٢٥ی نوامبر ڕۆژی جیهانی خەبات لە پێناو نەهێشتنی توندوتیژی دژ بە ژنانە. هاوکات ڕۆژی ڕێزلێنانە لە یادی سێ خوشکی خەباتکاری خەڵکی کۆماری دۆمینیکێن بە ناوەکانی ” پاتریا”، “مینرۆوا”، ” ماریاترێزا میرابڵ، کە ساڵی ١٩٦٠ لەلایەن ڕافائیل ترۆخیلۆ دیکتاتۆری نیزامیی دەسەڵاتداری ئەو وڵاتەوە کرانە قوربانی. بەڵام ڕۆژی ٢٥ی نوامبر بە دوو هۆکاری بنەڕەتیی، وەک ڕۆژی جیهانی خەبات لەپێناو توندوتیژی دژی ژنان، تەنیا لە چوارچێوەی پرسێکی ناوچەیی و لە ئاستی وڵاتێکدا نەمایەوە و ڕەهەندێکی جیهانی و نێونەتەوەیی بەخۆیەوە گرت، کە بریتین له، یەکەم: هاتنی بەربڵاوی ژنان بۆ ناو بازاڕەکانی کار و پەروەردە و چالاکییە کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسییەکان، کە لە پێویستی سروشتی سەرمایە بۆ چەوساندنەوەی هێزی کاری هەرزان و بەربڵاوی ژنان بە مەبەستی کەڵەکەکردنی سەرمایە و قازانج پەرستییەکی بێبەزەییانەوە سەرچاوە دەگرێت. بەڕێوەچوونی توندوتیژی جەستەیی، بەشێکە لەم چەوساندنەوە و بێبەزییە ئابوورییە. دووەم: بەرزبوونەوەی ئاستی وشیاری و خەباتی ژنان لە هەموو بوارەکانی بنەماڵە و ناوەندەکانی کار و کۆمەڵگەدا.
توندوتیژی دژی ژنان برینێکی بەناسۆرە کە بە پشتیوانی پەیوەندییە چینایەتییە پیاوسالارییەکان و پاڵپشتی بێ درێغی ئایین، جەستەی نیوەی کۆمەڵگای پێ زامدار دەکرێت. بەپێی ئامارە بەردەستەکان، ڕۆژانە ٧٠%ی ژنان لە سەر ئاستی جیهان، لەگەڵ توندوتیژی بەرەوڕوو دەبنەوە. بەگوێرەی ڕاگەیاندنی فەرمیی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، ساڵانە ٢٠٠ ملیۆن منداڵی کچی تەمەن پێنج بۆ ١٠ ساڵ “خەتەنە” یان بە واتایەکی تر کەم ئەندام دەکرێن و یەک ملیۆن ژنیش بەهۆی لەکەوتەکانییەوە گیانیان لەدەست دەدەن. ڕێژەی خۆکوشتن لە نێو ژناندا دوو هێندەی پیاوانە. لە هەر ١٢ چرکەدا ژنێک دەکەوێتەبەر توندوتیژی یان دەستدرێژیی دەکرێتە سەر. ملیۆنان کچی لاو لە سەرتاسەری جیهان، بەبێ ئەوەی مافی هەڵبژاردنیان هەبێت، ناچار بە هاوسەریی دەکرێن. ساڵانە زیاتر لە دوو ملیۆن ژن لە سەرانسەری جیهاندا، ناچار بە لەشفرۆشی دەکرێن و بیست هەزار ژن بە بیانووی شەرەف دەبنە قوربانی.
لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، یەکەم هەنگاوەکانی ستەم و سەرکوت، هەرلە سەرەتاکانی هاتنە سەرکاری ئەم ڕێژیمەوە لەدژی ژنان هەڵگیرا و پایە سەرەکییەکانی ستەمکاریی ئایینی و پیاوسالاریی، لەسەر جەستەی ژنان بنیات نرا. کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٤٦ ساڵی ڕابردوودا زۆر هەوڵیداوە کە بە پشت بەستن بە بیروباوەڕی ئایینی و داب و نەریتە ڕزیوە گیانسەختەکان، ژنان لە بەرامبەر یاساکانی سەرچاوەگرتوو لە ئایین و ستەم و سەرکوتدا بەچۆکدا بێنێ و بیانگەیەنێتە ئەو قەناعەتەی کە ئەو ژێردەستەییەی خۆیان وەک چارەنووسێکی چارەهەڵنەگر قبووڵ بکەن. ئەم دەسەڵاتە وەک یەکێک لە دژە ژنترین ڕژێمەکان، هەموو ئامرازەکانی ئایینی، یاسایی، پۆلیسی، زیندان و ئەشکەنجەی بەکارهێناوە بۆ ئەوەی ژنان هەروا بە ژێردەستەیی بهێڵێتەوە و بەمجۆرە تەواوی کۆمەڵگا وەک دیلی سیستەمی سەرمایەداری و دەسەڵاتەکەی، ڕابگرێت. ژنانی ئێران لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیەدا، هاوشانی چینی کرێکار، زۆرترین ستەم و سەرکوت و نەهامەتییان بە دەست ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە چەشتووە. بەڵام خەبات و خۆڕاگرییەکی کە ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز، کە هەر لە ١٧ی ڕەشمەی ٥٧، ڕۆژی جیهانی ژنەوە دەستیان پێکرد و لە شۆڕشی ژن، ژیان ئازادی“دا گەیشتە لوتکە، هەروا بەردەوامە. ژنانیئێرانلەمخەباتەبێوچانەدا،
بەوپەڕی فیداکارییەوە و بە شێوەیەکی بابەتیانە و بەکردەوە، ئازادیی پۆشینی جلوبەرگیان بەدەستهێناوە. کۆماری ئیسلامی بەوپەڕی داماویی و سەرلێشێواوییەوە هەوڵ دەدات شکستەکانی خۆی لەم بوارەدا بشارێتەوە، بەڵام ئەم هەوڵانە بێ ئاکام بوون و جیهان ڕۆژانە لە لاپەڕەکانی سۆشیال میدیاوە، شکستەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی لەم بوارەدا دەبینێت.
ژنانی خەباتکار و شۆڕشگێڕ و ژنانی کرێکار و ستەمدیتوو، هەرگیز تەسلیمی ئەو چارەنووسە نەبوون کە ڕێژیمی ئیسلامی بۆی دیاریکردبوون. هەر هەوڵێکی سەرکوتگەرانە و بێڕێزیکردنی ڕێژیم بەرامبەر بە ژنان، ئاگری ڕق و توڕەیی ئەوانی بڵێسەدارتر کرد. لە هەر شوێنێک خەبات و ناڕەزایەتییەک لە ئارادا بووبێت، ژنان ڕۆڵێکی سەرەکییان تێدا گێڕاوە. ئەمڕۆ لە شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی“دا، ئەم ڕۆڵە جێگە و پێگەی یەکەمی بەدەستهێناوە. لە ماوە ٤٦ ساڵی ڕابردوودا، خەبات لەپێناو دەستەبەرکردنی مافی یەکسان و ئینسانیی بۆ ژنان، بەردەوام یەکێک بووە لە مەیدانە سەرەکییەکانی خەباتی چینایەتی دژ بە سەرمایەداری و ستەم و سەرەڕۆیی ئایینی. پرسی ڕزگارکردنی ژنان لە کۆت و بەندەکانی پیاوسالاری و کۆیلایەتیی یاسا و ڕێسا ئایینییەکان، پرسێکی جیا نییە لە خەباتی چینی کرێکار لەپێناو ڕزگاربوون لە ستەم و چەوسانەوەی سەرمایەداریی. بە ئاگاداربوون لەم ڕاستییە و ناسینی میکانیزمەکانی ستەم و چەوساندنەوەی ژنان لە پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدایە کە دەتوانرێت خەبات و تێکۆشانی کاریگەر لە دژی ئەم نایەکسانییە کۆمەڵایەتییە بە ئاکام بگات. ئەم پرسە لە سەردەمی ئەو شۆڕشە شکۆدارەی کە ناوی ژینا بۆتە ڕەمز و هێمای، لە هەموو کاتێک پێویست ترە. دەستەبەرکردنی یەکسانی ژنان و پیاوان، تەنیا پرسی ژنان نییە، بەڵکوو ئەرکی ئینسانیی سەرجەم ئەو ژن و پیاوە ئازادیخواز و خەباتگێڕانەیە کە لەپێناو ڕزگارکردنی مرۆڤایەتی لە کۆت و بەندی ستەم و خەفەقان و چەوساندنەوەدا، خەبات دەکەن.
نەمان بۆ تووندوتیژی لەدژی ژنان
بژی ئازادی و بەرابەری
بژی سۆسیالیزم
کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
٢٢ی نوامبری ٢٠٢٤
٣ی سەرماوەزی ١٤٠٣