ڕۆژی سێشه‌ممه ٤ی به‌فرانبار، كۆمه‌ڵێك له دانیشتووانی شاره‌كانی پرسووس، نه‌سیبه‌ین و تهربهسپی له باكوور و ڕۆژئاوای كوردستان له سێ چالاكی جیاجیادا خوازیاری ڕاگرتنی هێرشه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر كۆبانی، حه‌سه‌كه، منبج و ڕه‌قه بوون.
به‌پێی ڕاپۆرته‌كان، ده‌یان شارومه‌ندی باكووری كوردستان بۆ چه‌نده‌مین ڕۆژی به‌رده‌وام له سنووری كۆبانی مانیان گرت و هاوكات دایكانی ئاشتی و چالاكانی سیاسی له سنووری قامیشلوو له نه‌سیبه‌ین كۆبوونه‌وه و خوازیاری كۆتایی هێنان به سیاسه‌تی داگیركاری توركیا له ڕۆژئاوای كوردستان بوون. له شاری تهربهسپی ژنانی شۆڕشگێڕ چه‌كیان هه‌ڵگرت و پاڵپشتی خۆیان له هێزه‌كانی سووریای دیمۆكراتیك دووپات كرده‌وه و ڕایانگه‌یاند: ئاماده‌ن به‌رگری له خاك و سه‌ر و ماڵیان بكه‌ن. شایانی باسه كه كۆمه‌ڵێك له گه‌نجانی ئه‌نترناسیۆناڵ له شاری تورینی ئیتالیاش ڕۆژی ڕابردوو له‌به‌رده‌م سه‌فاره‌تی توركیا كۆبوونه‌وه و خوازیاری ڕاگرتنی هێرشه‌كان بۆ سه‌ر ڕۆژئاوای كوردستان و محاكمه‌ی به‌رپرسانی ده‌وڵه‌تی تورك به تۆمه‌تی كوشتنی ڕۆژنامه‌وانان و ده‌نگی ئازاد بوون.