کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

سەعید موڕتەزەوی جەنایەتکارێک کە لە دادگای رژیمی ئیسلامی تەبرەئە بوو

ژمارەی کەسانی بەدنێوی ناسراو لە رژیمی کۆماری ئیسلامیدا زۆرن و هەرکامە و بە هۆکارێکی تایبەت نێوبانگی جیهانیان بەدەست هێناوە. سەعید موڕتەزەوی، دادستانی پێشووی تاران و سەرۆکی پێشووی سازمانی تەئمینی ئیجتماعی ئێران، لە زومڕەی ئەو کەسانەیە. ناوبانگی موڕتەزەوی کاتێک عالەمگیر بوو، کە زارا کازمی هەواڵنێری ئێرانی ـــ کانادایی لەژێر ئەشکەنجەدا کوشت و لە بەرانبەریشیدا دەرەجەی ته‌رفیعی وەرگرت و پێگەی خۆی لە مقامی دادستانی تاراندا قایم کرد. دواتر کاتێک بە پاداشی جەنایەتێک کە لە ساڵی ١٣٨٨ دا لە زیندانی کەهریزەک کردبووی، کرایە سەرۆکی سازمانی ته‌ئمینی ئیجتماعی، سازمانێک کە غرقی پارە و سەروەت و گەندەڵیە، هەمووان بینیان کە چلۆن ئەحمەدی نژاد، بە گوێنەدانە بە ئاشکرای ئەفکاری گشتی، خزمەتەکانی بەبێ پاداش ناهێڵێتەوە. بەڵام هێندێک کات رژیمی ئیسلامی، لە ئاکامی باند بازیە نێوخۆییەکانیدا، یەخەی هێندێک لە مۆرەکانیشی دەگرێت و دەیانکاتە قوربانی. کاتێک لە بەدشانسی موڕتەزەوی چەند کەس لە قوربانیانی شکەنجەگای کەهریزەک لە منداڵانی مەنسووبینی نزیک لە رژیم دەرچون کە چوبونە ریزی خەڵکی خەباتگێڕەوە، کار کێشرایە شکایەت لێکردنی لە لای خامنەیی. لەوکاتەدا زۆر کەس پێیان وابوو کە موڕتەزەوی بووەتە قوربانی ئەم بەد شانسیەی خۆی. بەڵام وا دەرنەچوو.514بەپێی راپۆرتی دوێنێی تەلەویزیۆنی بی بی س، سەعید مورتەزەوی، دوای ماوەیەکی زۆر کە پەروەندەکەی لە بایەگانی دەزگای قەزایی رژیمدا مابوه‌وه‌، سەرئەنجام لەو تاوانانەی درابوونە پاڵی، تەبرەئە کراوە. ئەو تەنیا بەهۆی ئەوەیکە لە دەورەیەکدا لە مه‌جلیس رووبە نوێنەرەکان درۆی کردوە، بە دانی دوسەد هەزار تمەن واتا نزیکەی ٥٠ دۆلار جەریمەی نەغدی، وەک هەزینەی کاغەزی ئەو نامانەی کە لەمبارەیەوە ئه‌نجام دراون، کراوە! لە راپۆرتەکەی بی بی سی دا هاتووە: سەعید مورتەزەوی لەم ساڵانەی دواییدا، لەسەر پەروەندەی کوژرانی ژمارەیەک لە زیندانیانی گرتووخانەی کەهریزەک لە ساڵی ١٣٨٨دا و هەروەها لە پێوەند لەگەڵ خیلافکاری ماڵی لە سازمانی ته‌ئمینی ئیجتماعی، پەروەندەی قەزایی هەبووە. هەروەها کوژرانی زارا کازمی هەوالنێری ئێرانی ـــ کاناداییش لە پەروەندەکەیدا بوونی هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا سەعید مورتەزەوی بە چەند خیلافکاری و لەوانە دانی رشوە بە نوێنەرانی مەجلیس، کاربەدەستانی پلە بەرزی دەوڵەتی ئەحمەدی نژاد و هێندێک راگەیەنەر و هەروەها ئیمزا کردنی قەراردادی نایاسایی لەگەڵ بابەک زەنجانی، سەرمایەداری زیندانی تاوانبار بوو.سەعید مورتەزەوی کە ناسراوترین جەنایەتکاری سیستمی سەرکوتی دەزگای قەزایی ئێرانە، لە بیرەوەری هەموو شارۆمەندێکی ئێرانیدا وەک یەکێک لە بێ بەزەیی ترین جەللادەکانی کۆماری ئیسلامی دەمێنێتەوە. ئەو کە ساڵانێک لە سیستمی قەزایی ولاتدا پۆستگەلی جۆراوجۆری حقوقی لەوانە دادستانی تارانی لە ئەستۆ بووە، ناوبانگی بە دەرکردنی ئەحکامی ئێعدام، ئەحکامی قورس بۆ چالاکانی سیاسی، پەیڕەو کردنی شکەنجە لە کاتی بازجوییدا، ئامادە بوون لەبەردەم داری ئێعدام دا و چاودێری کردنی راستەوخۆی ئیجرای ئەحکامی ئێعدامە. ڕای گشتی دنیا، ئەو وەک قاتڵی هەواڵنێری وێنەگری ئێرانی – کانادایی زارا کازمی و جەنایەتەکانی گرتوخانەی کەهریزەک و رووداوەکانی کوی دانیشگا و داخستنی رۆژنامە و گۆڤارەکانی وڵات دەناسن.پەروەندەکەی سەبارەت بە ئەشکەنجەکان، دەستدرێژی و ئەو کوشتارانەی کە لە زیندانی کەهریزەک لە کاتی خەباتی دژی دیکتاتۆری خەڵک لە ساڵی ١٣٨٨ دا ئەنجام درا لە ئاستێکی جیهانیدا ئاشکرا کراوە. لەو ساڵەدا بە دەستوری راستەوخۆی خامنەیی گەلێک جەنایەتی گەورە لە زیندانەکاندا لەدژی خەڵکی تێکۆشەر و ناڕازی ئەنجامدرا. کەسانی دەوروبەری خامنەیی سەرەتا جەنایەتی گەورەی ئەنجامدراویان بۆ ٥ کوژراو لەژێر ئەشکەنجەدا و چەند حاڵەت دەستدرێژی جنسی لە زیندانی کەهریزەک کەم کردەوە و ئەوەشیان بە خەتای چەند کەسێک لەوانە مورتەزەوی لە قەڵەمدا. ئەو بەهۆی بڕیارە توند و جەنایەتکارانەکانی، بەردەوام لەلایەن خامنەییەوە پشتیوانی دەکرا. بەڵام ئەمجار گوشار و ناڕەزایەتی و نەفرەتی خەڵک بوو بە هۆی ئەوەی خامنەیی هێندێک خۆی لێ بەدوور نیشان بدات و بۆ ماوەیەک پشتیوانی لێ نەکات. بەڵام ئەم ئەرکەی لەو کاتەدا بە ئەحمەدی نژاد سپارد. ئەحمەدی نژاد ئەم قازیە مەنفور و بێزراوەی لە ئامێز گرت. ئەو سەرەتا کرا بە سەرۆکی ستادی ناوەندی خەبات لەدژی قاچاقی کالا و ئەرز، تا حیسابە بانکیەکانی پڕ بکات و دواتر بوو بە سەرۆکی سازمانی ته‌ئمینی ئیجتماعی. لە ئێستادا کە گوایە بارودۆخەکە هێور بۆتەوە، خامنەیی بڕیاری داوە کە کۆتایی بە یاری مشک و پشیلە لەگەڵ مورتەزەویدا بێنێ و پەروەندەکەشی لە دەزگای قەزایی وڵاتدا ببەستێ. بەڵام نە ئەم پەروەندەیە و نە پەروەندەی هیچکام لەو جەنایەتکارانەی کە دەستیان بە خوێنی لاوان و خەڵکی ئەم وڵاتە سورە، قەت نابەسترێ و لە سبەی رۆژی ئاخێز و راپەڕینی خەڵکدا بۆ سات بەساتی کردەوەکانیان وڵامدەرەوە دەبن. شکەنجەگای کەهریزەک و ئەوەی لە مەودای تەنیا چەند رۆژدا لەم گرتوخانەیەدا روویدا، یەکێک لە لاپەڕەکانی پەروەندەی قەبەی سەرتاسەر جەنایەتی ڕژیمی ئیسلامی لە هەڵسوکەوت کردن لەگەڵ زیندانیانی سیاسیە. دادگایی کردنی ڕاستەقینەی سەبەبکارانی رووداوەکانی زیندانی کەهریزەک و باقی زیندانەکانی ئەم رژیمە نەک دەست ئەندەرکارانی ئەم رژیمە کە خۆیان لە زومرەی سەبەبکارانی سەرەکی و ئامرینی ئەم کارەساتانەن، بەڵکو جەماوەری خەڵکێکی مافخواز و ئازارچێشتو بەڕێوەی دەبەن کە منداڵەکانیان لە خاوەرانەکاندا، بەبێ ناو و نیشان بەخاک سپێردراون. مورتەزەویەکان و ئەحمەدی نژادەکان و خامنەییەکان، ئەو جەنایەتکارانەن کە دەبێ یەکجێ و لەگەڵ سه‌رجه‌می نیزام و رژیم و سیستم و حکومەتەکەیان تێک بشکێندرێن، سەبارەت بەو جەنایەتانەی کردویانە دادگایی و سزا بدرێن.