کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ڕاگرتنی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە، ئەرکێکی بەپەلە و هەنووکەیی

11638977 940

 سبەی دووشەممە، ١٩ی سەرماوەز، بەرامبەر بە ٩ی دێسامبری ٢٠٢٤، لە ساڵنامەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، ڕۆژیپەیماننامەی قەدەغەکردن و سزادانی جینۆسایدە. ئەمساڵ یادی ئەم ڕۆژە لە دۆخێکدایە کە کابینە و ئەرتەشی ئیسرائیل بە بڕیاری دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە و بە هاوکاری ڕاستەوخۆی ئیمپریالیزمی ئەمریکا، بەردەوام خەریکی کۆمەڵکوژین لە غەززە. دەوڵەتەکانی ئینگلیس و فەڕانسە و ئاڵمانیش، بە پارە و چەک و زانیاری و پڕوپاگەندەی ناڕاست و پێشگرتن لە ئاکسیۆن و حەرەکەتە پشتیوانییەکانی هێزی دژە جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە، یارمەتی دەوڵەتی ئیسرائیل و ئەرتەشە جینایەتکارەکەی دەدەن. بەپێی دوایین بەیاننامەی بەرپرسانی تەندروستی غەززە، ڕۆژی هەینی ١٦ی سه‌رماوه‌ز، ژمارەی کوژراوانی فەلەستینی بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، گەیشتۆتە ٤٤ هەزار و ٥٣٢ کەس و ١٠٥ هەزار و ٥٣٨ کەسی دیکەش بریندار بوون. هەروەها ١٠ هەزار فەلەستینش بێسەروشوێنن کە لەژێر داروپەردوودا ماون و ئەرتەشی ئیسرائیل ڕێگەی نەداوە ڕزگاریان بکەن و پێویستە ئەوانەش بە ژمارەی کوژراوەکان زیاد بکرێن. دوو لەسەر سێی قوربانییەکان ژن و منداڵن، کە ئەرتەشی ئیسرائیل بەپێی پلان بۆتە هۆکاری کوشتنیان. بزووتنەوەی دژە شەڕ یەکەم هێز بوو کە ئەرتەشی ئیسرائیلی بە تاوان دژ بە مرۆڤایەتی و جینۆساید لە کەرتی غەززە تۆمەتبار کرد. ئەم بزووتنەوەیە لەلایەن دەسەڵاتە جۆراوجۆرە دژە مرۆڤەکانەوە کەوتووەتە بەر هێرش و لاواز کراوە، بەڵام ئێستاش بوار بۆ بەهێزکردنی هەیە. لە نێو دەوڵەتەکاندا، ئەفریقای باشوور یەکەم وڵات بوو کە ڕۆژی ٩ی سەرماوەز بەرامبەر بە ٣٠ی دێسامبری ٢٠٢٣ دەوڵەتی ئیسرائیلی بە ئەنجامدانی جینۆساید لە غەززە تۆمەتبار و لە دادگای نێودەوڵەتی سکاڵای لەسەر تۆمار کرد. ئەم سکاڵایە لە لایەن دەیان وڵاتی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەزار ڕێکخراو و یەکێتی و حیزبی سیاسی و کەسایەتییە چەپ و پێشکەوتنخوازەکانەوە، پشتیوانی لێکرا. دادوەرانی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان ڕۆژی ١ی سەرماوەز بەرامبەر بە ٢١ی نۆڤامبری ٢٠٢٤، فەرمانی دەستگیرکردنی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیری ئیسرائیل و یۆئاڤ گالانت، وەزیری پێشووی بەرگری ئیسرائیل و هەروەها محەممەد زەیف، فەرماندەی نیزامی حەماسی دەرکرد. بە وتەی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان، هۆکاری پێویست بوونی هەیە بۆ ئەوەی ئەم سێ کەسە بە تاوانباری جەنگ و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی، بناسرێن، ئێستا بە دەرکردنی ئەم بڕیارە، ١٢٤ وڵاتی ئەندامی ئەو دادگایە، ناچارن نەتانیاهۆ و گالانت و محەممەد زەیف دەستگیر بکەن.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی سەرماوەز بەرامبەر بە پێنجی دێسامبر، بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێکی ٣٠٠ لاپەڕەیی، دەوڵەتی ئیسرائیلی بەجینۆسایدلە دژی فەلەستینییەکان لە کەرتی غەززە تۆمەتبار کرد. ڕۆژنامەی هائارێس چاپی تەلئەبیب، ڕۆژی شەممە ٧ی دێسامبر بەرامبەر بە ١٧ی سەرماوەزی ١٤٠٣، نووسی: هێرشە ئاسمانییەکان لە هەندێک حاڵەتدا بووەتە هۆی کوژرانی چوار نەوە لە بنەماڵەیەکدا، لەوانە سەرجەم منداڵانی ئەو بنەماڵەیە کە لە ئاکامی بۆردومانی سەرپەناکانی نیشتەجێبوون گیانیان لەدەستداوە. هائارێس لە زاری ڕۆژنامەنووسێکی فەلەستینییەوە لە غەززە، نووسیویەتی، دەیان و بگرە لە هەندێک حاڵەتدا زیاتر لە سەد کەس لە بنەماڵەکانی نەسر، دەغمەش، سالم، میسری و ئەستەڵ لە غەززە کوژراون و ئەو بنەماڵانە بە تەواوی لە ئاماری دانیشتوانی فەلەستین دا سڕدراونەتەوە و هیچ ئاسەوار یان کەسێکیان نەماوە تاوەکو چیرۆکەکەیان بگێڕێتەوە. ئەم ڕۆژنامەیە بە پشتبەستن بە ئامارێک کە ڕۆژی ٢٦ی نۆڤامبر بڵاوکراوەتەوە، نووسیویەتی، لە نێوان دوو هەزار و ٢٨٧ بنەماڵە، ٩ هەزار و ٥٧٧ کەس گیانیان لەدەستداوە و تەنیا دوو کەس یان زیاتر لە ئەندامانی هەرکام لەو بنەماڵانە زیندوو ماون. ئەم ڕۆژنامەیە ڕوودانی جینۆسایدی لە غەززە پشتڕاستکردەوە.

پێویستە پێشوازی و پشتیوانی بکرێت لە هەر بزاڤ یان هەنگاوێکی گەورە و بچووکی کە لە لایەن ئۆرگانەکانی دادوەری، حیزبەکان، یەکێتییە کرێکارییەکان، ڕێکخراوە مرۆیی و سروشتدۆستەکان و کەسایەتییە پێشکەوتنخوازەکانەوە بەمەبەستی ڕاگرتنی جینۆساید لە غەززە هەڵبگیرێت. بەڵام جینۆسایدی خەڵک لەلایەن دەوڵەتی ئیسرائیل و بە پاڵپشتی وڵاتە ئیمپریالیستەکانی ڕۆژئاوا، بەشێکە لە پلانێکی گەورەتر بۆ دروستکردنی ڕێگەیەکی نێودەوڵەتی لە هیندستانەوە بۆ عەرەبستانی سعوودی و دوای تێپەڕین لە بەندەری حەیفا، بچێتە ناو غەززە و لەوێوە گرێبدرێت بە ڕێگاکانی ئورووپاوە. لە ئاستێکی بەربڵاوتردا، جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە کە بەبێ هاوکاری دارایی و چەک و چۆڵ و هەواڵگری و لۆجستیکی دەسەڵاتدارانی ئەمریکا نەدەکرا، بەشێکە لە نەخشەڕێگای ناتۆ، بەمەبەستی سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە جۆرێک کە دەوڵەتەکانی چین و ڕووسیا نەتوانن هیچ نفووز و کاریگەرییان تێیدا هەبێت. وا پێدەچێت کە دوای هێرشی دەوڵەتی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و لوبنان و ئێستاش پیلانگێڕیی هێرشی تەحریر شام، پرسی جێبەجێکردنی ئەو پلانە، جددی بووبێتەوە. لە هەلومەرجی قەیرانی پێکهاتەیی سیستەمی سەرمایەداریدا، کە لە وڵاتەکانی گرووپی ٢٠دا بەرچاوترە لە برێکس، بە خەبات و خۆڕاگریی، دەتوانرێت بەر بەم پلانە بگیرێت کە ساڵانێکە لە ئەرشیفی ئیمپریالیستەکانی ڕۆژئاوادا تۆزی لێنیشتووە. ئەوەی ئێستا زۆر پێویستە، بریتییە لە ڕاگرتنی جینۆساید لە غەززە و ناردنی هەموو جۆرە هاوکارییەک بۆ خەڵکی ئەو ناوچەیە و تەنیا بزووتنەوەیەکی دژە جینۆسایدی بەهێز و خاوەن پێشینە دەتوانێت ئەم ئەرکە گرنگە بە سەرەنجام بگەیەنێت.