڵدا ٩٨٣ هێکتار دارستان و لەوەڕگە لە ئوستانی کوهگیلویە و بویرئەحمەد، ٣٦٠ هێکتار دارستان و لەوەڕگە لە ئوستانی فارس، زیاتر لە سەد هێکتار دارستان لە ئوستانی لوڕستان و هەوەها ٣٥ هێکتار دارستان و ٧١٤ هێکتار لەوەڕگە لە ئەستانی کرمان لە ئاگردا سوتاون.لە ماوەی ئەم ٥٠ ساڵەی دواییدا، بەجێگای پەرەسەندنی فەزای دارستانی، یه‌ك سێهه‌می دارستانەکانی ئێران لەنێو چوون و ئەمەش لەحاڵێکدایە کە لەم ماوەیەدا جەمعیەتی ئێران گەیشتۆتە زیاتر لە ٣ بەرابەری پێشوی و زەریبی ئالودەگی هەواش تا چەند بەرابەر بەرز بۆتەوە. لەم ساڵانەی دواییدا کە تۆزی سەرچاوەگرتو لە هاتنی گەردیلەکان بۆ فەزای ئێران زیادی کردوە، لەنێوچونی ئەم دارستانانە دەور و نەخشێکی بنەڕەتییان لە پیستر بوونی کەش و هەوای شارەکانی رۆژئاوای ئێراندا هەبووە.بەپێی ڕاگەیاندنی سازمانی ملەل، ئێران لە بواری ئاگر کەوتنەوە لە دارستانەکاندا لە پلەی چوارەمی دنیادایە و ئەگەر ڕەوتی وێران بوونی دارستانەکانی حەوزەی زاگروس چ لە ئاکامی ئاگر کەوتنەوەدا و چ بەهۆی بڕینی دارەکانەوە بە ئامانجی قازانج پەرستانە، بەم خێراییەی ئێستای درێژەی هەبێت، تا ١٠ ساڵی داهاتوو ئاسەوارێک لە دارستانەکانی رۆژئاوای ئێران بەدی ناکرێت.لەگەڵ ئەوەدا کە بەرگرتن لە ئاگر تێبەربوونی دارستانەکان و کوژاندنەوەیان، بەجیدی لەبەرچاو ناگیرێ، لە هەمانحاڵدا کە بازاڕی سەوداگەری کردنی دارستان بە زەوی شیاوی فرۆشتن ڕەونەقی سەندوە. بڕینی دارەکان بۆ ساخت وساز، ویلا سازی و شارەک سازی و جادە سازی نیزامی و پادگان سازی لە چەند ساڵی ڕابردودا بەرەو زیاد بوون چووە. لەم مانگانەی دواییدا لە ڕاگەیەنەرەکانی ئێراندا لەپاڵ دەستەواژەی زەوی خۆریدا باس لە واژەی کێوخۆریش دەکرێت کە ئاماژەیە بە ویلا سازی لە ناوچە کوێستانیەکاندا.رژیمی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەم کارەساتە ژینگەییەدا بێ تەفاوەتانە هەڵسوکەوت دەکات. بوجە و ئیمکاناتی پێویست بۆ کوژاندنەوەی ئاگرکەوتنەوەکان تەرخان ناکات. بەر بە مانۆڕە وێرانگەرەکانی سپای پاسداران ناگرێت کە یەکێک لە هۆکارەکانی ئاگر کەوتنەوەن، بۆ چالاکی رێکخراوە مەدەنیەکانی پارێزەری ژینگە پەروەندە سازی دەکات و دیانخاتە زیندان. ئەم رژیمە نەتەنیا فەزای سیاسی ئێرانی پڕ لە خەفەقان کردوە بەڵکو هەناسەدانی بۆ خەڵکی ئەم وڵاتە لە كەش و هەوای سروشتی شارە گەورەکانیشدا دژوار کردوە. بەڵایەکی کە سیاسەتەکانی ئەم رژیمە بەسەر ژینگەی هێناوە، چەندان کەمتر نییە لە بەڵایەکی کە بەسەر هەموو خەڵکی ئێرانیدا هێناوە لە هەموو بوارەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا. کۆماری ئیسلامی نە تەنیا دوژمنی ئەمرۆی زۆربەی خەڵکی ئێرانە، بەڵکو دەست ئەندەکاری وێران کردنی بارودۆخی ژیانی نەوەکانی داهاتوشە.لە لۆژیکی ئەم ڕژیمەدا بێجگە لە هەوڵدان بۆ مانەوە و دابین کردنی بارودۆخی پێویست بۆ کەڵەکە کردنی سود و قازانجی سەرمایە هیچی تر جێی نابێتەوە. ئەوان تەنیا بیر لە پاراستنی حاکمیەتەکەیان دەکەنەوە جا بەهەر نرخێک بێت. ناکرێ چاوەڕوانێك لەم ڕژیمە هەبێت تا لە بودجەی دەیان میلیارد دۆلاری سپا و ئەڕتەش و دەزگا ئیتلاعاتی و ئەمنیەتیەکانی و هیتر بۆ باشتر کردنی بارودۆخی ژینگەی خەڵک کەم بکاتەوە. هەرچی تەمەنی ئەم رژیمە زیاتر بێت، بەرینایی و قوڵایی موسیبەتەکان زیاتر دەبێت. رزگار بوونی ژینگەی ئێرانیش لە گرەوی رزگار بوون لەدەست ئەم رژیمەدایە.