ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی بەفرانبار، کۆنفرانسێکی دوو ڕۆژە، لەژێر ناوی: کۆچی نوخبە زانستییەکان لە ئێرانی ئەمڕۆدا، ئاڵەنگاری و ڕێکارەکان، لە تاران دەستی پێکرد. کۆنفرانسەکە لەلایەن ئەکادیمی “ئەخلاق لە زانست و تەکنەلۆژیا“وە بەڕێوە چوو. بەشداربووان دوای کۆتایی کۆنفرانسەکە، بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەیان بە بەشێک لە ئاڵەنگاریەکانی کۆچی نوخبە ئەکادیمییەکانی سەرچاوەگرتوو لە سیاسەتی دەسەڵاتداران و ڕوانگە و ڕێبازی نەگۆڕی زاڵ بەسەر زانکۆکەداندا کرد. ئەوان لە بەیاننامەکەیاندا ئاماژەیان بە ئەمنییەتی بوونی کەشوهەوای زانکۆ، سنوورداربوونی ئازادییە ئەکادیمییەکان و داخراوبوونی ژینگەی زانکۆ، بەهۆی پەرەسەندنی کۆچی نوخبە ئەکادیمییەکانەوە کردووە. لەو کۆنفرانسە دوو ڕۆژەدا، بەشداربووان تیشکیان خستە سەر کۆمەڵێک لەو ڕاستیانەی کە کەسانی وشیار و لێکۆڵەر، زۆر زیاتر لەگەڵی ئاشنان. بەڵام بەم حاڵەشەوە ڕاستگۆیی وتاربێژانی بەشداربووی ئەو کۆنفرانسه فەرمییە، لەگەڵ سیاسەت و ئاراستەی ڕیفۆرمخوازانی حکوومەتیدا یەکدگرێتەوە. بەڵام ئەوان لە هەمان کاتدا وریای ئەوە بوون کە هیچ هێڵێکی سوور تێنەپەڕێنن. بۆ نموونە هیچکام لە وتاربێژان باسی ئەو ڕاستییە بنەڕەتییەیان نەکرد کە نەبوونی ئازادی، گەندەڵی و هەڵاواردن لە زانکۆکان، لە دیکتاتۆریەتی ئیسلامی سەرمایەدارانەی زاڵ بەسەر ناوەندە پەروەردەییەکان بە تایبەتی و کۆمەڵگا بە گشتی، سەرچاوە دەگرێت.
وتاربێژان، بوونی نوخبەی ئەم کۆمەڵگایەیان تەنیا لە خوێندەوارانی زانکۆدا دەبینی. ئەوان لەم کۆنفرانسەدا هیچ ئاماژەیەکیان بە پێشڕەوانی کرێکاری و ڕێبەرانی بزووتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئێستا نەکرد کە لە هەناوی خەباتێکی زیندوودا پەروەردە بوون و لە ڕاستیدا بزوێنەری بزاڤی ڕوو لە پێش و سەرمایەی بەنرخی ئەم کۆمەڵگایەن. یەکێک لە وتاربێژان وتی کە هەڵوەرینی سەرمایەی کۆمەڵایەتی، کەمبوونەوەی هیوا بە داهاتوو، هەڵاواردن و بێبەش بوون لە مافی ڕەوا و دادپەروەرانە، سنووردارکردنی ئازادییە کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگییەکانی (وەک هەوڵدان بۆ سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ)، دروستکردنی ئاستەنگ لەبەردەم پەیوەندییەکان،لەوانە (فلتەرکردن و نەبوونی ئیمکانی دەستڕاگەیشتن بە فەزای مەجازی)، پرۆسەی کۆچکردنی بەربڵاوتر و خێراتر کردووە. بە دڵنیاییەوە ئەمە تەنیا بەشێکە لە ڕاستییەکان، بەڵام پرسەکە زۆر لەوە ئەولاترە کە بەشداربووانی کۆنفرانسەکە بە پارێزەوە باسی دەکەن. کۆچبەرانوپەنابەرانیسیاسیبەشێوەیەکیگشتی،بەهۆیستەمکاری،سەرکوت،هەڵاواردن،نەبوونیهەلومەرجیژیانیئینسانی،
گەڕان بە دوای ئەمنییەت و هەلومەرجێکی باشتر بۆ ژیانی خۆیان و بنەماڵەکانیان، ئێران بەجێدەهێڵن. لە هەمان کاتدا ئاشکرایە کە بەشێک لەو کۆچبەرانەی ئێران جێدەهێڵن، هێزێکی کاری خوێندەوار و لێهاتوون. ئامارەکان دەریدەخەن کە تەنیا لە ئەمریکا، زیاتر لە نۆ هەزار پزیشکی ئێرانی کار دەکەن، ژمارەی پسپۆڕانی بوارەکانی دیکە لە ئورووپا و ئەمریکا بە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس مەزەندە دەکرێت. ئێستا لە جیهاندا کەمتر زانکۆیەک هەن کە تێیاندا مامۆستایانی ئێرانی وانە نەڵێنەوە. بە هەزاران پزیشک و پسپۆڕ، هەزاران ڕۆژنامەنووس، نووسەر، سینەماکار، پەرستار، زانای بوارە جۆراوجۆرەکانی زانست و خوێندکارانی نموونە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، ناچار بوون لە ئێران کۆچ بکەن.
لە کاتێکدا کە نەخۆشخانەکانی ئێران لەگەڵ کەمیی کارمەندی پسپۆڕ و لێهاتوو بەرەوڕوون، ئاست و کوالێتی خوێندن لە ناوەندەکانی پەروەردە دابەزیوە، ژینگە پێویستی بەپەلە و هەنووکەیی بە کەسانی پسپۆڕ و شارەزا هەیە، پەرەسەندنی بەردەوامی کۆچی ئەو توێژە خوێندەوارە، تێچوویەکی قورس بەسەر خەڵکی ئێراندا دەسەپێنێت. ڕێژیم نەک هەر هەوڵی کەمکردنەوەی کۆچی خوێندەواران لە ئێرانەوە نادادات، بەڵکوو بە کردەوە ڕێگەی بۆ خۆش دەکات. نیو ملیۆن ئاخووند و خوێندکاری کۆنەپەرست و مشەخۆری ئایینی، دەسەڵاتدارانی دز و گەندەڵ و هەروەها لات و چەقۆکێشە ئیسلامییەکان، وڵات بە موڵکی شەخسی خۆیان دەزانن، بەڵام لە ڕاستیدا وڵاتی ئێران هی خەڵکی ئێرانە و ئەگەر کەسێک بڕیارە وڵات بەجێبهێڵێت، ئەوا ئەو تاقمە دز و جینایەتکارەن کە دەستیان سوورە بەخوێنی خەڵکی ئێران و سەروەت و سامانی وڵاتیان تاڵان کردووە. ڕێژیمی ئیسلامی، ئێرانی کردووە بە دۆزەخێکی ڕاستەقینە بۆ بەشێکی زۆر لە دانیشتوانەکەی. پەرەسەندنی بەردەوامی کۆچبەران دەگەڕێتەوە بۆ ئیفلاسی سیاسی، فەرهەنگی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی مۆدێلی حکوومەتی ئیسلامی لە ئێران. بە ڕووخانی ئەم حکوومەتە کۆنەپەرستە، ئەو ملیۆنان کەسەی کە بە هۆکاری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری ناچار بوون کۆچ بکەن، بە ئەزموون و ئیمکاناتێکی بەرچاوی کە بەدەستیان هێناوە، دەتوانن ڕۆڵێکی جددی و کاریگەر لە ئاوەدانکردنەوەی وڵات و بنیاتنانی نیزامی ئازاد و یەکسان و تێروتەسەلی داهاتوودا بگێڕن.