کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

چەکداماڵینی ڕاستەقینە تەنیا بە لەناوچوونی سیستەمی سەرمایەداری مومکین دەبێت

214857 634 1 792

بەپێی ساڵنامەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەموو ساڵێک لە ٢٤ بۆ ٣٠ی ئۆکتۆبەر وەک هەفتەی جیهانی داماڵینی چەک، کۆمەڵێک ڕێوڕەسم سەبارەت بە زیانەکانی شەڕ بەڕێوەدەچن. ئەم هەفتەیە، ساڵی ١٩٧٨ لە کۆبوونەوەی تایبەت بە داماڵینی چەک لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دیاریکرا. ئامانجی سەرەتایی پێنج ئەندامی سەرەکی ئەنجوومەنی ئاسایش کە خۆیان خاوەنی جبەخانەی ئەتۆمین، لە دانانی ئەم هەفتەیە و ڕێکخستنی بناغەکانی تری چەکداماڵین، وەک پەیماننامەی تایبەت بە چەکە تەقلیدییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، بریتی بوو لە ڕێگریکردن لە بوون بە خاوەن چەکی ئەتۆمی و بەهێزبوونی دەوڵەتانی دیکە. ئەوان لە هەمان کاتدا سەرەڕای ئەو خەبات و ناڕەزایەتییە بەربڵاوانەی کە لە دوای بۆردومانی ئەتۆمی هیرۆشیما و ناگازاکی لە ژاپۆن لەلایەن دەوڵەتی ئەمریکاوە و هەروەها لە ساڵەکانی دەیەی پەنجا و شەستی زایینی لە ئاستێکی جەماوەریدا، لەدژی بۆمبی ئەتۆمی و بەمەبەستی لەناوبردنیان لە ئارادا بوو، لەسەر بەستێنی شەڕی سارد، یارمەتی ئیسرائیل، کۆریای باکوور، هیندستان و پاکستانیشیانان دا بۆ ئەوەی بچنە ناو ڕیزی وڵاتانی خاوەن چەکی ئەتۆمییەوە. ئێستا دەوڵەتەکانی خاوەن چەکی ئەتۆمی و لە سەروویانەوە ئیمپریالیزمی ئەمریکا بە زیادکردنی بودجەی ناوەکی، توانایی ئەوەیان هەیە پێنج جار، ئیمکانی ژیان

لەسەرگۆیزەویلەناوببەن. هەر ئێستا کە شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکراین لە ئارادایە، ڕووسیا و ناتۆ گەلێک جار هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لەدژی یەکتر دەکەن و جیهانیان زۆر نیگەران کردووە.

بەڵام بەرپرسانی دەوڵەتەکان لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و لە پێشەوەی ئەوان، وڵاتانی خاوەن مافی ویتۆ و چەکی ئەتۆمی، لە زۆر ڕێککەوتننامەی قەدەغەکردنی چەکدا،  چەکی شیمیائی، چەکی سووتێنەری وەک ( فسفۆری سپی)، مینەکان، چەکی لەیزەری کوێرکەر، تەڵەی تەقینەوە و ئامرازە هاوشێوەکانی تریان مەنع کردووە، بەڵام جێبەجێی ناکەن. ئیمپریالیزمی ئەمریکا لە دارستانەکانی ویەتنامی باکووری ئەوکات، بە شێوەیەکی بەربڵاو بۆمبی سووتێنەری بەکارهێنا بە بیانووی لەناوبردنی پەناگەی ڤێتکۆنگەکان و دانیشتوانی گوندەکانی ناو دارستانەکانی، کۆمەڵکوژ و بریندار و ئاوارە کرد. هەروەها لە شەڕی نێوان ئێران و عێراق و شەڕی نیزامیانی دەسەڵاتدار لە میانمار لەدژی موسڵمانەکان، بە شێوەیەکی بەربڵاو چەکی شیمیائی بەکارهێنرا. ئێستا کە شەڕی نێوان ڕووسیا و ناتۆ لە ئۆکراین بەردەوامە و دەوڵەتی ئیسرائیلیش جینۆسایدی غەززەی توندتر کردووە،  لە دۆخێکدا کە ئاگری شەڕی نێوان ڕکابەرەکان لە سودان و کوشتاری ژنان و پیاوان و منداڵانی بێ دیفاع لە ئارادایە، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هیچ کارێکی لەدەست نایەت. هاوکات کە ئیمپریالیستە ڕۆژئاواییەکان پاساو و هۆکاری سیاسیی و ئابووریی گرنگیان هەیە بۆ بەردەوامیی شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پاکتاوکردنی خەڵکی فەلەستین و لوبنان، کۆمپانیا زەبەلاحەکان و کارگەکانی بەرهەمهێنەری چەک و چۆڵیان  قازانجێکی زۆر و زەوەند بەدەست دەهێنن و بەرتیلی گەورە بە سیاسەتمەدارە شەڕخوازەکان دەدەن.

هەربۆیە ئێستا جیهان زیاتر لە هەر کاتێکی تر لە بەردەم هەڵگیرسانی شەڕێکی گەورەی تردایە، وڵاتە جۆراوجۆرەکان لە هەوڵی بەهێزکردنی توانایی نیزامیی خۆیاندان و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی چەک و چۆڵ گرنگییەکی زیاتریان پەیدا کردووە. لە سەرەتای شەڕی ئۆکراین و دواتریش شەڕی غەززە و ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕێکی ناوچەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، خواستی وڵاتان بۆ دابینکردنی چەکی جۆراوجۆر، زیاتر بووە. بەپێی ڕاپۆرتێکی نوێ، لە کاتی هێرشی ڕووسیاوە بۆسەر ئوکراین، حەوت کۆمپانیای گەورەی بەرهەمهێنانی چەک لە ئورووپا و هەروەها شیرکەتە بەرهەمهێنەرەکانی چەک لە ئەمریکا، سوودێکی زۆریان بەدەستهێناوە. بەهای بازاڕی کۆمپانیا سەرەکییەکانی بەرهەمهێنەرانی چەک و کەرەستەی سەربازی لە ئەمریکا و ئورووپا لە ماوەی دوو ساڵ و نیوی ڕابردوودا و بەهۆی شەڕی ئوکراین و غەززەوە، بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. یۆرۆنیوز ڕایگەیاند: بەپێی توێژینەوەیەک کە لەلایەن دامەزراوەی ڕاوێژکاری دارایی و ستراتێژی (ئێکیۆرسی)یەوە ئەنجامدراوە، بەرهەمی حەوت کۆمپانیای سەرەکی ئەمریکا لەم پیشەسازییەدا و هەروەها هاوتا ئوروپاییەکانیانی، لە کاتی  دەستپێکردنی شەڕی ئوکراینەوە، نزیکەی ٦٠% زیادی کردووە. هیچ پەیماننامە و ڕێوڕەسمێک لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ناتوانێت کۆنتڕۆڵی ئەو شەڕانە و پەرەسەندنیان بکات. چونکە ئەو شەڕانە لەپێناو دەستەبەربوونی بەرژەوەندیی وڵاتە ئیمپریالیستی و سەرمایەدارییە گەورەکاندا دروست بوون، کە خۆیان بەسەر چارەنووسی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا زاڵن. ئەم شەڕانە ئاکامی قەیرانی پێکهاتەیی سیستەمی سەرمایەدارین و هیچ ئاوات و ئارەزوویەکی ڕواڵەتی یان ڕاستەقینەی سیاسەتوانان و بیرمەندانی بۆرژوازی، بۆ درووستبوونی کۆمەڵگایەکی دوور لە شەڕ و لێوانلێو لە ئاشتی لەم سیستەمەدا، نایەتەدی. ئەم ئاواتە تەنیا کاتێک دێتەدی کە سیستەمی سەرمایەداری وەک سەرچاوە و هاولفی شەڕ، لەناو بچێت و حکوومەتێکی سۆسیالیستی جێگەی بگرێتەوە. تەنیا کرێکاران و سۆسیالیستەکانی ڕێکخراو لەناو حیزبێکی ڕووناکبین، خاوەن دیسپلین و پشتبەستوو بە تیۆری سۆسیالیزمی زانستی دەتوانن، لە ڕێگەی قەناعەت پێکردنەوە، هەژموونی جەماوەریی بەدەست بهێنن و لە ڕێگەی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتییەوە ئەم سیستەمەی ئێستا بڕوخێنن و سیستەمێکی سۆسیالیستی دابمەزرێنن. لە کۆمەڵگایەکی ئەوتۆدا چیتر پێویست بە ڕاگەیاندنی هەفتەی بێ بنەمای چەکداماڵین ناکات.