کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

وتەیەک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی کچانی منداڵ

560830 354

ڕۆژی هەینی ١١ی ئۆکتۆبر بەرامبەر بە ٢٠ی ڕەزبەر، ڕۆژی جیهانیی کچانی منداڵ یان کچانی کەم تەمەن بوو. بەپێی دوایین لێکۆڵینەوەکانی یونیسێف کە لە ١٢٠ وڵاتدا بەڕێوە چووە، لە هەر هەشت کچ لە جیهاندا یەکێکیان بەر لە تەمەنی ١٨ ساڵی لەگەڵ توندوتیژی و دەستدرێژی سێکسی بەرەوڕوو بووەتەوە. ٣٧٠ ملیۆن کچ و ژنی خوار تەمەنی یاسایی لە سەرانسەری جیهاندا بوونەتە قوربانی ئەم دیاردەیە. بە وتەی یونیسێف، ئەگەر توندوتیژی سێکسی، زارەکی یان ئەو هێرشانەش لەبەرچاو بگرین کە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ڕوودەدەن، ئەوا لە هەر پێنج کچ لە سەرانسەری جیهاندا یەکێکیان کەوتووەتە ژێر کاریگەری ئەم کردەوە دژە ئینسانییەوە. بەپێی ئامارەکانی یونیسێف، توندوتیژی سێکسی لەدژی کچان بە هەندێک جیاوازییەوە لە سەرجەم وڵات و فەرهەنگەکاندا ڕوودەدات. ژمارەی قوربانیانی تووندوتیژی جنسی بەتایبەتی لە ناوچە شەڕلێدراو و قەیرانییەکاندا گەلێک زیاترە. بەیاننامەکەی یونیسێف ئەو جینایەتە بەربڵاوانە لەخۆ ناگرێت کە لە ناوچە جەنگییەکانی وەک ئۆکراین، غەززە، لوبنان، یەمەن و سودان لەدژی کچان ئەنجام دەدرێن. بێگومان لە هیچ کام لەم ناوچانە ئامارێکی ڕوون و دیاریکراو سەبارەت بەو ئازار و نەهامەتیانە بوونی نییە کە بەسەر کچەکاندا دەسەپێندرێت. بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی تەندروستی فەلەستین، ژمارەی کوژراوانی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە تا ١٠ی ئۆکتۆبر، جگە لە تەرمە جێماوەکانی ژێر داروپەردوو، گەیشتووەتە ٤٢ هەزار و ٦٥ کەس و ٩٧ هەزار و ٨٨٦ کەسیش برینداربوون. دوو لەسەر سێی ئەو قوربانیانە ژن و منداڵن، کە بە ئەنقەست و لەسەر بنەمای سیاسەتێکی ڕەگەزپەرستانە کراونەتە ئامانج. تا ئێستا ئامارێکی دروست لە ژمارەی منداڵانی قوربانیی لەبەردەستدا نییە. لەبەر ئەوەی بەردەوام ئامارەکانیان لەگەڵ ژنانی گیانبەختکردوو ڕادەگەیەنرێت. ڕۆژی ١ی مارس، کابینەکەی بایدن بۆ یەکەمجار ئامارێکی سەبارەت بە قوربانیانی دەستدرێژیی ئەرتەشی ئیسرائیل بۆسەر غەززە بڵاوکردەوە. بەپێی ئەو ئامارە کە لەسەر زاری لۆید ئاستین وەزیری بەرگری ئەمریکاوە بڵاو کراوەتەوە، ئەرتەشی ئیسرائیل لە ٧ی ئۆکتۆبەرەوە تا بەرواری بڵاوبوونەوەی ئەو ڕاپۆرتە، زیاتر لە ٢٥ هەزار ژن و منداڵی لە کەرتی غەززە کوشتووە. گەلێک ڕاپۆرتی ناخ هەژێن بڵاوکراوەتەوە سەبارەت بە شێوازی گیانلەدەستدانی منداڵانی غەززە و هەروەها ئەو منداڵانەی کە یەکێک لە دایک و باوکەکانیان یان هەردووکیان لەدەستداوە. ژمارەی ئەم منداڵانە ٢٠ هەزار کەس مەزەندە کراوە. ئەگەرچی هەندێک لە ڕێکخراوە چالاکەکانی بەهاناوەچوونی منداڵان لە غەززە، ژمارەی منداڵانی بێ سەرپەرشت تەنانەت بە ٥١ هەزار منداڵ دەخەمڵێنن.

لە شەڕی ئۆکراینیش دا، ژمارەیەکی زۆر منداڵان و لەوانە کچانیش بوونەتە قوربانی کە ژمارەیان نادیارە. ئەو ڕاپۆرتانەی کە لەبەردەستدان زۆرتر ئەو منداڵانە دەگرێتەوە کە لەلایەن بەرپرسانی ڕووسیاوە بەمەبەستی ڕاهێنانیان گواستراونەتەوە بۆ ڕووسیا یان وڵاتی بێلاڕوس. هیچ زانیارییەکی ئەوتۆ و سەربەخۆ لەبەردەستدا نییە بۆ ئەوەی بزانرێت کە ئایا ئەو منداڵانە بە زۆر گواستراونەتەوە یان لەسەر ویستی خۆیان و بنەماڵەکانیان بووە. شەڕ جگە لە قوربانی بوون، ئەزموونی تاڵی بینینی مەرگی ئازیزان، وێرانی و بێبەشبوون لە خوێندن و عەشق و خۆشەویستی، بێ ئاسۆیی، برسێتی و نەخۆشی و زۆر شتی تری لەم چەشنەی بۆ منداڵان بەدیاری هێناوە.

لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامیدا، کچانی کەم تەمەنی بنەماڵە هەژارەکان، کچانی بێبەش لە خوێندن، کچانی کەم تەمەنی کار و سەر شەقام، لەگەڵ هەموو جۆرە ئازار و نەهامەتییەکی جەستەیی و دەروونی بەرەوڕوون. بوونی یاسا و ڕێسای کۆنەپەرستانە و دژە ژنی ئیسلامی و فەرهەنگی پیاوسالاری زاڵ بەسەر کۆمەڵگادا، کێشە و نەهامەتییەکانی ئەو کچانەی دوو هێندە کردووە و لەگەڵ مەترسیی کەوتنە داوی باندەکانی بازرگانی مرۆڤ و ماددە هۆشبەرەکانیش بەرەوڕووی کردوونەوە. کچانی کەم تەمەنی بنەماڵە هەژار و کەم دەرامەتەکان، تەنانەت ئەگەر نەچنە ناو بازاڕی کاریشەوە، بەهۆی هەژاری بنەماڵەکانیانەوە، لە تەمەنێکی کەمدا بە پێچەوانەی ویستی خۆیان بە شوو دەدرێن. جگە لەو هەموو بێبەشی و ناعەداڵەتیانە، لە ڕێژیمی ئیسلامیدا هاوسەرگیری کچانی تەمەن ٩ ساڵان بەپێی شەریعەت ڕێگەپێدراوە و سەرەڕای بوونی یاسایەکی جیاواز، دایک و باوکەکان دەتوانن کچانی تەمەن ٩ ساڵ و سەرووتر بە شوو بدەن. جگە لەم کێشەیەش، بەشێک لە هاوسەرگیرییەکانی کچانی ئێرانی و بەتایبەت کچانی کەم تەمەنی ئەفغانستانی، لە هیچ شوێنێک تۆمار ناکرێت و بەم هۆیەوە لەگەڵ ئازار و مەینەتیەکی زیاتر بەرەوڕوو دەبنەوە. ئەو کچە کەم تەمەنە بەشوو دراوانەی کە دەبنە دایک، لەگەڵ کۆمەڵێک کێشەی فرە ڕەهەند بەرەوڕوو دەبنەوە. بەپێی ئاماری ناوەندی زانیاریی ڕێکخراوی باری کەسێتی ڕێژیم، ساڵانە نزیکەی ١٥٠٠ بۆ دوو هەزار کۆرپە لە دایکانی خوار تەمەنی ١٥ ساڵ لە ئێران لەدایک دەبن. ئەو هاوسەرگیرییانەی کە هەلومەرجێکی شەرمەزارانەی لەم چەشنە بەسەر کچانی کەم تەمەندا دەسەپێنێت، لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان جۆرێکە لە دەستدرێژی بۆسەر منداڵان و بە کردەیەکی تاوانکارانە دادەنرێت، بەڵام ئەم تاوانە ئەمڕۆ لە کۆماری ئیسلامیدا، پرسێکی یاسایی و ئاساییە. ئەو ستەمە بنەڕەتییەی بەسەر منداڵانی کچدا دەسەپێندرێت، بەشێکە لە ستەمی چینایەتی لە کۆمەڵگا بۆرژوازییەکاندا و بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆتر دەبێ وەک بەشێک لە ستەم لەسەر ژنان لەقەڵەم بدرێت. ئەم ستەمانە لە نیزامی سەرمایەدارییەوە سەرچاوە دەگرێ و تەنیا بە لەناوچوونی ئەو نیزامە، دەتوانرێ کۆتایی پێبێت، بەڵام نەهێشتنی بەشێک لەو ستەم و ئازارانە و هەروەها دەستەبەرکردنی بەشێک لە مافەکانی ژنان، هەر ئێستاش دەکرێ بەسەر دەوڵەتە سەرمایەدارییەکاندا بسەپێندرێت. دابینکردنی ئەو مافانەش بە خەباتی یەکگرتووانەی سەرجەم مرۆڤە شەریف و ئازادیخوازەکان  مومکین دەبێت و پێویستە بۆ بەدیهێنانی ئەو مافانە هەوڵ بدرێت.