لە هەواڵەکانی دوێنێدا هاتبوو کە بەپێی وتەی سەرۆکی خانەی سەنعەت و مەعدەنی ئوستانی ئیسفەهان، داخرانی هەزار و ٤٠٠ یەکەی سەنعەتی سەنگبڕی لە شارەکی سەنعەتی مەحمودئابادی ئیسفەهان حەتمی بۆتەوە. لە ماوەی رۆژانی ڕابردودا کرێکارانی ئەم یەکانە کە زمزمەی داخرانی ئەم کارگایانەیان بیستبوو، بەهۆی نائەمنی پیشەیی و نیگەرانی لە بێکار بوون لە حاڵی مانگرتندا بوون، تا ئەوەی کە سەندیکای خاوەنکاران بڕیاریدا ئەم کارگایانە بە تەواوی تەعتیل بکات. نزیکەی دوو حەفتە لەوەپێش محەممەد حەجارزادە سەرۆکی یەکیهتی کارگا سەنگبڕیەکانی ئوستانی تاران وتبووی: “سەرجەم ئەندامانی یەکەکانی سەنگبڕی ئێران بەهۆی ناڕەزایەتی لە وەرگرتنی ماڵیات لهسهر زێندهبایی داخراون بەشێوەیەک کە لە رێكهوتی ٢١ و ٢٣ی مانگی رابردۆوە یەکەکانی ئۆستانی ئیسفەهان و تاران داخراون. قومیش لەمرۆوە و لوڕستان لە هەفتەی ڕابردوەوە یەکەکانی خۆیان داخستوە، بە گشتی لە ئێستادا لە کۆی ٦ هەزار یەکە و کارگای سەنگبڕی، ٥ هەزار و ٥٠٠ واحیدیان داخراوە.” هەواڵنێری دەوڵەتی ئیسناش رۆژی دووشەممە ١٢ی ئەم مانگە ڕایگەیاند کە : “١٦٠ هەزار کرێکار کە لەم کارگایانەدا کار دەکەن بێکار دەبن و لە ٥٠٠ کارگاشیاندا حەقدەستی چەند مانگیان پەرداخت نەکراوە.”هۆکاری داخرانی ئەم سەنگبڕیانە، زیاد بوونی ماڵیات بەر ئەرزشی ئەفزودە، ڕکودی شەدیدی بازاڕ، زیاد بوونی هەزینەی بەرهەمهێنان لەوانە زیاد بوونی نرخی بهرقی مەسرەفی، قەیرانی کەم ئاوی، زیاد بوونی نرخی گازی مەسرەفی، لەم یەکانەدا ڕاگەیەندراوە. لەسەریەک کەڵەکە بوونی ئەم کێشە و گرفتانە بەگشتی دەبنە هۆی ئەوەیکە خاوەنکاران سودی جێی سرنج بەدەست نەهێنن و مایلن سەرمایەکەیان بگوازنەوە بۆ مەیدانێکی پڕ داهات و پڕ قازانج تر. بەڵام ئەگەر بۆ سەرمایەدار راوەستانی کار لە یەکێک لە مەیدانەکاندا بەواتای فەعالیەت لە مەیدانێکی دیکەدایە، بۆ کرێکاران داخرانی کارخانە بەم واتایەیە کە سەرجەم ژیانی خۆی و بنەماڵەکەی کەوتۆتە مەترسیەوە.
ئەوەی کە لەم نێوانەدا بەرپرسانی ڕژیم و خاوەنکاران گوێی نادەنێ، بێکار بوونی ١٦٠ هەزار کرێکاری سەنگبڕیەکانە، واتا لەنێو چوونی تەنیا سەرچاوەی دابین بوونی بەڕێچونی نزیکەی ٧٠٠ هەزار کەس لە کرێکاران و بنەماڵەکانیان. بە سرنجدان بەوەی کە زۆربهی ئەم کارگایانە لە ڕیزی کارگا چکۆلەکاندان، کرێکارانی بێکار کراویان لەژێر چەتری بیمە و باقی مادە نیوبەندەکانی قانونی کاری رژیمیشدا نین. نە خاوەنکار و نە هیچ ناوەندێک لە رژیم لە بەرانبەر ژیانی کرێکارانی بێکار کراودا بەرپرسیاریهتی قەبوڵ ناکەن و کرێکارەکان بەبێ بەهرەمەند بوون لە هیچ پشتیوانییهك، لەداوی بێکاری و لەبەردەم هەموو جۆرە ئاسیبێکی کۆمەڵایەتیدا وێڵ دەکرێن.
دەوڵەتی حەسەن رۆحانی تێپەڕ بوون لە ڕکودی ئابووری و باشتر بوونی بارودۆخی ژیانی خەڵکی ئێرانی لە گرەوی تەوافوقی هەستەیی لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوایی و لاچونی تهحریمه ئابووریەکاندا باس دەکرد. تەوافوقێک کە بەپێی وەعدەکانی ئەو، قەرارە ئیعتیمادی سەرمایەگوزارانی رۆژئاوایی بۆ سەرمایەگوزاری کردن لە ئابووی پشوو لەبەر بڕاوی ئێران رابکێشێ. بەڵام ئەگەر ڕاکێشانی سەرمایەگوزاری خاریجی بەسترابۆوە بە تەوافوقی هەستەییەوە، بۆ ڕاکێشانی سەرمایەگوزاری نێوخۆیی ئیتر چاوەڕێی تەوافوقی ههستەیی نەبوون. گرفتی ئەو سەنگبڕیانەی کە بەم شێوەیە بەکۆمەڵ دادەخرێن، کەمبوونی سەرمایەی خاریجی نییە. مەعدەنی بەرد لە پاڵ بەردبڕیەکاندا بوونی هەیە و هێزی کاری هەرزان و چەوساندنەوەی توندی کرێکارانیش ئیمکانپەزیرە. ئاو و بەرق و گازیش کە لە پێداویستیەکانی کارگا سەنگ بڕیەکانن، بەبێ نیاز بە لاچونی تەحریمەکان دەبێ بەردەست بن، کەوایە چۆنە کە دەوڵەتی رۆحانی لە ڕێکخستنی مەیدانێکی بەرتەسکی ئابووری ئەم وڵاته، کە هەموو پێداویستەیکانی سازماندەهی و بەڕێوەبردنی لەنێوخۆدا فەراهەمە، بەم شێوەیە داماوە و ناتوانێ رەوتی داخرانی سەنگبڕیەکان ڕابگرێت؟
کاتێک کۆماری ئیسلامی بەدەست دابین کردنی ژێرخانە سەرەتاییە پێویستەکانەوە بۆ سەرمایە گوازاری لە مەیدانێکی بەرتەسکی وەک کارگا سەنگبڕیەکاندا داماوە، کاتێک بەهۆی کەمبونی ئاو و بەرق و گازەوە ئەم کارگایانە کە مەیدانێکی بەرهەمهێنانی جێکەوتوشن، بەرهو داخران دەچێت، رۆحانی چۆن دەیەوێ ئێران بکاتە بەهەشتی سەرمایە گوزارانی دەرەکی بەو شێوەی کە وەعدەی داوە؟ ئەگەر قەرارە سەرمایەگوزارانی خاریجی بڕژێنە ئێرانەوە و لە دەرفەتێکدا کە ڕژیم بۆیان فەراهەم دەکات دەست بدەنە کۆکردنەوەی سود و قازانج، کەوایە دەسپێکی ئەم جەریانە بەستراوەتە بە ژێرخانێکی ئابووری بەهێزەوە لە بوارەکانی وەک ئاو و بەرق و جادە و ڕێگای ئاسن و بەندەرگا و خزمەتگوزاری شاری و هیترەوە. بەڵام هەموو ئەم بوارانە لەمرۆدا ناتەواو و ناکاران و پێویستیان بە نوێژن کردنەوە هەیە. کاری بنیات نان و یان نوێژن کردنەوەی ژێرخانەکان، ئەگەر بە فەڕز لە توانایی سیستمی ئیداری و حقوقی گەندەڵ و ناکارای ڕژیمیشدا بێت، کە نییە، تازە ئەمەش ئەگەر ئەنجام بدرێت لەباری زانستیەوە پێویستی بە داڕشتنی بەرنابەی درێژماوە و کاتی زۆر هەیە. بەڵام گۆشاری ئابووری بۆسەر ژیانی کرێکاران و زۆربەی خەڵک بەشێوەیەک زۆرە کە مەجالێک بۆ دانی دەرفەتی جێی سرنج و نیازی ڕژیمی نەهێشتۆتەوە.
لە بەرانبەر ئاوا بارودۆخێکدا چینی کرێکار هیچ چارەیەکی بێجگە لە خەبات و خۆراگری نییە. بێ گومان درێژەی ئاوا بارودۆخێک کۆمەڵگای ئێران بەرەو گەشە و پەرەسەندنی ناڕەزایەتی و مانگرتنی بەرینی کرێکاری پاڵپێوە دەنێت. بەڵام مەرجی سەرکەوتن لەم مەیدانەدا، هاوئاهەنگ بوون و یەکگرتنی ئەو خەباتە پڕژوبلاوەیە کە بەردەوام لە ئارادایە و ئەنجامدانی وەها کارێکی گەورە، بە دهخاڵەتی ڕاستەخۆی کرێکارانی پێشڕەو و کاری هاوبەشی هەڵسوراوانی کرێکاریی بە ئاکام دەگات.